دادگای لێكۆڵینەوەی كەركوك، داوای ناوی ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پارێزگا دەكات كە بەشدارییان لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستاندا كردووە، لەكاتێكدا ئەنجومەنی پارێزگا زیاتر لە سێ ساڵە كۆتایی بە كارەكانیان هێنراوە.
نوسراوەكەی نوسینگەی لێكۆڵینەوەی دادوەری سەر بە دادگای لێكۆڵینەوەی كەركوك، لە 14ـی ئاداری 2022 ئاراستەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كراوە و تیایدا هاتووە "بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارەی لەم دادگایەدا دەرچووە، پێویستە ناوی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگامان پێبدرێت كە بەشدارییان لە ریفراندۆم كردووە".
هەروەها نوسراوە پێویستە نوێنەری یاسایی ئەنجومەنی پارێزگا لەبەردەم دادگادا ئامادەبن "بۆ ئەوەی رونیبكاتەوە ئاخۆ دەیەوێت داوا دژی بەشداربووانی ریفراندۆمەكە تۆمار بكات یان نا".
پەرلەمانی عیراق لە 2019 كۆتایی بە تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاكان هێنا، ئەوەش لەڕێی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەكانەوە.
(كەركوك ناو) لە دادگای كەركوكەوە كۆپی ئەو نوسراوەی دادگای لێكۆڵینەوەی دەستكەوت، بەڵام نەیتوانی هیچ لێدوانێك لەوبارەیەوە وەربگرێت یان هۆكاری دەركردنی ئەو نوسراوە لەم كاتەدا ئاشكرابكات.
بەڵام جوان حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك –ئەنجومەن لە 2019 كۆتایی بەكارەكانی هێنراوە- بە (كەركوك ناو)ـی وت "راستە ئەو نوسراوەی دادگا هەیە، بەڵام پێمانسەیرە دوای ئەو ماوەیە ئەو دۆسیەیە نوێ كراوەتەوە" پێشیوایە دەستی لایەنی دیكەی لە پشتەوەیە.
"ئەو دۆسیەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵێك دوای ریفراندۆم، بەڵام ئێمە بڕیاری یاساییمان هەیە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە كە ئەوانەی بەشداریم ریفراندۆمیان كرد هیچ دادگاییەكی یاسایی و سزایی نایانگرێتەوە و ئاسەواری نامێنێت" بەوتەی جوان حەسەن.
دادگای باڵای فیدراڵی عیراق، لە 20ـی تشرینی دوەمی 2017 بڕیاریدا بە نادەستوریبونی ریفراندۆم و سڕینەوەی تەواوی شوێنەوارەكانی.
جوان حەسەن وتی "سەرانی ریفراندۆم ئێستا و پێشتریش لە بەغدا پۆستی باڵایان وەرگرت، لە وەزیر بۆ پەرلەمانتاری تا سەرۆكایەتی كۆمار، واتە بۆ ئەوان بارودۆخەكە ئاسایی بۆتەوە و بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا كێشەكە زەقكراوەتەوە".
ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، ئابی 2017 لە كۆبونەوەیەكدا بهبێ بهشداریی نوێنەرانی عهرهب و توركمان، بڕیاریدا ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان كەركوكیش بگرێتەوە، بەوپێیەی لە 41 ئەندامی ئەنجومەن، 26 ئەندامیان لە لیستی برایەتی (کورد) بون.
ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە هەرێمی كوردستان و ناوچهكانی جێناكۆك، لە 25ی ئەیلولی 2017 سهدای 92ی دهنگی بهڵێی بهدهستهێنا؛ بەڵام دوای 21 رۆژ و له 16ی ئۆكتۆبهری هەمان ساڵدا، هێزه چەكدارەكانی سەر بە حكومەتی فیدراڵی بۆ كەركوك و ناوچەكانی تری جیناكۆك گهڕانهوه، بەهۆیەوە حكومەتی هەرێم لەو ناوچانەدا پاشەكشێی كرد و ئەنجامی ریفراندۆمی لهژێر فشاری بهغدادا سڕكرد.