بەبڕیاری پەروەردە، داخستنی قوتابخانەی كوردی گوندێكی قەزای داقوق هەڵدەوەشێنرێتەوە و كەلوپەلەكانیشی بۆ دەگەڕێنرێتەوە، تا خوێندكاران درێژە بە خوێندنی ئەمساڵ بدەن.
قوتابخانەی رازی سەرەتایی تێكەڵاو لە گوندی شۆراو (ناسراو بە حەمەغەریب)، هەفتەی رابردوو شمەك و پێداویستییەكانی گوزرایەوە بۆ گوندێكی دیكە، دوای ناردنەوەی خوێندكارەكانیشی بۆ ماڵەوە دەرگاكەی بە قفڵ داخرا، بەڵام ئەو بڕیارە ناڕەزایی لێكەوتەوە و ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ـی ئادار جارێكیتر دەرگای قوتابخانەكە كرایەوە.
غایب محەمەد، ئەنجومەنی گوندی شۆراو بە (كەركوك ناو)ـی وت بڕیاری داخستنی قوتابخانەكە هەڵوەشێنراوەتەوە و جارێكیتر قوتابییەكانیان گەڕاونەتەوە بۆ خوێندن.
پێشتر لەڕێی (كەركوك ناو)ـەوە خەڵكی ئەو گوندە ناڕەزاییان دژی داخستنی قوتابخانەكە دەربڕی كە زیاتر لە 15 خوێندكاری هەیە.
ڤیدیۆ: ئەنجومەنی گوندی شۆراو و بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی باس لە كردنەوەی قوتابخانەی راز دەكەن
گوندەكە لە سنوری قەزای داقوق-ـی پارێزگای كەركوكە بەڵام لەروی ئیدارییە سەر بە قەزای دوزخورماتووە لە پارێزگای سەڵاحەدین.
تاریق ئەحمەد، بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە قەزای دوزخورماتوو بە (كەركوك ناو)ـی وت پێشتر لەسەر بنەمای یاداشتی چەند سەرپەرشتیارێكی پەروەردەی بە پاساوی ئەوەی ژمارەی خوێندكارەكانی ئەو قوتابخانەیە كەمن بۆیە پەروەردەی سەڵاحەدین بڕیاری داخستنی دەركرد، بەڵام دواتر بڕیارەكە هەڵوەشێنرایەوە و ئێستا دەوام لە قوتابخانەكە ئاسایی بۆتەوە.
هەروەها وتی هەموو كەلوپەلی قوتابخانەكە كە گواسترابۆوە بۆ گوندێكی دیكە و قوتابخانەیەكی عەرەبی دوبارە گەڕێنراوەتەوە بۆ گوندی شۆراو.