لە هەفتەی رابردودا لانیكەم 200 سەگی بەرەڵا لە قەزای شنگال، ژەهرخواردكراون و لە ناوبراون، ئەوەش بەپێی زیاد لە سەرچاوەیەك كە جەختیانكردەوە لەوەی "ژمارەیەك فەرمانگەی حكومی بەو كارەهەستاون".
دانیشتووانی قەزای شنگال (نزیكەی 120كم لە خۆرئاوای موسڵ دورە)، دوو ساڵە گیرۆدەی زیادبونی ژمارەی ئەو سەگانەن كە خاوەنیان نییە و بەردەوام رێژەیان بە زاوزێ لە زیادبوندایە، ئەوان بونی سەگی بەرەڵایان بە مەترسی بۆ سەر ژیانیان دەزانن و تاكە رێگەی حكومەتیش لە ئێستادا لەناوبردنیانە لەڕێی ژەهرخواردكردنەوە.
حسێن سەعید، چالاکوانێكی مەدەنییە لە ناوەندی قەزای شنگال بە (کەرکوک ناو)ی وت "هەفتەی رابردوو پۆلیس و شارەوانی دەستیانكرد بە لەناوبردنی لانیكەم 200 سەگی بەرەڵا لەڕێی ژەهرخواردكردنی گۆشت و پێدانیان، بەڵام ئەوە رێگەیەكی خراپە بۆ كەمكردنەوەی ناڕەزایی و مەترسی هاوڵاتیان لە زیادبونی سەگی بەرەڵا لە شنگال و ناحییەكانی دەوروبەری".
لەناوبردنی سەگەكان، دوای ئەوە هاتووە كە ژمارەیەك لە خەڵكی ناوچەكە لەڕێی سەردانیان بۆ شارەوانی و پۆلیس داوایان لێیانكردووە چارەسەرێك بۆ ئەو سەگانە بدۆزرێتەوە، هەر بەوتەی حسێن سەعید.
هاوكات سەرچاوەیەکى ئەمنى لە ناوەندى قەزاى شنگال، - رەتیكردەوە ناوی بڵاوبكرێتەوە بەهۆی ئەوەی رێگەپێدانی نییە بۆ لێدوان-، بە (كەركوك ناو)ی وت "سەگەكان لەسەر داواکارى خەڵک و بەهۆی زیادبونى ژمارەیانەوە لەناوبراون، نەك تەنیا شارەوانی و پۆلیس، بەڵكو بڕیارەكە لەلایەن زۆرینەی فەرمانگەكانی شنگال و دەوروبەرییەوە بووە و رەزامەندییان بۆ لەناوبردنیانداوە".
سەگەكان لەسەر داواکارى خەڵک و بەهۆی زیادبونى ژمارەیانەوە لەناوبراون، نەك تەنیا شارەوانی و پۆلیس، بەڵكو بڕیارەكە لەلایەن زۆرینەی فەرمانگەكانی شنگال و دەوروبەرییەوە بووە و رەزامەندییان بۆ لەناوبردنیانداوە
لەبارەی ژمارەی سەگەكان، ئەو سەرچاوەیە وتی "200 سەگ لەناوبراون".
ئەمە سێیەم هەنگاوی كوشتنی سەگی بەرەڵایە بە شێوەی كۆمەڵ لە سێ ساڵی رابردودا.
ساڵی 2021 تەنیا لە ناحیەی سنونێ سنوری قەزای شنگال، لەیەك رۆژدا 40 سەگ بەهەمان شێوە لەناوبران، لە 2020یشدا 50 سەگی تر، ئەوەش ناڕەزایی چالاكوانانی مەدەنی ناوچەكەی بەدواداهات.
خودێدا چوکى، بەڕێوەبەرى ناحیەى سنونێ بە (کەرکوک ناو)ى وت "سەگى بەرەڵا تا بڵێى ژمارەیان زۆر بووە، ساڵی رابردوو ژمارەیەك سەگی بەرەڵامان لەناوبرد، بەڵام روبەڕوی رەخنە بوینەوە، بۆیە ئێمە وەكو ئیدارەی ناحیەكەمان ئەمساڵ هیچ سەگێكی بەرەڵامان لەم ناوچەیە لەناو نەبردووە".
"داوامان لە دەزگا پەیوەندیدارەکان کردووە كێشەی سەگی بەرەڵا بە رێگەی تر چارەسەر بكەن، بەڵام بێسود بووە"، خودێدا زیاتر وتی "من ناڵێم لەناوبردنیان چارەسەرە، بەڵام خۆ ناکرێت پەلاماری خەڵك بدەن و برینداریان بكەن و ببنە مەترسی بۆ سەر ژیانیان... حکومەت دەتوانێت شوێنێکی تایبەتیان بۆ دروست بكات".
ئەوەش هەمان داواكاریی ئیدارەی خۆجێی ناوچەكەیە بۆ ئیدارەی پارێزگای نەینەوا لە دوو ساڵی رابردودا.
خەلەف حەیدەر، بەڕێوەبەرى هۆبەى ڤێتەرنەرى لە ناحیەى سنونێ، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە پارێزگاى نەینەوا هیچ شوێنێکی تایبەت نییە بۆ بەخێوكردنی سەگی بەرەڵا، ئەوەش کێشەیەکى گەورەیە نەک بۆ قەزاى شنگال بەڵکو بە تەواوى پارێزگاى نەینەوا".
لە پارێزگاى نەینەوا هیچ شوێنێکی تایبەت نییە بۆ بەخێوكردنی سەگی بەرەڵا، ئەوەش کێشەیەکى گەورەیە
جەختیشیكردەوە كە لەسەر داواكاریی ئەوان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڤێتەرنەری نەینەوا، لە ساڵانی رابردودا داوایەكیان ئاراستەی پارێزگاری نەینەوا كردووە، بەڵام هیچ بڕیارێك نەدراوە.
(كەركوك ناو) لە دوو رۆژی رابردودا لەڕێی تەلەفون و نامەوە، پەیوەندی بە هەردوو جێگری پارێزگاری نەینەواوە كرد، بەڵام بۆ قسەكردن بەردەست نەبون.
بەپێی ئامارێكی نافەرمی ئیدارەی قەزای شنگال، لە سەروی هەزار سەگی بەرەڵا لەناو شار و شارۆچكەكانی قەزای سنگالدا هەن و لە گەڕەك و كۆڵانەكاندا بڵاوبونەتەوە.
لە قەزای شنگال و لە دوو ساڵی رابردودا سەگی بەرەڵا لانیكەم 10 كەسیان برینداركردووە، جگە لە زیانگەیاندن بە پەلەوەری هاوڵاتیان لەوانەش مریشك.
بەرەکات عیسا، فەرمانبەرێكی حكومییە لە شنگال، وتی "منداڵەكانمان دەترسن و ژنان بە تەنیا ناتوانن بچنە دەرەوە، بە تایبەت لە شەواندا".
وتیشی "زۆرینەی سەگەكان لە گوندەكانەوە دێن، دوای ئەوەی لە چەند ساڵی رابردودا گوندەكان چۆڵبون... ئەگەر حکومەت شوێنێکیان بۆ دروستنەکات، چارەسەر ئەوەیە لەناوببرێن".
هەروەها خەلەف حەیدەر وتی "من دوو چارەسەرم پێیە، یان دەبێت هەمویان لەناوببرێن، یان شوێنێكی تایبەتیان بۆ دروستبكرێت و لەوێ بەخێوبكرێن".
بەڵام بەڕای حسێن سەعید، چالاكوانی مەدەنی لە قەزای شنگال، "باشترین چارەسەر ئەوەیە شوێنێكیان بۆ دابینبكرێت و لەوێ كۆبكرێنەوە".