"باجمان بەسەردا دەسەپێنن"
بەقاڵەكانی كەركوك عەلوەی خان خورما دادەخەن

كەركوك/ 22ی ئەیلولی 2021/ خۆپیشاندانی بەقاڵ و كاسبكاران دژی وەرگرتنی بڕە پارەیەك بەناوی باجی گواستنەوەوە فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

یوسف عەلی – كەركوك

بەقاڵەكانی كەركوك بڕیاڕیانداوە سێشەممەی داهاتوو عەلوەی خان خورما بە یەكجاری دابخەن، بەهۆی سەپاندنی باج "بەشێوەیەكی نایاسایی"، لەكاتێكدا بژێوی دەیان خێزان لەسەر ئەو بازاڕەیە.

بازاڕی خان خورما، یەكێكە لە بازاڕە  گەورەكانی شاری كەركوك و تایبەتە بە فرۆشتنی میوە و سەوزە، بە تاك و كۆ، زۆربەی كات لە بەیانیاندا جمەی دێت لە كڕیار.

"هەموو بازرگانەكان بڕیاریانداوە لە سێشەممە 8ـی ئادارەوە هەموو دوكانەكانی خان خورما دابخەین، چونكە بەدەست كەسێكەوە دەناڵێنین كە نزیكەی ساڵ و نیوێكە باج بەسەر هەموو شوێنەكانی فرۆشتنی میوە و سەوزەدا دەسەپێنێت" بەوتەی ئەسیر محەمەد، دوكانداری خان خورما.

هەروەها بۆ (كەركوك ناو)ـی رونكردەوە بەقاڵەكانی خان خورما زیاتر لە 10 جار گردبونەتەوە و بانگەوازیان لە لێپرسراوانی كەركوك، لە نێویاندا پارێزگار و شارەوانی و فەرماندەی پۆلیس تا دەستتێوەردان بكەن و هۆكارەكانی سەپاندنی باج ئاشكرابكرێت.

ساڵ و نیوێكە باج-ـمان بەسەر سەپێنراوە

"هەموو ئەو كەسانەی لە بازاڕەكەدا كاردەكەن بڕیاریانداوە لە سێشەممەوە كارەكانیان رابگرن تا كاتێكی نادیار، چونكە چەندین جار كرێكارەكانیش لەلایەن كەسانی سەر بە خاوەنی گرێبەستەوە روبەڕوی هێرش بونەتەوە" ئەسیر وادەڵێت.

لە ئەیلولی 2021ـیدا بەقاڵەكانی خان خورما بۆ ماوەیەك رێگای سەرەكی هاتوچۆیان داخست و داوایانكرد كۆتایی بە وەرگرتنی باج بهێنرێت كە ئەوان بە "وەرگرتنی سەرانە" ناویان برد بەڵام هەر ئەوكات بەوتەی لێپرسراوانی كەركوك لە نێویاندا عەمید كاوە غەریب، فەرماندەی پۆلیس بۆ (كەركوك ناو)، وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە لە كاسبكارانی بازاڕەكە لەڕێی وەبەرهێنەرەوەیە و پارەكەش دەچێتەوە سەر حسابی وەزارەتی شارەوانی عیراق.

(كەركوك ناو) بەڵگەنامەیەكی دەستكەوتووە كە سكاڵای خاوەن دوكانەكانی ئەو بازاڕەی تێدایە و ئاڕاستەی "دادوەری ئاسمان"، دوای ئەوەی بێ ئومێد بون لە گەیاندنی داواكارییەكانیان بە لایەنە حكومییەكانی كەركوك و لە كۆتایی پەیامەكەیاندا هاتووە "سكاڵامان بە دادوەری ئاسمان دەگەیەنین، چونكە لەمڕۆدا هیچ دادوەر و دادوەرییەك لەسەر زەوی نییە".

هەردی شێخ تەیب، خاوەنی گرێبەستی حكومی بۆ بەڕێوەبردنی عەلوەی شەعبی تایبەت بە فرۆشتنی میوە و سەوزە لە كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "هەموو ئەو قسانەی خاوەن دوكانەكانی خان خورما دەیكەن راست نییە، چونكە ئەو بازاڕە خۆی نایاساییە و نابێت عەلوەی شەعبی لە ناوەڕاستی گەڕەك و ناوچەی نیشتەجێبوندا بێت".

 التمر1
كەركوك/ 2022/ كاسبكارانی بازاڕی عەلوەی خان خورما فۆتۆ: گروپی عەلوە لە فەیسبوك

"من گرێبەستی یاسایی و رەسمی واژۆكراوم لەگەڵ شارەوانی كەركوك هەیە، ئەوەش بە شێوەیەكی یاسایی و پەسەندكراو لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنەوە، كە بەهای ئەو گرێبەستەش 509 ملیۆن دینارە و بە ئامانجی ئەوەیە رێكخستن بازاڕی سەوزە و میوە بگرمەدەست".

شێخ تەیب دەڵێت پارێزگای كەركوك لە دەروازەی باشورەوە عەلوەی شەعبی هەیە، كە نۆژەندەكرێتەوە و لە هەفتەكانی داهاتودا ئامادە دەبێت بۆ كاری فرۆشتن و كڕین بە شێوەیەكی رێكخراو، ئێمە دەمانەوێت كاری عەلوە لە چوارچێوەیەكی یاساییدا رێكبخەینەوە، نەك بەو شێواوییەی لە ناوەڕاستی ماڵاندا هەیە.

سەبارەت بە هێرشكردنە سەر كاسبكارانی بازاڕی عەلوە، وتی "كەسانێك هەن دەیانەوێت كارەكانمان پەكبخەن، لێكتێنەگەیشتن رودەدات و دەگاتە مشتومڕ.. هەر كەسێكیش روبەڕوی هەر كێشەیەك دەبێتەوە ئەوا بنكەی پۆلیس و دادگا و لێكۆڵینەوە و یاسا هەیە كە نێوەندگیریمان دەكات.. ئێمە بەپێی گرێبەستی یاسایی و رەسمی ئیدارەی بازاڕەكە دەكەین".

هەردی شێخ تەیب پێیوایە كردنەوەی بازاڕێكی عەلوەی نمونەیی لە كەركوك دەبێتە هۆی نەهێشتنی زۆر جموجۆڵ و چالاكی نایاسایی لە بواری فرۆشتن و كڕینی سەوزە و میوەدا.

من گرێبەستی یاسایی و رەسمی واژۆكراوم لەگەڵ شارەوانی كەركوك هەیە

خان خورما لە رابردودا زیاتر لە 60 دوكانی فرۆشتنی جۆرەكانی خورمای تێدا بووە و بەپێی شارەزایانی مێژویی لە كەركوك ناونانی بازاڕەكەش بەوهۆیەوە بووە.

فەلاح یایچلی، قایمقامیەتی قەزای ناوەندی كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "بازاڕی خان خورما لە شێواویدایە و ئێمە لەگەڵ گواستنەوەی بازاڕەداین بۆ عەلوەی نمونەیی كە دەكەوێتە ناوچەیەكی فراوان و پاك، ئەوەش رۆڵی دەبێت لە نەهێشتنی زیادەڕۆیی لە شەقامە سەرەكییەكانی وەك شەقامی سەڵاحەدین و بازاڕی گەورە".

بە ئاڕاستەی بازاڕی گەورەی شاری كەركوك، لەسەر پردی پەڕینەوە و سەرەتای بازاڕەكەدا، بە دەستە راست و باكوریدا عەرەبانەی فرۆشتنی سەوزە و میوە دانراون، كە زۆربەی كات بە نرخێكی گونجاو بەلای خەڵكەوە بەرهەمەكانیان دەفرۆشن و رۆژانە هەزاران كەس تەنانەت لە پارێزگاكانی دراوسێی كەركوكەوە روو لەو بازاڕە دەكەن، دوای رێگایەكی 750 مەتری دەگەیتە شەقامی سەڵاحەدین بە ئاڕاستەی خان خورما.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT