عەلوەی خان خورما بە چەند مەرجێك دەكرێتەوە

كەركوك/ 9ـی ئاداری 2022/ بەقاڵێكی فرۆشتنی سەوزە و میوە لە عەلوەی خان خورما كە دوای رۆژێك لە داخستنی دوكانەكەی بەڕوی كڕیاراندا كردۆتەوە فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كەركوك

بازاڕی عەلوەی خان خورما لە كەركوك؛ جارێكیتر دەرگا بەڕوی كڕیار و فرۆشیارانی سەوزە و میوەدا دەكاتەوە، دوای دەستتێوەردانی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان.

بەقاڵەكانی خان خورما دوێنێ سێشەممە تەواوی دوكانەكانی ناو عەلوەی سەوزە و میوەیان داخست، دژی وەرگرتنی باج وەك ئەوان دەڵێت "بەشێوەیەكی نایاسایی" و بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 9ـی ئادار، بازاڕەكە بە مەرج و دوای رێككەوتنێكی كاتی لەگەڵ لایەنی ئەمنی كرایەوە.

"لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكاندا بەو رێوشوێنەی بازاڕەكە بكەینەوە، بەڵام تا شەممەی داهاتوو 12ـی ئادار باج نادەین، دواتر جارێكیتر لەگەڵ شارەوانی و وەبەرهێنەر كۆدەبینەوە، تا رێوشوێنی نوێتر دابنێین" بەوتەی ئومێد جیهاد، كە خۆی بە یەكێك لە نوێنەرانی بازاڕی خان خورما بە (كەركوك ناو) ناساند.

ئومێد دەڵێت ئەگەر لە كۆبونەوەی داهاتوودا نەگەنە رێككەوتن، ئەوا "لەسەر ئەركی وەبەرهێنەرەكە نوسینگەی فرۆشتنی كۆ لەناو عەلوەی باشوری كەركوك دەكەینەوە".

ڤیدیۆ: دوكاندارێكی خان خورما باسی كۆبونەوەكەیان لەگەڵ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكاندا دەكات

دوكاندارانی عەلوە بە ئامادەبونی شارەوانی دوێنێ سێشەممە لەگەڵ لیواروكن عەلی فرێجی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك كۆبونەوە، ئەوەش دوابەدوای داخستنی بازاڕەكە بەهۆی وەرگرتنی باج لە بەقاڵەكانی ئەو عەلوەیە و لەلایەن وەبەرهێنەرێكەوە كە گرێبەستی لەگەڵ شارەوانی كەركوكدا هەیە.

هیلال مەحمود، دوكاندارێكی دیكەی خان خورمایە و بۆ (كەركوك ناو) ئاماژەی بەوەدا "بەهۆی داخستنی بازاڕەكەوە نرخی سەوزە و میوە بەرزبۆوە".

دوێنێ لەكاتی داخستنی بازاڕەكەدا نرخی سەوزە و میوە بەشێكی بۆ دوو هێندە بەرزبۆوە، ئەوەش بەپێی بەدوادچونی پەیامنێرانی (كەركوك ناو)، لە چەند شوێنێكی جیاوازی شاری كەركوك.

درەنگانی شەوی رابردوو 8ـی ئادار فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان بەیاننامەیەكی لەبارەی كێشەكانی خان خورما بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە هێزە ئەمنییەكان ئاسایشی بازاڕەكە دەپارێزن و رێگە بە هیچ دیاردەیەكی چەكداری و هێرشكردنە سەر دوكانداران نادرێت.

هەروەها ئاماژە بەوەكراوە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكان شەممەی داهاتوو لەگەڵ دوكانداران و لایەنە پەیوەندیدارەكان كۆدەبێتەوە بۆ رێكخستنەوەی كاروباری ئەو بازاڕە بەپێی رێوشوێنە یاساییەكان و لە پێناو گرەنتی مافی هەمواندا.

 

ڤیدیۆ: خۆپیشاندانی دوكاندارانی عەلوەی خان خورما كە تیایدا داخستنی دوكانەكانیان راگەیاند

لێسەندنی باج لە بەقاڵەكان، نزیكەی ساڵ و نیوێكە جێبەجێ دەكرێت، ئەوەش دوای ئەوە هات وەبەرهێنەرێك گرێبەستێكی لەگەڵ شارەوانی كەركوكدا كردووە، بۆ بەڕێوەبردنی عەلوەی خان خورما.

باجەكە بەپێی بڕی ئەو سەوزە و میوەیەیە كە لەو عەلوەیە دەفرۆشرێت، كە بۆ هەر پارچەیەك (سندوق یان گوێنی) بڕەكەی لە نێوان 500 بۆ هەزار دینارە. لە بەرامبەردا وەبەرهێنەرەكە ئەركی رێكخستنی عەلوەكە و پاراستنی دەكات لەڕوی ئەمنییەوە. بەڵام پێشتر باج نەبووە و خاوەنی دوكانەكان خۆیان ئەركی رێكخستنی كاروباری عەلوەكەیان لە ئەستۆ گرتووە.

بازاڕی خان خورما، یەكێكە لە بازاڕە گەورەكانی شاری كەركوك، نزیكەی 400 دوكانداری كاری تێدا دەكەن و تایبەتە بە فرۆشتنی میوە و سەوزە، بە تاك و كۆ، زۆربەی كات جمەی دێت لە كڕیار.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT