دوو لیوای هاوبەشی سوپا و پێشمەرگە، راهێنانەكانیان تەواو كردووە و ئامادەن بۆ وەرگرتنی ئەركی ئەمنی لە كەركوك و ناوچەكانی دیكەی جێناكۆك، دوای پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵ.
پرۆژەیاسای بودجە هێشتا لەلایەن وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدڕاڵەوە ئامادەنەكراوە تا بۆ گفتوگۆ و پەسەندكردن رەوانەی پەرلەمان بكرێت.
لیوا تەحسین خەفاجی، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق بە (كەركوك ناو)ـی وت كارەكانی پێكهێنانی دوو لیوا هاوبەشەكە كۆتایی هاتووە و تەنیا چاوەڕێی پەسەندكردنی بودجەی ساڵی 2022 دەكەن، تا موچەو شایستە داراییەكانی ئەو دوو لیوایە لەچوارچێوەی بودجەدا جێگیربكرێت.
"چەندێك وادەی پەسەندكردنی بودجە دوابكەوێت هێندەی دیكە دەستبەكاربونی ئەو دوو لیوایە دوادەكەوێت".
پێكهێنانی ئەو دوو لیوایە دوای چەند مانگێك لە گفتوگۆ و كۆبونەوەی نێوان نوێنەرانی هەردوو وەزارەتی بەرگری و پێشمەرگە هات لە ساڵی رابردودا بۆ ناوچەكانی جێناكۆك.
فەرماندەیی سەرەكی ئەو دوو لیوایە لە بنكەی سەربازی كەی وەن دەبێت
خەفاجی دەڵێت هەموو رێكارە ئیداریی و هونەرییەكانی دوو لیواكە تەواو بون و تەنیا چاوەڕێی پارەن تا راستەوخۆ دابەشبكرێن بەسەر ئەو ناوچانەی دیاریكراون.
موچەی ئەو دوو لیوایە لەسەر حكومەتی عیراق دەبێت و هەر ئەوانیش بەهاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پڕچەكیان دەكەن.
"ئەو دوو لیوایە سەرجەم ڕاهێنانەكانیان تەواو كردووە و فەرماندەیی سەرەكی ئەو دوو لیوایە لە بنكەی سەربازی كەی وەن دەبێت لە باشوری كەركوك" بەوتەی وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان.
لە خانەقین و سنوری پارێزگای دیالەوە تا ناوچەی سحێلا لە نەینەوا بەدرێژایی 560 كیلۆمەتر هێزەكانی سوپای عیراق و پێشمەرگە سنور لە نێوانیاندا هەیە.
لیوا تەحسین خەفاجی ئاماژەی بەوەدا پێكهێنانی دوو لیواكە بۆ پاراستنی ئەو ناوچانەیە بەلای هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستانەوە جێگەی گرنگین "لە داهاتوشدا دەستبەكاربونیان گۆڕانكاری ئەمنی گەورە لەو سنورانەدا دروستدەبێت و هێزە ئەمنیەكان ڕۆڵی بەرچاویان دەبێت لەكەمكردنەوەی مەترسییەكانی تیرۆر".
سوپای عیراق و پێشمەرگە لە ئایاری ساڵی رابردوشدا ژمارەیەك ژوری هەماهەنگی هاوبەشیان لە بەغداد، هەولێر، كەركوك، دیالە و چەند ناوچەیەكی نەینەوا پێكهێنا بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری سەربازی و هەواڵگری.