مامۆستایان و فەرمانبەرانی حكومی لە كفری، تا جێبەجێكردنی بەڵێنی پێدانی موچە و دەستپێكردنەوەی بەرزكردنەوەی پلەی وەزیفی، نایانەوێت بایكۆتی دەوام بكشێنن.
گردبونەوەی ناڕەزایی ژمارەیەك لە مامۆستا و فەرمانبەران ئەمڕۆ یەكشەممە 6ـی ئادار لە ناوەندی قەزای كفری دەستیپێكرد و بڕیاریانداوە بەردەوامبن.
شەماڵ رەئوف، مامۆستا لە كفری و بەشداربوی گردبونەوەكە بە (كەركوك ناو)ـی وت "یەكەم رۆژی ناڕەزاییەكەمان لەبەردەم بانكی كفری بوو، داوادەكەین 30 رۆژ جارێك موچە وەربگرین و دوانەكەوێت، داواكارییەكی دیكەش ئەوەیە بەرزكردنەوەی پلەكانمان دەستپێبكاتەوە، كە لە ساڵی 2014 و بە پاساوی قەیرانی داراییەوە راگیراوە".
موچەخۆرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان تائێستا موچەی مانگی شوباتی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) ئەمڕۆ لە كفری زۆرینەی خوێندنگەكان، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە، پەیمانگەی هونەرەجوانەكان، فەرمانگەی ئاو و چەند فەرمانگەیەكی دیكەی وەك بانك، رۆشنبیری، وەرزش و لاوان بایكۆتی دەوامیان كرد.
شەماڵ دەڵێت ناڕەزاییەكانیان بە دوو شێوازە بەڕێوەدەچێت؛ بەشێكیان لەسەر شەقام گردبونەتەوە و ئەوانیتر لە ماڵەوە دەمێننەوە و ناگەڕێنەوە بۆ دەوام، بە گشتی وەك ئەو باسیكرد، زیاتر لە 700 مامۆستا بایكۆتیان كردووە.
"بڕیارمانداوە نەگەڕێینەوە بۆ دەوام و پێمانوایە خوێندكارەكانمان ساڵێكی خوێندنیان بفەوتێت زۆر باشترە لەوەی هەموو تەمەنیان لە بێ موچەییدا بەڕێبكەن" بەوتەی مامۆستا شەماڵ.
لە دوایین كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئابوریی هەرێمی کوردستان، كە شەممە 5ـی ئادار بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت بەڕێوەچوو، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپێردراوە "ئامادەکاری پێویست بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی دابەشکردنی موچە بكات" بێ وادەی هیچ وادەیەك دیاریبكات.
ئیكرام غایب، فەرمانبەری كتێبخانەی گشتی لە كفری بە (كەركوك ناو)ـی وت "بایكۆتی دەوام فەرمانبەرانی فەرمانگە جیاوازەكانی گرتۆتەوە و داواكەمان مافی خۆمانە، دەمانەوێت موچە دوانەكەوێت، ئەوەتا جەژنی نەورۆزە كە منداڵ خواردن و جلوبەرگی دەوێت، ئەگەر موچە نەبێت بە چی بژین؟ .. ناكرێت رۆژانە دەوام بكەین و موچەمان پێنەدرێت".
ئەو جەختیكردەوە سبەینێ دووشەممە بەردەوامی بە ناڕەزاییەكانیان دەدەن تا داواكارییەكانیان جێبەجێدەكرێت، گرنگترینیان پیدانی مووچە لە كاتی خۆیدا لەگەڵ بەرزكردنەوەی پلەی فەرمانبەران.
پاساوی حكومەتی هەرێم بۆ دواكەوتنی موچە نەناردنی بودجەی مانگانەی 200 ملیار دینارە لە بەغداوە بۆ هەولێر، لەكاتێكدا تەنیا سەدا 41ـی پارەی فرۆشتنی نەوتی خاو بۆ موچە تەرخاندەكرێت و بە داهاتی ناوخۆییشەوە، ناتوانن بودجەی تەواوەتی موچە دابینبكەن، ئەوەش بەپێی رونكردنەوەكانی حكومەتی هەرێم لە چەند رۆژی رابردودا.
جگە لە كفری بەهۆی دواكەوتنی موچەوە لە چەندین ناوچەی دیكەی هەرێمی كوردستان هەڕەشەی بایكۆتی دەوام دەكرێت.
كفری یەكێكە لەو قەزایانەی دەكەوێتە چوارچێوەی ناوچەكانی جێناكۆك بەپێی دەستوری عیراق و لەڕوی ئیدارییەوە سەر بە ئیدارەی گەرمیانە لە پارێزگای سلێمانی.