خالیدە رەشۆ، پەرلەمانتاری پێشوی عیراق جەختدەكاتەوە لە هەوڵەكانیان بۆ زیادكردنی كورسی كۆتای ئێزیدی، تا دەگاتە ئاستی ژمارەی دانیشتوان وەك لە دەستوردا هاتووە.
بەپێی ماددەی 49ـی دەستوری عیراق كورسییەكی پەرلەمان نوێنەرایەتی 100 هەزار كەس لە دانیشتوان دەكات.
دادگای باڵای فیدراڵی لە 22ـی شوباتی 2022ـدا، پاڵپشت بەو ماددەیەی دەستور و لەسەر سكاڵایەكی خالیدە خەلیل رەشۆ، ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمان، بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی كورسی كۆتای هەریەك لە ئێزیدی، شەبەك و كوردی فەیلی.
خالیدە رەشۆ، خاوەنی ئەو سكاڵایە بە (كەركوك ناو)ـی وت "من تانەم لە ماددەی 13ـی یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2020ـی هەڵبژاردنی پەرلەمان دا، ئەوكاتەی پەرلەمانتار بوم، تائێستا دادگا دۆسیەكەی یەكلاكردۆتەوە لە قازانجی ئێمە و بڕیاریداوە بە نادەستوری بونی ئەو ماددەیە".
بەپێی بڕگەكانی (ب، هـ، د)ـی ماددەی 13ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان كە دادگای فیدراڵی هەڵیوەشاندۆتەوە، هەریەك لە ئێزیدی، شەبەك و كوردی فەیلی یەكی یەك كورسییان لە ئەنجومەنی نوێنەران وەك كۆتا بۆ دیاریدەكرێت.
"بڕیارەكە ئەوە دەگەیەنێت دانانی یەك كورسی كۆتا بۆ ئێزیدی و ئەو پێكهاتانەی دیكە لەگەڵ ژمارەی هاوڵاتیانی ئێزیدی و شەبەك و كوردی فەیلی ناگونجێت، بۆیە پێویستە كورسییان بۆ زیادبكرێت" بەوتەی خالیدە كە دەڵێت بڕیارەگەی دادگا رەوانەی پەرلەمانی عیراق كراوە تا هەمواری ئەو ماددەیە بكرێتەوە بەجۆرێك لە تەرخانكردنی كورسی ئێزیدی و كەمینەكانی تردا، رەچاوی دادپەروەری بكرێت.
كاتی خۆی زۆر هەوڵماندا كورسی ئێزیدییەكان زیاد بكەین، بەڵام پەرلەمانتاران پشتگیری ئێمەیان نەكرد
دادگا لە بڕیارەكەیدا داوا لە پەرلەمان دەكات بۆ دیاریكردنی نوێنەرایەتی ئێزیدی هاوشێوەی كریستیان دادپەروەرییان بەرانبەر بكرێت.
كریستیانەكان لە عیراق پێنج كورسی كۆتایان بۆ دانراوە.
"دواجار هەنگاونان بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارەی دادگا لای ئەنجومەنی نوێنەرانە، ئایا دەنگی پێویست بەدەستدێت بۆ زیادكردنی كورسی كۆتای ئێزیدی" خالیدە وای وت.
له یهكهم ههڵبژاردنی پهرلهمانی عیراقدا، ئێزیدییهكان له ساڵی 2005دا بون به خاوهنی كورسی كۆتا، لەكاتێكدا ژمارەیان لە سەرانسەری وڵاتدا دەگاتە 550 هەزار كەس، بەپێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
دادگای باڵای فیدراڵی پێشتریش دووجار، لە ساڵانی 2010 و 2019ـدا، داوایكردووە ژمارەی كورسی ئێزیدی لە پەرلەمان زیادبكرێت، بەڵام لەكاتی گفتوگۆكانی ناو پەرلەماندا ئەو داواكارییە لەبەرچاو نەگیراوە.
پەرلەمانتارەكەی پێشوی ئێزیدی لە بەغدا وتی "كاتی خۆی زۆر هەوڵماندا كورسی ئێزیدییەكان زیاد بكەین، بەڵام پەرلەمانتاران پشتگیری ئێمەیان نەكرد، ... بۆیە ئەم سكاڵایەم كرد و ئەوەی لەسەرشانم بوو كردم، ئیتر كاری پەرلەمانە و پێویستی بە كۆكردنەوەی دەنگ هەیە تا ئەو بڕگەیەی یاسای هەڵبژاردن دەستكاری بكرێت و پەسەند بكرێت".
ئێزیدی و شەبەك لە پارێزگای نەینەوا و كوردی فەیلی لە پارێزگای واست یەكی كورسییەكی كۆتایان بۆ دانراوە لە كۆی 329 كورسی پەرلەمانی عیراق، جگە لە سابیئەی مەندائی بە یەك كورسی لە بەغدا و كریستیانەكانیش وەك كۆتای كەمینە پێنج كورسییان لە بەغدا، كەركوك، نەینەوا، هەولێر و دهۆك هەیە.