لە هێرشە موشەكییەكانی سەر شاری هەولێر، 12 موشەكی "بالیستی" بەكارهێنراون و بنكەی هەڵدانیشیان "لەدەرەوەی عیراقەوە" بووە، بەپێی دوایین زانیارییەكانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ يەكشەممە 13ـی ئاداری 2022 چەندین شوێنی جیاوازی شاری هەولێر، پایتەختی هەرێمی كوردستان بە موشەك كرانە ئامانج، بەڵام جگە لە زیانی ماددی و ماڵی، هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، چەند كاتژمێرێك دوای هێرشەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە "12 مووشەکی دوورمەودای بالیستی لە سنوورەکانی دەرەوەی عێراق، لە رۆژهەڵاتەوە ئاڕاستەی باڵەخانەی نوێی کۆنسوڵخانەی ئەمریکی لە هەولێر کران و ناوچە سڤیلنشینەکانی نزیک بارەگای کەناڵی کوردستان24 و دەوروبەری بەر هێرشەکە کەوتن".
هەروەها هاتووە "دەرئەنجام زەرەر و زیانی ماددی بەر باڵەخانە و خانووەکانی ئەو ناوچەیە کەوتووە و خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و تەنیا هاووڵاتییەک بە سووکی بریندار بووە".
وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت لێكۆڵینەوەكانیان بەردەوامە و جەختدەكاتەوە "هەولێر ئارامە و هەر بە ئارامی دەمێنێتەوە".
دامەزراوەی میدیایی كوردستان24 بە وێنە و ڤیدیۆ بڵاویكردەوە بەهۆی هێرشە موشەكییەكەوە زیان بەر ستۆدیۆ و بەشێكی باڵەخانەكەی كەناڵەكە كەوتووە.
تائێستا هیچ كەس و لایەنێك بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشە موشەكییەكەی سەر هەولێر رانەگەیاندووە.
بەوتەی سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم بۆ میدیاكان لەو هێرشەدا هیچ زیانێكی گیانی نەبووە و چاودێری زیانەكان دەكەن.
بەپێی كاردانەوەی هاوڵاتیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، موشەكەكان بونەتە هۆی تەقینەوە و دەنگی زۆر بەرز، كە زۆرینەی خەڵكی هەولێر دەنگەكانیان بیستووە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەر بە حكومەتی فیدراڵی لە راگەیەندراوێكدا جەختیكردەوە ئەو كردەوانە چارەنوسی دۆڕانە و ئەنجامدەراحنی روبەڕوی سزا دەبنەوە، بێ ئەوەی زانیاری زیاتر لەسەر وردەكاری هێرشەكان بخاتەڕوو.
هەروەها نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ عیراق (یونامی) لە راگەیەندراوێكدا ئيدانهى هێرشه موشهكييهكەی سەر هەولێر دەكات و تیایدا هاتووە "عيراقييهكان داوايان لێكراوه كه به يهك ههڵوێست روبهڕووى ههر كارێك ببنهوه كه ببێته مايهى پێشێلكردنى سهروهرى و يهكييهتى خاكى عێراق يانيش مهبهست لێى تێكدانى سهقامگيرى و يهكڕيزى بێت".
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا نوسیویەتی "هەولێر خۆی بۆ ترسنۆکان ناچەمێنێت"، داوا لە هاوڵاتیانیش دەكاتم "ئارام بگرن".
لەسەر ئاستی عیراقیش مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان لە پەیامێكدا دەڵێت ئەو هێرشەی سەر هەولێر هێرشكردنە "سەر ئاسایشی گەلەكەمان بوو"، بەڵێنی لێكۆڵینەوەش دەدات.
هاوكات موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە پەیامێكدا وتی "هەولێر لەژێر بۆردومانی دۆڕاوەكاندا"ـیە، جەختیشیكردەوە "هەولێر چۆكدانادات، بۆ میانڕەوی و سەربەخۆیی و سەروەری نەبێت".
لە سێ ساڵی رابردوشدا زیاد لە جارێك بە موشەك هێرشكراوەتە سەر چەندین شوێنی جیاوازی شاری هەولێر و لە هەندێكیشیاندا پێشتر گروپە چەكدارییەكانی نزیك لە ئێران تۆمەتباركراون.