ئيدارەی خۆجێیی نەینەوا؛ رێگای سەرەكی ناو گوندە كاكەییەكانی قەزای حەمدانییە كۆنكرێت دەكات، ئەوەش دوای نزیكەی سێ ساڵ لە داواكاری بەردەوامی هاوڵاتیان.
لە شوباتی ئەمساڵدا شارەوانی نەینەوا لە هەماهەنگی لەگەڵ شارەوانی ناحیەی نەمردو پرۆژەی كۆنكرێتی كۆڵانەكانی گوندی وەردەك-ـی كاكەییان دەستپێكردووە.
"لە 2019ـەوە پرۆژەكە دراوەتە ئیدارەی ناحیەی نەمرود لە قەزای حەمدانییە بەڵام نزیكەی 20 رۆژە دەستیپێكردووە و تائێستا زیاتر لە دوو كیلۆمەتر رێگا كۆنكرێت كراون" بەوتەی تەها یاسین خورشید، موختاری گوندەی وەردەك بۆ (كەركوك ناو).
كاكەییەكانی دەشتی نەینەوا لە ساڵی 2019ـدا لەڕێی راپۆرتێكی (كەركوك ناو)ـەوە داوای خزمەتگوزاری بە تایبەت چاككردنی رێگەوبانەكانیان كرد.
فەهمی ئەحمەد، دانیشتوی گوندی وەردەك بە (كەركوك ناو)ـی وت "پێویستمان بە دەیان پرۆژەی تری خزمەتگوزاری هەیە لە نێویاندا نۆژەنكردنەوەی ئاوەڕۆ، تائێستا تەنیا بەڵێندراوە و ئەنجاممان نەبینیووە".
له دهشتی نهینهوا، كاكهییهكان دهكهونه قهرهقوش-ـی سهنتهری قهزای حهمدانییه و گوندهكانی مەجیدییە، زهنگڵ، تولهبهند، وهردهك، گهزهكان و كهبهرلی.
موختاری گوندی وەردەك دەڵێت هێشتا ناو گوندەكەی ئەوان 7 كیلۆمەتری ماوە كۆنكرێت بكرێت و رەزامەندی لەسەر نەدراوە، پێشتر رێگای سەرەكی گوندەكانی تولەبەند و گەزەكان-ـیش كۆنكرێت كراون.
وەردەك گەورەترین گوندی كاكەییە لە دەشتی نەینەوا و زیاتر لە چوار هەزار هاوڵاتی تێدا نیشتەجێیە.
تەها یاسین دەڵێت لە هەموو گوندە كاكەییەكاندا نزیكەی 20 هەزار هاوڵاتی هەن و روبەڕوی چەند كێشەیەكی دیكەی سەرەكی بونەتەوە؛ ئەوانیش "خراپی ئاوەڕۆ و كەمی ئاوی خواردنەوە و نەبونی خوێندنگەیەكی ئامادەیی تایبەت بە كچان".
گوندە كاكەییەكانی دەشتی نەینەوا سەر بە ناحیەی نەمرودن و (كەركوك ناو) هەوڵیدا شارەوانی ئەو ناحیەیە لەسەر پرۆژە خزمەتگوزارییەكان وەربگرێت بەڵام ئامادەبون لێدوان بدەن.
كاكەییەكانی دەشتی نەینەوا لە هێرشەكانی حوزەیرانی 2014ـی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام - داعش" وەك كهمینهكانی تر روبهڕوی پێشێلكاریی و راوهدونان بونهوه، بەپێی ئامارەكانی قایمقامیەتی حەمدانییە بۆ (كەركوك ناو) هێشتا سەدا 10ـیان ئاوارەن.