سێ مانگ تێپەڕدەبێت بەسەر بەڵێنی كردنەوەی پەناگەیەك بۆ ژنانی هەڕەشەلێكراو لە كەركوك، بەڵام هێشتا بەڵێنەكە جێبەجێنەكراوە، ئەوەش بەهۆی تەواونەبونی نۆژەنكردنەوەی بیناكە و چەند پێداویستییەكی تر لە نێویاندا دابیننەكردنی كارمەند بۆ بەڕێوەبردنی پەناگەكە.
ئینتیسار كەریم، لێپرسراوی بەشی پەرەپێدانی ئافرەتان لە ئیدارەی پارێزگای كەركوك، لە 3ی كانونی یەكەمی 2021 بە (كەركوك ناو)ی وت "حكومەتی فیدراڵ رەزامەندی نیشانداوە بە كردنەوەی پەناگەیەك بۆ ژنانی هەڕەشەلێكراو لە پارێزگای كەركوك" و جەختیكردەوە لەوەی لە ئایندەیەكی نزیكدا پەناگەكە بەڕوی ژنانی هەڕەشەلێكراو-دا دەكرێتەوە.
دوای تێپەڕبونی سێ مانگ بەسەر ئەو بەڵێنەدا، ئەمڕۆ هەینی 11ی ئادار، ئینتیسار كەریم وتی "هێشتا پەناگەكە نەكراوەتەوە، بەداخەوە کاری نۆژەنکردنەوەی بیناكە تەواونەبووە، كارەبا و ئامێری پێویست و كەلوپەل ئامادەنییە، لەگەڵئەوەشدا هێشتا كارمەندی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی پەناگەكە تەرخان نەكراوە.
پەناگەكە لەسەر ئەركی سندوقی نیشتیمانى بۆ پاڵپشتی دیموكراسیی ئهمریكی دروستدەكرێت، لە ئێستادا سەرقاڵی نۆژەنكردنەوەی بینایەكن بۆ ئەوەی بكرێت بە پەناگە.
هەمان رێكخراو ئەركی دروستكردنی دوو پەناگەی تری لە ئەنبار و رومادی لە ئەستۆ گرت، ئەو دوو پەناگەیە لە ئێستادا كراونەتەوە.
بۆ پەناگەكەی كەركوك، هەموو رێکارە یاساییەکان کۆتایى پێهاتووە و رەزامەندی حكومەتی عیراقیشی بۆ وەرگیراوە كە پێشتر بەربەست بوو لەبەردەم دروستكردنیدا.
ئینتیسار كەریم، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەپێی بەدواداچونی ئێمە، كۆتایی ئەم مانگە یان سەرەتای مانگی داهاتوو كارەكانی كردنەوەی پەناگەكە تەواودەبن و بە شێوەیەكی رەسمی دەكرێتەوە... ئێمە نیگەرانین كە دواكەوتووە، بەڵام لەكاتێكی نزیكدا دەكرێتەوە".
كۆتایی ئەم مانگە یان سەرەتای مانگی داهاتوو كارەكانی كردنەوەی پەناگەكە تەواودەبن و بە شێوەیەكی رەسمی دەكرێتەوە.
بەپێی ئامارێكی پۆلیسی كەركوك كە دراوە بە (كەركوك ناو) لە دوو مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 149 حاڵەتی توندوتیژی خێزانی لە كەركوك تۆماركراون، كە 122 حاڵەتیان دژ بە ژنان بووە.
هاوكات لە تەواوی ساڵی 2021یش 500 حاڵەت هەبون، لە جۆری شەڕی نێوان هاوسەر، خیانەتی هاوسەرگیری، بردنی منداڵ لەلایەن تەرەفێك و چەندین كێشەی دیكە.
ئینتیسار وتی "پەناگەكە ئەو ژنانە لە خۆدەگرێت و دەپارێزێت كە لەلایەن هاوسەر یان كەسوكار و دەوروبەرەوە هەڕەشەی كوشتنیان لەسەرە و توندوتیژییان بەرامبەر دەكرێت".
وتیشی "كەیسەكان بەپێی بڕیاری دادوەر و یاسا بەركارەكان مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت".