دەروازە سنورییەكانی عیراق، 24 كاتژمێر بە بەردەوامی رێگە بە هاوردەی خۆراك دەدەن بە ئامانجی بەرەنگاربونەوەی گرانی و دادگای فیدراڵیش بڕیاریداوە دادبینی دۆسیەی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو بۆ مانگی داهاتوو دوابخات.
ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ بەرزبونەوەی نرخی خۆراك لە پارێزگا جیاوازەكانی عیراق لە نێویاندا نەینەوا، دیالە، كەركوك و سەڵاحەدین بە تایبەت لە 10 رۆژی رابردودا.
دەستەی دەروازە سنورییەكان لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت "سەرۆكی دەستە لیوا عومەر وائیلی رەزامەندی نیشاندا 24 كاتژمێر هاوردەكردنی خۆراك لە دەروازەكانەوە رێگەپێدراو بێت"، ئەو بڕیارەش لە پێناو رێگرییە لە بەرزبونەوەی زیاتری نرخی خۆراك لە بازاڕەكاندا، وەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە.
بەپێی تۆڕی پەیامنێری (كەركوك ناو) لە بازاڕە گشتییەكاندا دەردەكەوێت نرخی خۆراك گران بووە، لە كەركوك نرخی هەندێك پێداویستی رۆژانە گەیشتۆتە دوو هێندە، سەرباری رێكارەكانی حكومەت بۆ چاودێری بازاڕ و سزادانی ئەو بازرگانانەی یاری بە نرخەكانەوە دەكەن.
نرخی یەك كارتۆن زەیت كە 20 دەبەی یەك لیتری تێدایە پێشتر بە 48 هەزار دینار بووە و ئێستا بە 80 هەزار دینارە، كارتۆنێك زەیتی 900 گرامی پێشتر بە 42 هەزار دینار بووە و ئێستا گەیشتۆتە 65 هەزار دینار، هەروەها كارتۆنێك زەیتی جۆری (الدار) كە بەرهەمهێنانی عیراقییە پێشتر نرخی لە سەروو 46 هەزار دینارەوە بووە و بۆ زیاتر لە 65 هەزار دینار بەرزبۆتەوە.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، تا كاتژمێر 10ـی بەیانی رۆژی سێشەممە 15ـی ئادار، نرخی خۆراك لە بازاڕەكاندا هەر لەو نرخە بەرزەدا بوو.
دۆسیەی نرخی دۆلار
دادگای باڵای فیدراڵی لە عیراق، دوشەممە 14ـی ئاداری 2022 بڕیاریدا بە دواخستنی دۆسیەی بەرزبونەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار بۆ 4ـی نیسانی داهاتوو.
ئەو دادگایە لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە "دادگای فیدراڵی بڕیاریدا دۆسیەی 32ـی فیدراڵی (بەرزبونەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار) بۆ مانگی داهاتوو دوابخات".
دادگای فیدراڵی پێشتر بڕیاریدا بانگهێشتی هەریەك لە وەزیری دارایی و پارێزگاری بانكی ناوەندی بكات، بۆ ئامادەییان لە دانیشتنێكی تایبەت بە نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار لە بەرانبەر دیناری عیراقی، جگە لە وەرگرتنی بیروبۆچونی شارەزا و پسپۆڕانی ئابوری، هەریەك لە باسم جەمیل و عەبدولرەحمان نەجم.
بانكی ناوەندی عیراق لە 19ـی كانونی یەكەمی 2020ـدا بە رەسمی گۆڕانكاری لە نرخی ئاڵوگۆڕی دراوە بیانییەكاندا راگەیاند و بڕیاریدا 100 دۆلاری ئەمریكی لە بەرانبەر 145 هەزار دیناری عیراقیدا جێگیربكات، ئەوەش بەپێی یاسای بودجەی ساڵی 2021 كە پەرلەمان پەسەندیكرد.
پسپۆڕێك رونكردنەوە دەدات
عەلی تەمیمی، پسپۆڕی یاسایی دەڵێت بەرزكردنەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو پێشێلكاری دەستور و پەیماننامەی نێودەوڵەتییە، بۆیە دەكرێت تانەی لێبدرێت.
"ئەنجومەنی نوێنەران دەتوانێت ئەو بڕگەیە بگەڕێنێتەوە بۆ حكومەت و یاسای بودجە دەرنەكات، چونكە ئەگەر نرخی یەك دۆلار لە یاسای بودجەدا بە 1450 دینار دابنرێت ئەوا پێشێلكاری دەستوری عیراق و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكانە و دەتوانن تانەی لێبدەن" بەپێی بەیاننامەیەكی ناوبراو.
هەروەها رونیكردەوە بەرزكردنەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار بۆ 1450 دینار پێشێلكاری ماددەی 30 و 31ـی دەستورە كە دەوڵەت پابەند دەكات بە فەراهەمكردنی ژیانێكی ئازاد و شایستە و داهاتی گونجاو، "هەروەها پێشێلكاری ماددەی 23 و 26ـە لە پەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافەكانی مەدەنی و سیاسی كە هەموو وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەكگرتوەكان دەبێت پێوەی پابەندبن".
تەمیمی ئاماژەی بەوەدا بانكی ناوەندی، بەپێی یاسای ژمارە 56ـی ساڵی 2004 دەستەیەكی سەربەخۆیە و ئەو نرخی ئاڵوگۆڕی دراو دیاریدەكات، ئەگەر بەرزبونەوە لە نرخی ئاڵوگۆڕدا هەبێت پێویستە نرخ لە بازاڕەكاندا كۆنتڕۆڵبكات و رێگری لە هەڵاوسان بكات كە هەژار هەژارتر دەكات.
ئەو پسپۆڕە یاساییە دەڵێت هەر یاسایەكی بودجە كە پەرلەمان پەسەندی دەكات، دەرفەتی ئەوە هەیە لەبەردەم دادگای فیدراڵی تانەی لێبدرێت و پەرلەمانیش دەتوانێت پرۆژەیاسای بودجە بگەڕێنێتەوە بۆ حكومەت و پەسەندی نەكات، بەوپێیەی نوێنەرایەتی كۆمەڵگە دەكات بەپێی ماددەی 61ـی دەستور و ماددەی 13 لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە 6ـی ساڵی 2019.