"ئەوەی چاوی بەداروپەردوی قەڵاکەمان بکەوێت شەو خەو ناچێتە چاوییەوە"، بەم شێوەیە شاعیری تورکمانی محەمەد مشۆ ئۆغڵو، وەسفی خەم و ئازاری دانیشتوانی تەلەعفەر دەکات بۆ قەڵای شارەکەیان کە لەسەر دەستی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لەعیراق وشام (داعش) خاپور کراوە.
مشۆ لە تویتێكیدا نوسیویەتی "رێگەی بەرەو قەڵا وەک رێگەی بەهەشت وایە"، لە کۆتایی هۆنراوەکەشیدا روی دەمی دەکاتە قەڵاکە و دەڵێت "هەمووان کۆبکەرەوە و شادی لەسەر روخساریان بکێشە، وەک جاران لە شکۆدا بژی".
قەڵای تەلەعفەر لە ناوەڕاستتی ساڵی 2014 لەسەر دەستی چەکدارانی "داعش" تەقێنرایەوە و زیانی گەورەی پێگەیشت، ئەوەش دوای ئەوەی رێکخراوەکە دەستی بەسەر ئەو قەزایەدا گرت.
شورا و دەروازەکانی قەڵا مێژووییەکە و ئەو بینا حکومییانەی لەناو قەڵاکەدا بون تا کۆتایی ساڵی 2014 تەقێنرانەوە و بەتەواوی روخێنران.
لە دوای روخانی بەعس لەساڵی 2003، قەڵاکە بارەگای پۆلیسی ناوخۆیی و شارەوانی لەخۆگرتبوو، هەمان قەڵا وەک بنکەیەکی سەربازی هێزەکانی ئەمریکا بەکارهێنرا لەشەڕی تەلەعفەر.
قەڵاکە سمبوڵی پێکەوەژیان بووە
ئەمین عومەر حەیدەر، بەڕێوەبەری فەرمانگە شوێنەواری تەلەعفەر دەڵێت "روخاندنی قەڵاکە بەشێک بوو لە بەئامانجگرتنی سیما دیارەکانی نەینەوا، لەو چوارچێوەیەدا، رێکخراوی داعش مەزارگەی حەزرەتی یونس و باب نرکال لە موسڵ و شوێنەوارەکانی نەمرود و حەزەر و چەندین شوێنی تری مێژوویی تەقاندەوە... ئامانجی داعش لەم کارە لەناوبردنی شارستانییەتە دێرینەکانی ناوچەکە بوو".
حەیدەر بۆ (کەرکوک ناو)ی رونکردەوە "قەڵاکە پارچە ئاسەواری تیانەبوو کاتێك داعش تەقاندییەوە، چونکە پێشتر لە سەردەمی رژێمی پێشوو، لەسەر داوای لایەنە پەیوەندیدارەکان، هەموو پارچە ئاسەوارەکان گواسترابوونەوە بۆ بەغدا".
بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەواری تەلەعفەر زیاتر وتی، "قەڵاکە بەچەند قۆناغێک و لەسەردەمی جیاوازدا فراوانتر کراوە، هاوکات روبەڕوی چەندین هێرش بووەتەوە بەدرێژایی مێژوو، دوایینیان هێرشی رێکخراوی داعش بوو کە قەڵاکەو هەموو بیناکانی ناوی بەتەواوی خاپور کرد، بیناکان کەلەپوری بون و مێژوی نوێترینیان دەگەڕایەوە بۆ سییەکانی سەدەی رابردوو".
لەبارەی گرنگی قەڵاکەوە، حەیدەر بە (کەرکوک ناو)ی وت، "قەڵاکە لەڕوی جوگرافییەوە گرنگییەکی زۆری هەبوو بەو پێیەی دەکەوێتە سەر رێگەی قافڵەکای نێوان عیراق و شام، لەسەر گردێکی بەرز بونیاتنراوە کە زاڵبوو بەسەر هەموو ناوچەکانی جەزیرە، جگە لەوەش کانیاوێکی هەبوو کە ئاوی بۆ ناوچەیەکی فراوانی باشوری شارەکە دابین دەکرد کە بەبەرهەمهێنانی هەنجیر و هەنار و گەنم وجۆ بەناوبانگ بووە".
جەختیشیکردەوە کە "قەڵاکە بەشوێنەوارێکی گرنگی عیراق دادەنرێت، لەوێشەوە پریشکی شۆڕشی عشرین دژی ئینگلیزەکان دەستیپێکرد، جگەلەوەش سمبوڵی پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی تەلەعفەر بووە و جێی پیاهەڵدانی شاعیر و هونەرمەندان بووە".
قەزای تەلەعفەر دەكەوێتە خۆرئاوای موسڵ بەدوری زیاتر لە 70كم، دانیشتووانەكەی بەپێی خەمڵاندنی وەزارەتی پلاندانانی عیراق بۆ ساڵی 2019 زیاتر لە 524 هەزار كەسە.
لە حوزەیرانی 2014، قەزاكە کەوتە ژێر دەستی رێکخراوی داعش، بەهۆیەوە نزیکەی 225 هەزار کەس ئاوارەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عیراق و هەرێمی کوردستان و کەرکوک بون، بەشێکیشیان کۆچیان کرد بەرەو تورکیا.
لەدوای کۆنترۆڵکردنەوەی قەزاکە لە ئابی 2017، نزیکەی لەسەدا 60ی خەڵکەکەی گەڕانەوە زێدی خۆیان.
قەڵاکە بەستراوەتەوە بە روبارەکانی بابل و دۆڵەکانی ئاشوور
"خەڵکی تەلەعفەر هاوڕان لەسەر ئەوەی شکۆ و سەروەری باوباپیرانیان ئاوێتەی قەڵاکە بووە، ئەم شوێنەوارە مێژووییە کە بەخوێنی رۆڵەکانی و بەسرود و هۆنراوەی سوارچاکەکان رواوە، تاکە بیرخەرەوەی نەوەکانی داهاتووە"، بەوتەی مێژونوسی عیراقی حەمید مەتبەعی.
مەتبەعی دەڵێت، "ئەم قەڵایە لەڕێی میراتگرییەوە یان لەڕێی چارەنوسەوە چەندین وانەی لەبیرنەکراو بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگوازنەوە، ئەو وانانەی فێری سەربەرزی و لۆژیکی هێز و ژیرییان دەکات، فێریان دەکات کە ئەم قەڵایە پەیکەرێک نییە لە گەچ و مەڕمەڕ و حەلان دروستکرابێت تا رۆڵی تاوەری چاودێری ببینێت بۆ دەرکردنی ئەو چەتانەی دەیانەوێت لەشورای ئاشورییەکانەوە دزە بکەن، بەڵکو قەڵا نیشتمانی باوباپیرانمانە و مێژووی هاوبەش کۆماندەکاتەوە لە روبارەکانی بابل و دۆڵەکانی ئاشوور".
قەڵای تەلەعفەر چەندین جار روخێنراوە، لە ساڵی 1841 لەسەر دەستی والی بەغدا پاش ئەوەی خەڵکی شارەکە شۆڕشێکیان دژی بەرپاکرد. لەو ساڵەدا محەمەد ئینجە بەیرەقدار، قەڵاکەی داگیرکرد و فەرمانی روخاندنی قەڵاکەی دەرکرد، سەرەنجام هەموو شورا و تاوەرەکانی چواردەوری قەڵاکە تەختکران، بەڵام زیانێکی گەورە بەر قەڵاکە نەکەوت بەو پێیەی زۆر پتەو بوو.
دووەم جار لە ساڵی 1920 بوو، کاتێ ئینگلیزەکان شورا و دەروازەی سەرەکی قەڵاکەیان روخاند. ئامانجیان لەو کارەش رێگەخۆشکردن بوو بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان بچێتە ناو قەڵاکە و دەرگا مێژووییەکەی قەڵاکەیان وەک پردێک بەکارهێنا بۆ پەڕینەوەی پیادە بەسەر دۆڵەكەدا.
بونیاتنانەوەی قەڵاکە گەڕاندنەوەی ژیانە بۆ تەلەعفەر
"ئەم قەڵا مێژووییە جوان و سەرکەش بوو، بەرلەوەی داعش خاپوری بکات، داوا لە حکومەتی عیراق و یونیسکۆ دەکەین کار بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵاکە بکات چونکە پێگەیەکی مێژویی گرنگی هەیە، ئەم قەڵایە پێناسی شارستانیی تەلەعفەرە، بۆیە زۆر گرنگە بونیاتبنرێتەوە"، عەمار حەسەن، چالاکوانی مەدەنی وای بە (کەرکوک ناو) وت.
عەمار وتیشی "پێویستە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کاربکەن بۆ بونیاتنانەوەی ئەم قەڵایە کە گەورەترین خاڵی هاوبەشی دانیشتوانی تەلەعفەرە، بەدەر لەوەش دەکرێت وەک دەروازەیەک تەماشابکرێت بۆ ئەو ئاشتەواییە کۆمەڵایەتییەی کە رێکخراوەکان بەردەوام باسی لێوە دەکەن و هەوڵی بەدیهێنانی دەدەن... دواجار بونیاتنانەوەی قەڵاکە وەک دوبارە ژیانلەبەرداکردنی تەلەعفەرە".
پێویستە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کاربکەن بۆ بونیاتنانەوەی ئەم قەڵایە کە گەورەترین خاڵی هاوبەشی دانیشتوانی تەلەعفەرە
رۆژی 2ی شوباتی 2022، لە میانەی بەشداریکردن لەمەراسیمێکدا لە تەلەعفەر، نەجم جبوری، پارێزگاری نەینەوا، بەڵێنی دا کار بکات بۆ ئەوەی نۆژەنکردنەوەی قەڵای تەلەعفەر بخرێتە پلانی پڕۆژەکانی 2022دا.
بەپێی سەرچاوەکانی مێژوو، قەڵای تەلەعفەر لە سەردەمی ئاشورییەکاندا دروستکراوە و کاتی خۆی شارەکە بە (نمت عەشتار) ناودەبرا، ئەوەش بە واتای (کێڵگەی خواوەندی عەشتار)، دواتر قەڵاکە لەلایەن رۆمانەکانەوە نۆژەنکرایەوە.
مەروانی کوڕی محەمەدی دووەم، دوایین جێنشینی ئەمەوییەکان کە والی ئەو ناوچەیە لەساڵی 102ی کۆچی (720ی زایینی)، جارێکی تر قەڵاکەی نۆژەنکردەوە و ناونرا (قەڵای مەروان)، بەجۆرێک هەندێ کەس پێیان وابوو ئەو قەڵایە لەسەردەمی ئەمەوییەکاندا دروستکراوە.
قەڵاکەی لەسەر روبەری 28 هەوار مەتر دوجا دروستکراوە، شورای سەرەکی و لاوەکی بەدەوردا بەرزکراوەتەوە کە پانی شورا سەرەکییەکان سێ مەتر و 30 سانتیمەتر بووە و بەرزییەکەشی نزیکەی شەش مەتر بووە، شوراکان بە بەرد و گەچ بەشێوەیەکی هونەری و زانستی دروستکرابون، لە گۆشەکانی شورا سەرەکییەکە چوار تاوەر دروستکرابوو کە پێیان دەوترا (تاوەری گۆشەکان)، جگە لە چەند تاوەرێکی لاوەکی بچوکتر.
پێش 2014، بەهۆی ئەو بارودۆخە ئەمنییە ناسەقامگیرەی کە تەلەعفەر پێیدا تێدەپەڕی، قەڵاکە کرا بە کۆمەڵگەی فەرمانگە حکومییەکان و هەریەک لە بینای قائیمقامیەت، ئەنجومەنی قەزا، بارەگای هێزەکانی پاراستنی تەلەعفەر، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس، فریاکەوتن، دادگا، بەشی نەهێشتنی تاوان و بینای تەلەفزیۆنی ناوخۆیی سەر بەتۆڕی راگەیاندنی عیراقی نیمچە فەرمی لەخۆگرتبوو.
"بونیاتنانەوەی قەڵاکە بەجۆرێک لەگەڵ پێگە مێژووییەکەیدا بگونجێت خواستێکی جەماوەرییە، داواکەمان ئاراستەی رێکخراوە پەیوەندیدارەکان دەکەین، بەتایبەتی یۆنیسکۆ، ئەم قەڵایە میراتێکی مرۆڤایەتی وسمبولێکی شارستانیی گەورەیە نەک تەنیا بۆ تەلەعفەر و تورکمانەکانی شارەکە بەڵکو بۆ هەموو عیراق، نۆژەنکردنەوەی ئەم قەڵایە دەبێتە هەنگاوێک بۆ پتەوکردنی یەکڕیزی و خۆشەویستی وئاشتی لەشارەکەدا"، وەک ئەمین عومەر حەیدەر، بەڕێوەبەری شوێنەواری تەلەعفەر بە (کەرکوک ناو)ی وت.
چەند وێنەیەکی قەڵای تەلەعفەر بەر لەتەقاندنەوەی کە لەچەند سەرچاوەیەکەوە وەرگیراوە: