لیژنەیەك لە پەرلەمانتاران و ئیدارەی كەركوك، لە هەوڵدان بۆ مانگی داهاتوو نرخی هەر ئەمپێرێك كارەبا سێ بۆ چوار هەزار دینار كەمبكەنەوە، هەرچەندە خاوەنی مۆلیدە ئەهلییەكان جەختدەكەنەوە لەوەی ئەگەر گۆڕانكاریی لە كارەبای نیشتیمانی و بڕی پێویستی گازدا نەكرێت، گۆڕانكاریی لە نرخدا قبوڵناكەن.
بۆ مانگی كانونی دووەم، نرخی ئەمپێرێك كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان لە نێوان 12 هەزار و 500 بۆ 15 هەزار دینار بوو، ئەوەش نیگەرانی هاوڵاتیانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەدوایخۆیدا هێنا و وایكرد ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران و قایمقامیەتی كەركوك هەوڵبدەن بۆ مانگی داهاتوو نرخەكەی كەمتر بكەنەوە.
وەفا یاسین، خانمێكی كەركوك، وتی كە نرخەكەی زۆرە و لە توانای زۆر خێزاندا نییە، "جگەلەوەش هەموو رۆژێك بە تایبەت لە شەودا كاتژمێرێك پشوو بۆ مۆلیدەكان دەدرێت، ئەمە لەكاتێكدایە ئێستا وەرزی تاقیكردنەوەكانە وخوێندكاران بەشەوان سەعی دەكەن".
خەتای ئێمە نییە كە 15 هەزار دینار بۆ هەر ئەمپێرێك دیاریكراوە
لە كانونی دووەمدا، مۆلیدە ئەهلییەكان لە نێوان 300 بۆ 350 كاتژمێر كارەبایان بە هاوڵاتیانداوە و كارەبای نیشتیمانیش رۆژانە نزیكەی 100 كاتژمێر بووە، ئەوەش بەپێی وتەی قادر ئەنوەر، یەكێك لە خاوەن مۆلیدە ئەهلییەكان بۆ (كەركوك ناو).
ئەو وتی "جگە لەوەی گاز گرانە، كارەبای نیشتیمانیش كەمە، خەتای ئێمە نییە كە 15 هەزار دینار بۆ هەر ئەمپێرێك دیاریكراوە".
ئیدارەی كەركوك بۆ هەر كاتژمێرێك كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان، بڕی 20 لیتر گازی بۆ تەرخانكردون، ئەوەش بە نرخێكی كەمتر لە نرخی بازاڕ. لە بازاڕدا نرخی یەك لیتر گاز بە 600 تا 625 دینارە.
قادر ئەنوەر، وتی "ئەو گازەی حكومەت پێماندەدات بەشی 300 كاتژمێر كارەبا ناكات، ناچار دەبێت لە بازاڕ گاز بكڕین، ئەوەش زۆر لەسەر ئێمە دەكەوێت".
ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە سەباح زەنگەنە، یەکێک لە نوێنەرانی کەرکوک لە پەرلەمانی عیراق، سەردانی قایمقامیەتی كەركوكی كرد، بۆ پرسی نرخی مۆلیدە ئەهلییەكان.
ئەو بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو نرخەی دیاریكراوە بۆ هەر ئەمپێرێك بۆ كانونی دووەم هیچ گۆڕانكاریی تیاناكرێت، تەنانەت نەتوانرا بە زیادكردنی بەشە گازی مۆلیدە ئەهلییەكان، لە 10 لیترەوە بۆ 20 لیتر هیچ گۆڕانكارییەك دروستبێت، چونكە بەهۆی كەمی كارەبای نیشتیمانییەوە، ئەو بەشە گازەی دانراوە، تەنیا بەشی 80 کاتژمێر پێدانی کارەبای مۆلیدەكان دەكات".
بەپێی بەدواداچونەكانی (كەركوك ناو) هاوڵاتیانی كەركوك لە 24 كاتژمێردا، نزیكەی هەشت كاتژمێر كارەبایان نییە.
لە ئێستا 733 مۆلیدەی ئەهلی لە گەڕەكە جیاوازەكان دانراون.
ئامانج ئەوەیە نرخی هەر ئەمپێرێك سێ بۆ چوار هەزار دینار كەمتر بكرێتەوە
سەباح زەنگەنە، وتی "لیژنەیەک پێكهاتووە لە ئیدارەی كەركوك، قایمقامیەت و پەرلەمانتاران بۆ ئەوەی رێگە چارەیەك بدۆزرێتەوە تا مانگی داهاتوو ئەو نرخە دوبارەنەبێتەوە... لیژنەكە لەگەڵ كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان كۆدەبێتەوە و ئامانج ئەوەیە بۆ مانگی شوبات نرخی هەر ئەمپێرێك سێ بۆ چوار هەزار دینار كەمتر بكرێتەوە".
بەڵام قادر ئەنوەر، خاوەنی مۆلیدەیەكی كەركوك، وتی "پێموایە تا بڕی كارەبای نیشتیمانی زیادنەكرێت، دۆخەكە ناگۆڕێت، چونكە ئەوە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە".
پێشتر سەرچاوەیەكی ئاگادار لە فەرمانگەی دابەشكردنی كارەبای كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "هۆكاری سەرەكی كەمبونەوەی كاتژمێرەكانی كارەبای نیشتمانی ئەوەیە؛ كەركوك پێویستی بە 950 مێگاوات هەیە بەڵام ئێستا رۆژانە ئەوەی پێیدەگات ناگاتە 350 مێگاوات".
جگە لە بەرهەمهێنانی وێستگە گازییەكان، كەركوك پشت بە كارەبای وەبەرهێنەرێكی هەرێمی كوردستان دەبەستێت، كە چەند ساڵێكە گرێبەستی لەگەڵ ئیدارەی شارەكەدا كردووە و چەند مانگێكە بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، وەبەرهێنەرەكە كارەبا دابینناكات، بێ ئەوەی هۆكارەكەی ئاشكرابكات.