خێوەتەكەیان با بردی
كەرەڤانە بۆ خوێندكارانی قوتابخانەیەكی شنگال دادەنرێت

نەینەوا/ كانونی دوەمی 2022/ قوتابخانەی داستان لە قەزای شنگال كە لە خێوەت و خانویەكی تەواونەكراودا دەوام دەكەن فۆتۆ: رێخراوی سەنرایز

عەمار عەزیز – نەینەوا

خوێندكارانی قوتابخانەی داستان لە شنگال خوێندن دەستپێدەكەنەوە، بەڵام ئەمجارە لەژێر كەرەڤانەدا، دوای ئەوەی خێوەتەكەیان با بردی.

19ـی كانونی یەكەمی 2022 لەكاتی رەشەبا و شەپۆلی سەرمادا؛ قوتابخانەیەكی بنەڕەتی لە ناوەندی قەزای شنگال بە تەواوی داڕوخا، كە لە خێوەت و هەیكەل پێكهاتبوو، بەڵام بڕیارە خوێندكاران لە ناو قوتابخانەیەكی نوێدا دەوام دەستپێبكەنەوە.

بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كاتی روداوەكە، خوێندكارانی ئەو خوێندنگەیە، تەنیا فریای هەڵهاتن دەكەون تا زیانیان پێنەگات.

ڤیدیۆ: كانونی دوەمی 2022/ خێوەتەكانی قوتابخانەی داستان لە شنگال بەهۆی رەشەباوە دەروخێن

قوتابخانەی داستان (سەر بە خوێندنی كوردییە) پێكهاتبوو لە خانویەكی تەواونەكراو و چەند خێوەتێكی كۆن كە دەوروبەری 117 خوێندكاری كچ و كوڕی تێدابوو.

حازم كۆچۆ، بەڕێوەبەری قوتابخانەی داستان لە شنگال بە (كەركوك ناو)ـی وت "قوتابخانەكە خێوەت و بینای تەواونەكراو بوو، بۆیە سوپاسی رێكخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكان دەكەین كە توانییان هاوكاری پەروەردەی قەزاكە بكەن تا قوتابخانەكە بە دانانی كەرەڤانە نۆژەنبكەنەوە و هانی خوێندكارانیش بدەن زیاتر حەز بە خوێندن بكەن".

قوتابخانە نوێیەكە لە شەش پۆل پێكهاتووە، كەرەڤانە و كابینەیە، لەلایەن رێكخراوە ناوخۆیی و بیانییەكانەوە بە هاوكاری پەروەردە لە مانگی تشرینی دوەمی ساڵی رابردودا دەست بە دروستكردنی كراوە و تائێستا نزیكەی سەدا 98ـی تەواو كراوە.

حەماد حەجی، لێپرسراوی پەیوەندییەكانی رێكخراوی سەنرایز بۆ گەشەپێدانی كۆمەڵگەی مەدەنی –رێكخراوێكی ناوخۆییە لە شنگال- بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەو قوتابخانەیەی روخا لە خێوەت دروستكرابوو، سەرباری ئەوەی سەرمایەكی زۆر لەو ناوچەیە هەیە، بەڵام مامۆستایان بە ئیرادەیەكی بەهێزەوە بەردەوامبون لە فێركردنی خوێندكاران و لەو بارودۆخە خراپەشدا دەوامیان دەكرد".

272023291_442333794261575_3182041957119099285_n
نەینەوا/ كانونی دوەمی 2022/ قوتابخانەی نوێی داستان لەكابینە و كەرەڤانە پێكهاتوە فۆتۆ: رێكخراوی سەنرایز

پرۆژەی دروستكردنی قوتابخانە نوێیەكە بە پاڵپشتی دارایی حكومەتی ژاپۆن و لەڕێی رێكخراوی (JFP)ـی ژاپۆنییەوە تەرخانكراوە.

حەجی دەڵێت قوتابخانە نوێیەكە هەموو پێداویستییەكانی بۆ تەرخانكراوە و ئامادەیە دوای كۆتاییهاتنی پشوی وەرزی یەكەمی خوێندن لە 31ـی ئەم مانگەدا بەڕوی خوێندكاراندا بكرێتەوە.

له‌ قه‌زای شنگال؛ دوو په‌روه‌رده (كوردی و عه‌ره‌بی) هه‌ن، به‌ هه‌ردوكیان زیاتر له‌ 54 هه‌زار خوێندكاریان هه‌یه‌ و به‌شێكی زۆریان هێشتا له‌ كه‌مپ و ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا ئاواره‌ن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT