جێگری پارێزگاری نەینەوا:
دەستلەكاركێشانەوەی قایمقامی موسڵ پەسەندكرا

زوهێر موحسین ئەعرەجی (ناوەڕاست)، قایمقامی قەزای ناوەندی موسڵ فۆتۆ:پەیجی ناوبراو لە فەیسبوك

عەمار عەزیز – نەینەوا

عەلی عومەر گەعبۆ، جێگری پارێزگاری نەینەوا، ئاشكرای دەكات كە پارێزگاری نەینەوا دەستلەكاركێشانەوەی زوهێر ئەعرەجی، قایمقامی ناوەندی موسڵ-ی پەسەندكردووە و وتی "چیتر ناگەڕێتەوە بۆ دەوام".

زوهێر ئەعرەجی، قایمقامی قەزای ناوەندی موسڵ سێشەممە 8ی شوبات لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە موسڵ، راگەیاند "ناتوانم چیتر لەم پۆستەدا بەردەوامبم، لە ئەمڕۆ بەدواوە دەستلەكاركێشانەوە پێشكەش بە پارێزگاری نەینەوا دەكەم و هیوادارم قبوڵی بكات، ئەمەش بڕیارێكی تەواو تایبەتی خۆمە".

وتیشی "من تا ئەوكاتەی لەم پۆستەدام دژی مافیاكانی زەویی و ئەو گروپانە وەستامەوە كە لەسەر حسابی یاسا و بۆ قازانجی تایبەتی خۆیان كاریان دەكرد، سەرباری هەبونی فشار و هەڕەشەی زۆر...". زیاتر وتی "شاری موسڵ روبەڕوی جۆرێكی تر لە تیرۆر بۆتەوە، ئەویش ئەو لایەنانەن كە بەهیچ شێوەیەك نایانەوێت خێر و خۆشی روبكاتە ئەم شارە...".

"مافیاكانی زەوی كە خەڵكی ئەم شارەن، زۆر لە دەسەڵاتی دەوڵەت بەهێزترن"، زوهێر ئەعرەجی وایوت.

عەلی عومەر گەعبۆ، جێگری پارێزگاری نەینەوا، لەوبارەیەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "قایمقامی ناوەندی موسڵ، نامەی دەستلەکارکێشانەوەی ئاراستەی پارێزگار کردووە و ئەویش پەسەندی کردوە و چیتر دەوام ناکات".

"تا ئێستا بە تەواوی رون نییە بۆچی دەستیلەكاركێشاوەتەوە، بەڵام پێدەچێت بەهۆی ئەو دۆسییەیانەوە بێت كە پێشتر لەسەری بون"، جێگری پارێزگار وایوت.

پێدەچێت دەستلەكاركێشانەوەی بەهۆی ئەو دۆسییەیانەوە بێت كە پێشتر لەسەری بون

دادگای لێكۆڵینەوەی نەینەوا تایبەت بە دۆسیەكانی نەزاهە، لە 22ـی كانونی یەكەمی 2021، بڕیاری دەستگیركردنی بۆ زوهێر ئەعرەجی، قایمقامی موسڵ دەركرد. ئەوەش بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل بۆ راییكردنی كاروباری حكومی، كە بەپێی بەیاننامەیەكی دەستەی نەزاهەی عیراق "قایمقام گومانی ئەوەی لەسەرە بڕی 240 هەزار دۆلاری وەرگرتبێت"، لە بەرانبەر "چاوپۆشیکردن" لەو زیادەڕۆییانەی بە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون دەکرێنە سەر زەوی موڵکی دەوڵەت.

dadga-4
فەرمانی دەستگیركردنی قایمقامی قەزای ناوەندی موسڵ

فەرمانی دەستگیركردنەكە لەسەر سكاڵایەكی دەستەی نەزاهەی عیراق و لەسەر بنەمانی دانپێدانانی زیندانییەك بوو.

پێشتر رەفعەت سمۆ، جێگرێكی تری پارێزگاری نەینەوا، لەسەر ئەو دۆسییەیە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو زیندانییە لەلایەن نەزاهەوە دراوەتە دادگا و قایمقامی موسڵی بە وەرگرتنی بەرتیل تۆمەتباركردووە".

زوهێر ئەعرەجی ئەوكات لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك رونكردنەوەیەكی بڵاوكردۆتەوە و ئامادەیی بۆ چونە بەردەم دادگا نیشاندا، وەك خۆی دەڵێت تا بە "بەڵگەوە راستییەكان بۆ رایگشتی ئاشكرابكات".

هەر لەو رونكردنەوەیەدا ئەعرەجی باس لە دەستكەوتەكانی خۆی دەكات لەو پۆستەدا و دەشڵێت "24 جار هەوڵی تیرۆركردنم دراوە و ژمارەیەك شەهیدم داوە كە هەمویان كەسوكاری نزیكی منن، ئەوەش لە پێناو خزمەتی گشتیدا".

ئەعرەجی، لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی سێشەممە 8ی شوبات-دا، وتی "هیچ داوا و سكاڵایەك لە دژی من نییە لەسەر دۆسییەی زەوی، بەڵكو قسەی هەندێك دەستبەسەركراوبون كە من لە چوارچێوەی دەسەڵاتەكاندا وەكو قایمقام روبەڕوی دادگام كردبونەوە، لەسەر ئەو دۆسییەیەش چومە بەردەم دادگا".

قایمقامی موسڵ سەرەتای ئەمساڵ لەلایەن دادگاوە بە کەفالەت ئازادکرا و گەڕایەوە بۆ راییکردنی ئەرکەکانی لە پۆستەكەیدا.

ئەو لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، وتی "پێشتر و  دوجاری تر داوای دەستلەكاركێشانەوەم كردووە، بەڵام قبوڵنەكراوە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT