شەڕی روسیا و ئۆكراینا؛ نرخی خۆراك لە كەركوك بەرز دەكاتەوە

كەركوك/ ئاداری 2022/ دوكانێكی فرۆشتنی رۆن و ماددەی خۆراكی وشكە لە بازاڕی گەورەی ناوشار فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كەركوك

نرخی خۆراك و بەشێك لە پێداویستی رۆژانە بۆ نزیكەی دوو هێندە بەرزدەبێتەوە، بەهۆی لێكەوتەكانی شەڕی نێوان روسیا و ئۆكراینا، سەرباری رێكارەكانی حكومەت بۆ چاودێری بازاڕ و سزادانی ئەو بازرگانانەی یاری بە نرخەوە دەكەن.

بەپێی بەدواداچونی پەیامنێری (كەركوك ناو) لە ناو بازاڕی شاری كەركوك، نرخی خۆراك بە تایبەت زەیت و ئارد و هەندێك جۆری برنج نزیكەی هەفتەیەكە لە بەرزبونەوەی بەردەوامدایە.

نرخی یەك كارتۆن زەیت كە 20 دەبەی یەك لیتری تێدایە پێشتر بە 48 هەزار دینار بووە و ئێستا بە 80 هەزار دینارە، كارتۆنێك زەیتی 900 گرامی پێشتر بە 42 هەزار دینار بووە و ئێستا گەیشتۆتە 65 هەزار دینار، هەروەها كارتۆنێك زەیتی جۆری (الدار) كە بەرهەمهێنانی عیراقییە پێشتر نرخی لە سەروو 46 هەزار دینارەوە بووە و بۆ زیاتر لە 65 هەزار دینار بەرزبۆتەوە.

بازرگانێكی خۆراك كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەوانەی نرخیان بەرزكردۆتەوە گەورە بازرگان و خودی حكومەتن، بۆ نمونەی زەیتی جۆری (الدار) كە كارگەیەكی سەر بە حكومەتی عیراق بەرهەمیدەهێنێت، پێشتر كارتۆنێكی بە 32 دۆلار بووە بەڵام ئێستا هەر كارتۆنێك بە 45 دۆلار و زیاتریش دەخاتە بازاڕەوە".

kirkuk..bazar
كەركوك/ 2017/ ناوەندی بازاڕێكی میللی لە شاری كەركوك فۆتۆ: كەركوك ناو

بەپێی رونكردنەوەكانی حكومەتی فیدراڵی عیراق، بەرزبونەوەی نرخ پرسێكی جیهانییە و پەیوەندی بە شەڕی نێوان روسیا و ئۆكرایناوە هەیە، كە دوو هەفتەیە بەردەوامە.

محەمەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی بارزگانی دەڵێت روسیا و ئۆكراینا سەدا 30ـی ئارد و زەیت و بەشێك لە ماددە خۆراكییەكانی جیهان بەرهەمدەهێنن، بۆیە شەڕی هەردولا، كاریگەری لەسەر بازاڕی نێودەوڵەتی هەبووە، هەندێك لە وڵاتانی دیكەش لە ترسی درێژەكێشانی ئەو شەڕە بەرهەمی خۆراكی هەناردەی دەرەوە ناكەن، ئەوەش وایكردووە نرخ بەرزبێتەوە. بەپێی ئاژانسی عیراقییەی نیمچەفەرمی.

بەوتەی حەنون، حكومەت تاوتوێی دابینكردنی سەبەتەی خۆراكی پێویست بۆ شەش مانگ دەكات بە ئامانجی رێگری لە بەرزبونەوەی زیاتری نرخ.

بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) فەردەیەك ئاردی بایەعی لە 29 هەزار دینارەوە بۆتە 40 هەزار دینار، ئاردی سفر بە 39 هەزار دینار بووە و بۆتە 48 هەزار دینار، هەروەها یەك فەردە برنجی ئەمریكی 50 كیلۆیی لە 39 هەزار دینارەوە نرخەكەی بۆ 42 هەزار دینار بەرزبۆتەوە.

ئەوانەی نرخیان بەرزكردۆتەوە گەورە بازرگان و خودی حكومەتن

ئیدارەی پارێزگای كەركوك، بڕیاریداوە بە چاودێریكردنی بازاڕ و ئەگەر دەركەوت هەر بازرگانێك بەبێ پاساو نرخی بەرزكردۆتەوە، مۆڵەتی پێدەدرێت نرخەكان كەمبكاتەوە، بەپێچەوانەوە رێكاری یاسایی بەرانبەر دەگیرێتەبەر، ئەوەش بەپێی نوسراوی كۆبونەوەی راكان سەعید، پارێزگار لەگەڵ فەرمانگە حكومییەكاندا.

ئەو بازرگانەی نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە وتی "لەم چەند رۆژەدا لێكۆڵینەوە لەگەڵ ژمارەیەك دوكانداردا كراوە لەسەر بەرزبونەوەی نرخ بەڵام دواتر بە كەفالەتی 900 هەزار دینار ئازادكراون".

نرخی خۆراك لە تەواوی پارێزگاكانی عیراق بەرزبۆتەوە، پارێزگای كەركوكیش بە هەمانشێوە، كە سنورێكی بەرفراوانی كشتوكاڵی هەیە و لە چوار قەزا پێكهاتووە، ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە ملیۆنێك و 726 هەزار كەسن، بەپێی خەمڵاندنی وەزارەتی پلاندانان بۆ ساڵی 2021.

دایكی وەسەن، هاوسەرەكەی لە ژیاندا نەماوە و خۆی لە گەڕەكێكی ناوشاری كەركوك دوكانێكی بچوكی خۆراك و پێداویستی بەڕێوەدەبات، سەردانی بازاڕی گەورەی كردبوو تا شمەك بۆ دوكانەكەی بكرێت، "توشی شۆك بوم كاتێك نرخەكانم بیست، یەك دەبە زەیت من بە دوو هەزار و 500 دینار دەمفرۆشت بەڵام ئێستا بە چوار هەزار دینار كڕیم" ئەو بۆ (كەركوك ناو) وتی تەنیا زەرەمەندی ئەو بارودۆخە هاوڵاتیانی كەمدەرامەت و هەژار دەبن.

bazar (1)-2
كەركوك/ ئاداری 2022/ فەرماندەی پۆلیس لەناو بازاڕ بەدواداچون بۆ نرخ دەكات فۆتۆ: راگەیاندنی پۆلیس

لیژنەیەكی هاوبەش لە لایەنی ئەمنی و ئیداری كەركوك بە مەیدانی چاودێری بازاڕ دەكەن.

عەمید كاوە غەریب، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای كەركوك دوشەممە 7ـی ئادار لەكاتی بەسەركردنەوەی ناو بازاڕی شارەكە و لەكاتی چاودێری نرخەكاندا، هۆشداریدا بە "كەسانی نەفس نزم كە ئیستیغلالی بارودۆخەكە نەكەن و یاری بە نرخەكان نەكەن" بەپێچەوانەوە رێكاری توندی یاساییان بەرانبەر دەگیرێتەبەر، بەپێی بەیاننامەیەكی فەرماندەیی پۆلیس.

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، بڕیاریداوە بە بەرزكردنەوەی نرخی گەنمی ناوخۆیی تا بگاتە ئاستی نرخی جیهانی لەگەڵ دانانی پلانی كڕینی زیاتر لە سێ ملیۆن تەن گەنمی هاوردەكراو بە ئامانجی روبەڕوبونەوەی بەرزبونەوەی نرخ لە جیهاندا، بەپێی بەیاننامەیەكی عەلا جبوری، وەزارەتی بازرگانی كە 7ـی ئادار بڵاوكراوەتەوە.

عەلا جبوری جەختیكردەوە بەرزبونەوەی نرخ جیهانییە و بەهۆی شەڕی روسیا و ئۆكرایناوەیە؛ بەڵام لەناوخۆیی وڵاتدا "هیچ قەیرانێكی دابینكردنی ماددە خۆراكییەكان نییە، بەڵكو بەرزبونەوەی نرخ بەو پاساوە قەیرانێكی دروستكراوی هەندێك بازرگانی نەفس نزمن كە ماددە خۆراكییەكان قۆرغ دەكەن تا قەیران دروستبكەن".

جگە لە خۆراكی وشكە؛ نرخی سەوزە و تاڕادەیەك میوەش لە بازاڕەكانی كەركوك بۆ دوو هێندە بەرزبۆوە، دوای ئەوەی ئەمڕۆ سێشەممە 8ـی ئادار بەقاڵەكان بازاڕی عەلوەی خان خورما-ـیان داخست، بەهۆی ناڕەزاییان دژی وەرگرتنی باج.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT