هێزەكانی سوپاى عیراق، پەیكەری زەردەشت شنگالی، فهرماندهی پێشوی یهكینهكانی بهرخودانی شنگالیان لە ناوەندی قەزاكە لابرد، كە بڕیاربوو سبەی شەممە لە رێوڕەسمێكدا پەردەی لەسەر لاببرێت.
زەردەشت شنگالی، كە فهرماندهی گشتی یهكینهكانی بهرخودانی شنگال بوو، لە 15ی كانونی دووەمی 2020 لەگەڵ سێ شەڕڤانی تر گیانیانلەدەستدا كە هەر چواریان ئێزیدی بون. ئەوەش بەهۆی بۆردومانی بارەگایەكیان لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە.
ئازاد حسێن، جێگرى هاوسەرۆکى دەستەى ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەرى شنگال بە (کەرکوک ناو)ى وت "پەیكەرەكە لە ناوەندی شنگال و لەلایەن ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال، دانرابوو، بڕیاربوو لە 15ی ئەم مانگە لە رێوەڕەسمێکدا پەردە لەسەر پەیکەرەكە لابدرێت، بەڵام شەوى رابردوو هێزێكی فرقەی 20 سوپاى عیراق پەیكەرەكەیان هێنایە خوارەوە".
"پەیکەرەکە نەشكێنراوە و هێرشی نەكراوەتەسەر، تەنیا لە شوێنی دانانی هێنراوەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی پێ نەگەیەنراوە"، ئازاد حسێن وایوت.
جەختیشیكردەوە "هەندێک ناکۆکى لە نێوان ئێمە و سوپاى عیراق لەسەر ئەم پرسە دروستبووە و لە هەوڵداین چارەسەری بکەین، خەڵکى شنگال و ئەنجومەنى خۆبەڕێوەبەرى سورە لەسەر ئەوەى پەیکەرەکە لەو شوێنە دابنرێتەوە".
یهكینهكانی بهرخۆدانی شنگال (یهبهشه) و ژمارەیەك هێزی تری نزیك لە پەكەكە، لە ساڵی 2015 لە شنگال و ناوچەكانی دەوروبەری جێگیربون و پێكهێنران، ئەوەش دوای هێرشی داعش بۆ ئەو قەزایە و بە ئامانجگرتنی ئێزیدییەكان.
هەرچەندە له ساڵی 2018دا بەشێكیان له زۆربهی ناوچهكانی قهزای شنگال بهرهو سوریا كشانهوه، بهپێی رێككهوتن لهگهڵ حكومهتیی عیراقی. بەڵام بەشێكی یەبەشە هێشتا ماونەتەوە و مۆلەتی مانەوەی حكومەتی عیراقیان پێدراوە.
ئەم هەنگاوەی سوپای عیراق، دوا ئەوە دێت كە لە 12ی كانونی یەكەمی 2021، گرژی لە نێوان سوپای عیراق و ژمارەیەك گەنجی ناحییەی سنونێ لە شنگال رویدا و بەهۆیەوە ژمارەیەك هاوڵاتی و سەربازێكی سوپای عیراقی بە سوكی برینداربون.
پێكدادانەكە لەوەوە سەرچاوەی گرت، كە خەڵكی ناحیەی سنونێ دژی بۆردومانەكانی سوپای توركیا گردبونەوە و دواتر سەركێشا بۆ داواكردن بۆ لابردنی مەفرەزەیەكی سوپا لە ناوەندی ناحییەكە.
دوای ئەوەش دادگای لێكۆڵینەوەی نەینەوا، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دوو گەنجی ئێزیدی شنگال بە یاسای تیرۆر دەردكرد.