بازرگانانی كەركوك
جۆر و كواڵیتی خۆراكی شارەكە بۆ بازرگانانی توركیا دیاریدەكەن

كەركوك/ 28ی ئاداری 2022/ دیداری نێوان سەرمایەدار و بازرگانانی كەركوك و توركیا. فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كەركوك

بازرگانانی كەركوك لە دیدارێكی هاوبەشدا لەگەڵ ژمارەیەك بازرگان و سەرمایەداری توركیا، جۆری ئەو خۆراك و پێداویستیانەیان بۆ دیاریكردن كە خەڵكی پارێزگای كەركوك پێویستیان پێی هەیە، لەگەڵ كواڵیتی خۆراكەكان.

ئەو دیدارە، دووشەممە 28ی ئادار لە كەركوك بەڕێوەچوو بە بەشداری 30 بازرگان، سەرمایەدار و وەبەرهێنەری كەركوك و توركیا، كە لەلایەن ژوری بازرگانی كەركوكەوە دیدارەكە رێكخرابوو.

عومەر مامۆ، جێگرى سەرۆكی ژورى بازرگانى کەرکوک، لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە "لە دواى ساڵى 2003وە عیراق بۆتە وڵاتێكی سەد لەسەد هاوردەكار، توركیا یەكێكە لەو وڵاتانەی زۆرترین بابەتی خۆراك و كاڵای لێوە هاوردە دەكرێت، بۆیە ئەم دیدارە بۆ كەركوك گرنگە تا هەر بازرگانە و خواستی خۆیان بخەنەڕوو لەوەی كەركوك چی پێویستە و چ جۆرە كواڵیتییەك".

جەختیشكردەوە "خۆمان هیچ بەرهەمێكی ناوخۆییمان نییە، ناچارین بیر لەوە دەكەینەوە ئەوەی هاوردە دەكرێت چی بێت، بۆیە ئەم دیدارەمان رێكخست، بەگشتی ئامانجمان ئەوەیە نرخی خۆراك و كاڵا و شتومەك لە بازاڕەكانی كەركوك جێگیربێت".

خۆمان هیچ بەرهەمێكی ناوخۆییمان نییە، ناچارین بیر لەوە دەكەینەوە ئەوەی هاوردە دەكرێت چی بێت، بۆیە ئەم دیدارەمان رێكخست

لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕی روسیا و ئۆكراینا، نرخی هەندێك كاڵا و شتومەك و خۆراك لە بازاڕەكانی عیراق و لەوانەش كەركوك بەرزبونەوە، بەتایبەت ئەوانەی لە توركیاوە هاوردە دەكرێن.

عومەر مامۆ، وتی "گرانبونی بەشێك لە نرخەكان لە دەرەوەی دەسەڵاتی هەردولایە، بەڵام ئەم گفتوگۆیە گرنگە بۆ ئەوەی بزانین لەمەدوا چیمان دەوێت و چی بكەین بۆ ئەوەی نرخی هەندێك كاڵا و خۆراك جێگیربێت".

کەنعان ئایدن، سەرۆکی کۆمپانیای KNNی توركی، كە لە دیدارەكەدا بەشداربوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "هاتنمان بۆ کەرکوک بۆ سەلماندنی ئەو راستییەیە کە ئەم پارێزگایە لە دۆخێکی سەقامگیردایە و ئێمەش دەمانەوێت رۆڵمان هەبێت لە پەرەسەندنی بازرگانی نێوانمان، پاش ئەوەى كەركوك بە ساڵانێکی قورسی ئەمنیدا تێپەڕبوو".

bazrgannakan
كەركوك/ 28ی ئاداری 2022/ دیداری نێوان سەرمایەدار و بازرگانانی كەركوك و توركیا. فۆتۆ: كاروان ساڵحی

زیاتر وتی "دەمانەوێت بزانین ئەو كاڵا و شتومەكانەی بازرگانانی كەركوك و خەڵكی شارەكە دەیانەوێت چییە، جۆرەكەی چییە و كواڵیتییەكەی چۆن بێت، هەروەها بۆ ئەوەی لە نزیكەوە یەكتر بناسین و تا هاوكاری یەكتر بكەین لە رێگریكردن لە هەندێك رۆتین كە هۆكاربون بۆ گرانبونی هەندێك خۆراك و كاڵا تا هاوڵاتیان زەرەرمەند نەبن".

بەپێی وتەی سەرۆكی ژوری بازرگانی كەركوك، عیراق ساڵانە بە بەهای 12 ملیار دۆلار لە تورکیا کاڵا و شتومەک هاوردەدەکات.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT