كۆمپانیای دابەشەكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی كەركوك، دەستیكرد بە وەرگرتنی مامەڵەی شۆفێران بۆ پێدانی كۆبۆنی بەنزین، بەڵام بەبێ نوێكردنەوەی ساڵنامەی ئۆتۆمبێل كۆبۆن بۆ هیچ ئۆتۆمبێلێك ناكرێت.
ساڵانە ئیدارەی كەركوك و چەند پارێزگایەكی تر لە عیراق، كۆبۆنی بەنزین بە شۆفێران دەدەن، تا بتوانن بە نرخێكی هەرزانتر بەنزین لە بەنزینخانە حكومییەكان وەربگرن، بۆ ئەوەش چەند مەرجێكیان هەیە، لە ئەمساڵدا مەرجی نوێكردنەوەی ساڵنامەی ئۆتۆمبێل زیادكراوە. ئەوەش بە شێك لە هاوڵاتیانی نیگەران كردووە.
عەلى هادی، ئەمڕۆ سێشەممە 8ی ئادار، لە كاتژمێر هەشتی بەیانییەوە لە سەرەدابوو تا پێشنیوەڕۆ گەیشتە لای ئەو تیمەی كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان كە مامەڵەی شۆفێران بۆ كۆبۆنی بەنزین وەردەگرن، بەڵام كۆبۆنەكەی پێنەدرا.
"چومە بەردەم پەنجەرەكە و سەیرێكی مامەڵەكەی كرد و وتی دەبێت ساڵنامەكەت نوێ بكەیتەوە ئینجا كۆبۆنت پێدەدەین"، عەلی هادی زیاتر وتی "ئەم مەرجە بۆ ئێمە قورسە و بۆ كۆبۆنی بەنزین-یش هیچ پێویست نییە، چونكە نوێكردنەوەی ساڵنامە 500 بۆ 700 هەزار دیناری تێدەچێت".
چومە بەردەم پەنجەرەكە و سەیرێكی مامەڵەكەی كرد و وتی دەبێت ساڵنامەكەت نوێ بكەیتەوە ئینجا كۆبۆنت پێدەدەین
مەرجەكە تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە كە ساڵنامەی ئۆتۆمبێلەكانیان بەسەرچووە.
سائر حەیاوی، شۆفێرێكی تر بوو، دوای دوو كاتژمێر سەرەگرتن، كۆبۆنی بەنزینەكەیان بۆ نەكرد و هەمان گرفتی عەلی هادی هەبوو.
ئەو رەخنەشی گرت "لەو وێستگانەی بەنزینی حكومی دەدەن، زۆر قەرەباڵغن، دەبوو لافیتەیەك هەڵبواسن، كە چ شۆفێرێك دەتوانێت بچێت بۆ چ وێستگەیەك، بۆ ئەوەی ئەم قەرەباڵغییە دروستنەبێت".
ئیدارەی پارێزگای كەركوك لەڕێی 22 بەنزینخانەی حكومییەوە هەفتانە بۆ هەر ئۆتۆمبێلێكی تایبەت 40 لیتر بەنزینی نۆرماڵ و بۆ تەكسی 80 لیتر دابەشدەكات، ئەوەش لەڕێی كۆبۆنی بەنزینەوە كە بۆ هەر لیترێك 450 دینار لە شۆفێران وەردەگرێت.
لە بەنزینخانە ئەهلییەكاندا لە ئێستادا لیتری بەنزینی نۆرماڵ بە 900 دینارە.
(كەركوك ناو)، چەندجارێك پەیوەندی بە غەسان وادی، لێپرسراوی راگەیاندنی كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی كەركوكەوە كرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە.
بەڵام بەپێی هەندێك زانیاریی كە (كەركوك ناو) لە سەرچاوەیەك لە كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانەوە دەستیكەوتووە، زیادكردنی نوێكردنەوەی ساڵنامە بۆ مەرجەكانی پێدانی كۆبۆن، بۆ رێگریكردنە لە تەزویركردنی ساڵنامە".
"چونكە لە پێشودا هەندێك شۆفێر هەبون چەندین ساڵ بوو ئۆتۆمبێلەكانیان نەمابوو، یان لەناوچوبوو، بەڵام هەر بەو ساڵنامەیە كۆبۆنیان وەردەگرت"، سەرچاوەكە وایوت.
مەرجەكانی پێدانی كۆبۆنی بەنزین لە كەركوك:
- ساڵنامەی ئۆتۆمبێل
- فۆڕمی خۆراکی خاوەن ئۆتۆمبێل (دەبێت فۆرمەكەی كەركوك بێت)
- کارتی نیشتەجێبونی خاوەن ئۆتۆمبێل (كەركوك)
- کارتی نیشتمانی خاوەنی ئۆتۆمبێل، یان پێناسی باری شارستانی
- بریكارنامەی پەسەندكراو، بۆ ئەوانەی ئۆتۆمبێلەكە بەناوی خۆیانەوە نییە، (بریكارنامەی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان قبوڵكراو نییە).
- وێنەیەكی ئۆتۆمبێلەكە، بەشێوەیەك تابلۆكانی بەڕونی دەركەوتبن و بۆنیتەكەی كرابێتەوە.
- ژمارەی مۆبایلی خاوەن ئۆتۆمبێل.