دوای داخستنی عەلوەی خان خورما
نرخی سەوزە و میوە لە كەركوك بۆ دوو هێندە بەرزبۆوە

كەركوك/ تەموزی 2017/ بەقاڵێكی لە گەڕەكێكی میللی سەوزە و میوە دەفرۆشێت. فۆتۆ: بنار سەردار

كەركوك ناو

نرخی سەوزە و تاڕادەیەكیش میوە لە بازاڕەكانی كەركوك بۆ دوو هێندە بەرزبۆوە، ئەوەش دوای داخستنی عەلوەی خان خورما هات لە ناوەڕاستی شارەكە.

داخستنی عەلوەكە بە بڕیاری بەقاڵەكانی كەركوك هات كە ئەمڕۆ سێشەممە 8ی ئادار چووە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەوەش بەهۆی وەرگرتنی باج لە بەقاڵەكانی ئەو عەلوەیە و لەلایەن وەبەرهێنەرێكەوە كە گرێبەستی لەگەڵ شارەوانی كەركوكدا هەیە.

بەو هۆیەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 8ی ئادار، نرخی سەوزە و میوە بەشێكی بۆ دوو هێندە بەرزبۆوە، ئەوەش بەپێی بەدوادچونی پەیامنێرانی (كەركوك ناو)، لە چەند شوێنێكی جیاوازی شاری كەركوك.

لەكاتێكدا یەكشەممە 6ی ئادار، نرخی یەك كیلۆ تەماتە بە كۆ (جوملە) بە 550 دینار بوو، ئەمڕۆ بە هەزار دینار دەستنەدەكەوت. هەروەها بانیجان لە 500 دینارەوە بۆتە 900، خەیار لە 500 دینارەوە بۆتە 1000و كولەكە لە 400 دینارەوە بۆتە 800 دینار.

چەند بەقاڵێك جەختیانكردەوە لەوەی تەنانەت بەو نرخەش دەستناكەون، چونكە پێشتر هۆشداری دراوە لە داخستنی عەلوەكە و بەهۆیەوە بازرگانەكان سەوزە و میوەیان نەهێناوە.

بەقاڵەكان لە لایڤێكی (كەركوك ناو)دا لەكاتی داخستنی عەلوەكە، جەختیانكردەوە لەوەی "بەناوی یاساوە دەستدرێژی لە خەڵك دەكرێت"، وتیشیان "ئەوەی باج نەدا لێی دەدەن... چەند كەرەڤانەیەكیان داناوە و باج لە هەموو كەسێك دەستێنن".

هەروەها جەختیانكردەوە لەوەی بۆ هەر پارچەیەك سەوزە و میوە لە نێوان 500 بۆ 1000 دینار لە بەقاڵەكان وەردەگرن.

بەقاڵەكان كە نزیكەی 400 كەسن، داواكارن، ئیدارەی پارێزگای كەركوك و حكومەتی عیراق كاربكات بۆ لابردنی باج لەسەریان.

لێسەندنی باج لە بەقاڵەكان، نزیكەی ساڵ و نیوێكە جێبەجێ دەكرێت، ئەوەش دوای ئەوە هات وەبەرهێنەرێك گرێبەستێكی لەگەڵ شارەوانی كەركوكدا كردووە، بۆ بەڕێوەبردنی عەلوەی خان خورما.

باجەكە بەپێی بڕی ئەو سەوزە و میوەیەیە كە لەو عەلوەیە دەفرۆشرێت، كە بۆ هەر پارچەیەك (سندوق یان گوێنی) بڕەكەی لە نێوان 500 بۆ هەزار دینارە. لە بەرامبەردا وەبەرهێنەرەكە ئەركی رێكخستنی عەلوەكە و پاراستنی دەكات لەڕوی ئەمنییەوە. بەڵام پێشتر باج نەبووە و خاوەنی دوكانەكان خۆیان ئەركی رێكخستنی كاروباری عەلوەكەیان لە ئەستۆ گرتووە.

لە ئەیلولی 2021ـیدا بەقاڵەكانی خان خورما بۆ ماوەیەك رێگای سەرەكی هاتوچۆیان داخست و داوایانكرد كۆتایی بە وەرگرتنی باج بهێنرێت كە ئەوان بە "وەرگرتنی سەرانە" ناویان برد، بەڵام هەر ئەوكات بەوتەی لێپرسراوانی كەركوك لە نێویاندا عەمید كاوە غەریب، فەرماندەی پۆلیس بۆ (كەركوك ناو)، وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە لە كاسبكارانی بازاڕەكە لەڕێی وەبەرهێنەرەوەیە و پارەكەش دەچێتەوە سەر حسابی وەزارەتی شارەوانی عیراق.

xanxwrma
كەركوك/8ی ئاداری 2022/ خۆپیشاندامی كاسبكارانی خان خورما، دژی لێ سەندنی باج لەلایەن وەبەرهێنەرێكەوە. فۆتۆ: كەركوك ناو

هەردی شێخ تەیب، خاوەنی گرێبەستی حكومی بۆ بەڕێوەبردنی عەلوەی شەعبی تایبەت بە فرۆشتنی میوە و سەوزە لە كەركوك یەكشەممەی رابردوو بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەو بازاڕە خۆی نایاساییە و نابێت عەلوەی شەعبی لە ناوەڕاستی گەڕەك و ناوچەی نیشتەجێبوندا بێت".

"من گرێبەستی یاسایی و رەسمی واژۆكراوم لەگەڵ شارەوانی كەركوكدا هەیە، ئەوەش بە شێوەیەكی یاسایی و پەسەندكراو لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنەوە، كە بەهای ئەو گرێبەستەش 509 ملیۆن دینارە و بە ئامانجی ئەوەیە رێكخستن بازاڕی سەوزە و میوە بگرمەدەست".

شێخ تەیب دەڵێت پارێزگای كەركوك لە دەروازەی باشورەوە عەلوەی شەعبی هەیە، كە نۆژەندەكرێتەوە و لە هەفتەكانی داهاتودا ئامادە دەبێت بۆ كاری فرۆشتن و كڕین بە شێوەیەكی رێكخراو، ئێمە دەمانەوێت كاری عەلوە لە چوارچێوەیەكی یاساییدا رێكبخەینەوە، نەك بەو شێواوییەی لە ناوەڕاستی ماڵاندا هەیە.

بەڵام بەقاڵەكان لە خۆپیشانێكدا ئەمڕۆ سێشەممە لە عەلوەكە، جەختیانكردەوە لەوەی كاسبی ئەوان كە بژێوی 10 هەزار كەس دابیندەكەن، بۆ "دوو تا سێ كەس دەڕوات"، وەك ئاماژەیەك بۆ وەبەرهێنەرەكە و چەند كەسێكی تر كە پشكیان لەو گرێبەستەدا هەیە.

"زۆر عەیبە، ئەم عەلوەیە سەرۆكی شارەوانی ژێر بەژێر بە وەبەرهێنەرێكی داوە بە 500 ملیۆن دینار، ئێمە ئامادەین یەك ملیار دینار بدەین تەنیا وازمان لێبێنن". یەكێك لە خۆپیشاندەران وایوت.

زۆر عەیبە، ئەم عەلوەیە سەرۆكی شارەوانی ژێر بەژێر بە وەبەرهێنەرێكی داوە بە 500 ملیۆن دینار، ئێمە ئامادەین یەك ملیار دینار بدەین تەنیا وازمان لێبێنن

فەرماندەی گشتی پۆلیسی كەركوك، ئەمڕۆ سەردانی خۆپیشاندەرانی كرد لە عەلوەكە، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێك بدات.

بازاڕی خان خورما، یەكێكە لە بازاڕە  گەورەكانی شاری كەركوك و تایبەتە بە فرۆشتنی میوە و سەوزە، بە تاك و كۆ، زۆربەی كات جمەی دێت لە كڕیار.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT