شەش بنكەی ڤاكسین بۆ 16 كەمپی ئاوارە

كەركوك/ تەمموزی 2018/ كەمپێكی ئاوارەكان لە دەوروبەری كەركوك. فۆتۆ: كەركوك ناو

عەمار عەزیز - دهۆك

"من ئاوارەم و لە كەمپ دەژیم، دەمەوێت ڤاكسینی كۆرۆنا وەربگرم، بەڵام لەناو كەمپدا بنكەی وەرگرتنی ڤاكسین نییە"، حەمدى ئەحمەد (18ساڵ)، یەكێكە لەو سەدان ئاوارەیەی عیراق كە بە ئاسانی دەستی بە ڤاكسین ناگات و لە چاوەڕوانی حكومەتدان كارئاسانیان بۆ بكەن.

حەمدی ئاوارەیەكی ئێزیدی نیشتەجێی كەمپی مام رەشانە لە قەزای ئاكرێ لە پارێزگای دهۆك، لە كەمپەكە بنكەی تایبەت بە پێدانی ڤاكسین نییە و ئاوارەكانی ئەو كەمپە، لەوانەش حەمدی ئەحمەد، دەبێت بۆ وەرگرتنی ڤاكسین بچنە كۆمەڵگەی مەهەت كە 10كم لە كەمپەكەوە دورە. یان قەزای شێخان كە 17كم لە كەمپەكەوە دورە.

ئەو كە خوێندکاری ئامادەییە، دەڵێت "نەبونی بنكەی پێدانی ڤاكسین لەناو كەمپ، هۆكاربووە بۆ ئەوەی تائێستا ڤاكسین وەرنەگرم، ئەمە بۆ زۆرێك لە ئاوارەكانی تریش راستە". زیاتر وتی "ئەگەر لەناو كەمپەكەمدا بنكەی پێدانی ڤاكسین هەبێت، من و دەیانی تر ئامادەین وەریبگرین".

ئەگەر لەناو كەمپەكەمدا بنكەی پێدانی ڤاكسین هەبێت، من و دەیانی تر ئامادەین وەریبگرین

نزیكەی هەزار و 100 خێزان لە كەمپی مام رەشان دەژین و زۆرینەیان ئێزیدین، بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، كەمتر لەسەدا 20ی دانیشتوانەكەی ڤاكسینیان وەرگرتووە.

حەمدی وتی "ئەگەر بنكەی پێدانی ڤاكسین لەناو كەمپدا هەبێت، دڵنیام رێژەكە بۆ لەسەدا 50 بەرزدەبێتەوە".

سێڤى حەمو سلو (25ساڵ)، ئاوارەیەكی ترە بەڵام لە كەمپی باجێد كەنداڵا لە قەزای سێمێڵ لە پارێزگای دهۆك نیشتەجێیە، ناچار بووە بۆ وەرگرتنی ڤاكسین، بچێتە ناحیەی سنونێ لە قەزای شنگال – شوێنی نیشتەجێبونی بەر لەوەی ئاوارە بێت-. ئەوەش بەرلەوەی لە كەمپەكەیدا بنكەی پێدانی ڤاكسین بكرێتەوە.

"ئەوکاتەى من ڤاکسینم وەرگرت لە مانگی ئابی رابردوو، بنکەى وەرگرتنى ڤاکسین لە کەمپەکەماندا نەبوو، ناچاربوم لەگەڵ خێزانەکەم بچینە سنونێ و لەوێ ڤاکسینمان وەرگرت، بڕی 50 هەزار دیناریشم لە هاتوچۆدا خەرجكرد".

لە سەرەتای مانگی رابردودا حكومەتی هەرێم، بنكەی پێدانی ڤاكسینی لە كەمپەكەی سێڤی حەمو كردەوە.

سێڤی وتی "كردنەوەی بنكەی تایبەت بە پێدانی ڤاكسین، هەنگاوێكی زۆر باشە".

camp.xankee
دهۆك/ كانونی دووەمی 2022/ `ژنێكی ئاوارە، ناسنامەكانی پێشكەش دەكات بۆ وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا، لە بنكەیەكی پێدانی ڤاكسین لە كەمپی خانكێ. فۆتۆ: راگەیاندنی تەندروستی

بەپێی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم، هێشتا زیاتر لە 664 هەزار ئاوارە لە هەرێمی كوردستاندا هەن و بەشێكیان لە 26 كەمپ لە هەرێمی كوردستاندا دەژین، كە 16 كەمپیان لە پارێزگای دهۆكن.

لەو ژمارەیەی ئاوارە سەدا 30یان ئێزیدین، لەسەدا حەوتیان كریستیان، لەسەدا 10ی كەمینەكانی ترن. ئەوانی تر لە نەتەوەی كورد و عەرەبی سوننەن.

لە بەشێكی ئەو كەمپانەی ئاوارەكان لێی دەژین، هێشتا بنكەی تایبەت بە پێدانی ڤاكسین نەكراوەتەوە.

ئەو ئاوارانەی فەرمانبەرن و حكومەت ناچاری كردون ڤاكسین وەربگرن، بۆ وەرگرتنی ڤاكسین چونەتە نزیكترن بنكەی تەندروستی لە دەرەوەی كەمپەكە.

موراد ئەلیاس (42ساڵ)، خەڵکى ناحیەى گرعوزێرە لە قەزای شنگال و نزیکەى هەشت ساڵە لە کەمپى بێرسیڤ یەک لە زاخۆ دەژیت و ئاوارەیە، وتی "هێشتا لەم كەمپەی ئێمەدا بنكەی تایبەت بە پێدانی ڤاكسین نییە، چوار مانگ لەمەوبەر چوینە زاخۆ و ناومان بۆ وەرگرتنی ڤاكسین تۆماركرد، بەڵام ناومان هەر نەهاتەوە".

بەڵام لە كەمپی بێرسیڤی دوو، بنكەی پێدانی ڤاكسین كراوەتەوە و بە ئۆتۆمبێل 15 خولەك لە كەمپی بێرسیڤی یەكەوە دورە.

بەوتەی موراد، بەشێك لە خەڵكی كەمپەكە دەچن لە كەمپی (بێرسیڤی دوو) ڤاكسین وەردەگرن.

سەعدوڵا عەبدوڵا، جێگرى بەڕێوەبەرى کەمپى چەم مشکۆ لە سنورى قەزاى زاخۆ - زۆرینەی هەر زۆری دانیشتووانی كەمپەكە ئێزیدین-، بە (كەركوك ناو)ی وت "زۆرجار داوامان لە دەزگا پەیوەندیدارەکان کردووە، بنکەیەکى ڤاکسین لە کەمپى چەم مشکۆ دابنێن، بەڵام تائێستا نییە، بەناچاری ئاوارەکانی ناو کەمپ دەچنە شارى زاخۆ بۆ وەرگرتنى ڤاکسین".

بەناچاری ئاوارەکانی ناو کەمپ دەچنە شارى زاخۆ بۆ وەرگرتنى ڤاکسین

 كەمپەكە لە ناوەندی قەزای زاخۆوە 10 كیلۆمەتر دورە.

بەپێی ئیدارەی كەمپی چەم مشكۆ، چوار هەزار خێزان لەو كەمپەدا دەژین.

وتیشی "ئەو ئاوارانەى ڤاکسین-یان وەرگرتووە، بەشى زۆریان فەرمانبەر یان  پێشمەرگەن، بەڕاستی رێژەی وەرگرتنی ڤاكسین لە كەمپەكاندا زۆر كەمە". بەڕای ئەو نەبونی بنكەی تایبەت بە ڤاكسین لە بەشێك لە كەمپەكان یەكێكە لە هۆكارەكان.

لە پارێزگای دهۆك، 189 هەزار و 424 ئاوارە و پەنابەر لە 21 كەمپدا دەژین، تائێستا بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆك، 42 هەزار و 282 ژەمە ڤاكسین دابەشكراوە. هەندێكیان ژەمێك و هەندێكیان دوو ژەمیان وەرگرتووە.

لەو 16 كەمپەی تایبەت بە ئاوارەكان لە پارێزگای دهۆك هەن، 10 كەمپیان لە قەزای سێمێڵ-ن، چواریان لە قەزای زاخۆ، لە هەردوو قەزای ئاكرێ و ئامێدیش یەكی یەك كەمپ هەیە.

یه‌كه‌م به‌شه‌ ڤاكسینی كۆرۆنا، له‌ جۆری سینۆفارمی چینی لە ئاداری 2021 گه‌یشته‌ عیراق، دوابەدوای ئەوە هه‌ردوو جۆری ڤاكسینی فایزه‌ر و ئه‌سترازێنیكاش گەیشتە بنكه‌ و نه‌خۆشخانه‌كان، بەڵام لە ئێستادا ڤاكسینی جۆری فایزەر بەربڵاوترینە لە عیراق.

vacsin
بەغدا/ 2ی ئازاری 2021/ كارمه‌ندانی نەخۆشخانەكانی تایبەت بە توشبوانی كۆرۆنا لە رەسافە، یه‌كه‌م ژه‌مه‌ ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرت. فۆتۆ: راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی

حەمزە محەمەد، لێپرسراوى راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى پارێزگاى دهۆک بە (کەرکوک ناو)ی وت "تائێستا شەش بنکەى وەرگرتنى ڤاکسین لەناو کەمپی ئاوارە و پەنابەراندا كراونەتەوە، چوار بنكە لەناو ئاوارەكان و دوو بنكەی تر لەناو پەنابەراندا".

جەختیكردەوە لەوەی بەردەوامن لە كردنەوەی بنكەی زیاتر و وتی "لەم هەفتەیەدا بنکەی نوێ لە کەمپى دۆمیز دوو دەكرێتەوە".

لەگەڵئاماژەدان بەوەی وەك چارەسەرێكی كاتی، تیمی گەڕۆكیان دروستكردووە، تا بنكەی زیاتر لە كەمپەكان دەكەنەوە.

دکتور فەرهاد ئیسماعیل، بەڕێوەبەرى بەشى خۆپاراستن لە بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى دهۆک، جەختیكردەوە لەوەی كە ئەوان لە هەوڵدان بۆ گرنگیدانی زیاتر بە ئاوارەی نێو كەمپەكان، "ئەوان بەریەککەوتنیان لەگەڵ یەكتردا زۆرە و زوتر توشی كۆرۆنا دەبن، هەر رێکخراو یان لایەنێک سەردانمان بکات یەکەمجار پێى دەڵێین هاوکاریمان بکەن بۆ کردنەوەى بنکەى ڤاکسین لەناو ئاوارەکاندا".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT