بەهۆی وێرانكاری و كەمی بودجەوەیە

هاوڵاتیانی تەلەعفەر: خزمەتگوزارییەكان لە ئاست داخوازییەكانماندا نین

نەینەوا/ ئاداری 2022/ پرۆژەی چاككردنی شەقامێكی گەڕەكی موسەنا لە ناوەندی قەزای تەلەعفەر فۆتۆ: راگەیاندنی شارەوانی

كەركوك ناو – نەینەوا

"نكۆڵی لە هەوڵی فەرمانگە حكومییەكانی تەلەعفەر ناكرێت بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان، بەڵام هێشتا لە ئاستی داخوازی خەڵكدا نییە، چونكە شارەكە پێویستی بە قیرتاوكردنی شەقامەكان و هەڵگرتنەوەی پاشماوەی شەڕ هەیە، لێرەولەوێ خۆڵ و خاشاك كەڵەكە بون، لە چەند گەڕەكێكیش گرفتی كەمی ئاو هەیە" حەسەن عەلی وای وت.

حەسەن (44 ساڵ)، دانیشتوی قەزای تەلەعفەر بە (كەركوك ناو)ـی وت قەزاكە پێویستی بە خزمەتگوزاری تەندروستی هەیە، چونكە نەخۆشخانەی گشتی چیتر توانای خزمەت و دابینكردنی دەرمانی تەواوەتی نییە، جگە لە نەبونی چەندین بەشی گرنگ و ئامێر و تاقیگە.

قەزای تەلەعفەر كە دانیشتوانەكەی لە 450 هەزار كەسن، لە ناوەندی قەزاكە و سێ ناحیە پێكهاتون، لە ناوەندی شار هەموی توركمان و لە ناوچەكانی دیكەش عەرەب و كورد هەن.

لە بودجەی پەرەپێدان بڕی دوو ملیار دینارمان بەردەكەوێت

"لەگەڵ وەرگرتنی ئەركی قایمقامیەت، دەستمكرد بە تەواوی كردنی ئەو كارانەی قایمقام و ئەنجومەنی پێشوی قەزاكە دەستیانپێكردبوو" قاسم محەمەد شەریف، قایمقامی تەلەعفەر بۆ (كەركوك ناو) وادەڵێت.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا كارەكانی قیرتاوكردنەوەی شەقامەكان لەلایەن شارەوانییەوە لەبەرچاون و هەموو شەقامە سەرەكییەكان چاككراونەتەوە، دوای ئەوەی لە سەردەمی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام - داعش" زیانیان بەركەوت، لەگەڵ ئەوەشدا، بەهۆی فراوانبونی روبەری نیشتەجێبونەوە ژمارەیەك شەقامی دیكە دروستكراون.

له‌شه‌ڕی سێ ساڵه‌ی هێزه‌ عیراقییه‌كان به‌رانبه‌ر داعش (2014 - 2017)، رێگه‌وبانه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌ رێژه‌ی له‌ سه‌دا 90 زیانیان به‌ركه‌وت، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی ئیدارەی ئەو پارێزگایە.

2-12
نەینەوا/ ئاداری 2022/ قیرتاوكردنی شەقامێكی ناوەندی قەزای تەلەعفەر فۆتۆ: راگەیاندنی شارەوانی

قایمقامی تەلەعفەر وتی "قەزاكە لە بودجەی سڕكراودا دەوروبەری 13 ملیار دیناری عیراقی بەردەكەوێت -ئەو بودجەیەی تەرخانكراوە بۆ قەزاكە بەڵام ناتوانن مامەڵەی پێوەبكەن-، جگە لە دوو ملیار دیناری بودجەی گەشەپێدان، بۆیە بەهیواین بتوانین ئەو پرۆژە گرنگانە جێبەجێبكەین كە رۆڵیان لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری باشتر بە هاوڵاتیان هەیە".

ته‌له‌عفه‌ر؛ گه‌وره‌ترین قه‌زایه‌ له‌ عیراق، 23 گه‌ڕه‌ك و 30 هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبون له‌ خۆده‌گرێت، لە شەڕی داعشدا ده‌وروبه‌ری پێنج هه‌زار خانوو زیانیان به‌ركه‌وت و زیاتر له‌ 600 خانوو به‌ ته‌واوی داڕوخان، له‌رێی ته‌قاندنه‌وه‌ یان سوتاندنیانه‌وه، 14 گوندیش خاپور بون، رێژەی وێرانكاری له‌ قەزاكە ده‌گاته‌ سه‌دا 35، بەپێی ئامارەكانی شارەوانی تەلەعفەر بۆ (كەركوك ناو).

"لەپاڵ خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانی شارەوانی و تەندروستی و ئەوانیتر، تەلەعفەر زۆر پێویستی بە شوێنی كاتبەسەربردن و گەشتیاری هەیە تا هاوڵاتیان بتوانن تیایدا بحەسێنەوە" رائد عومەر، هاوڵاتی نیشتەجێی تەلەعفەر وای وت.

هیوادارین تەلەعفەر بگەڕێتەوە ئەو پێگەیەی شایستەی گرنگیپێدانی حكومەت بێت

عومەر (52 ساڵ) پێیوایە یەكێكی دیكە لە گرفتەكانی تەلەعفەر ئاوەڕۆیە، جگەلەوەش "سوپایەك لە هاوڵاتی بێكار هەن".

په‌رله‌مانی عیراق، ته‌له‌عفه‌ری وه‌ك شارێكی وێران ناساندووه‌ بەهۆی شەڕی داعشەوە، كە جگە لە زیانی ماددی، دەیان هاوڵاتی قەزاكە كوژراون، هەزار و 300 كەسیش كە لە نێویاندا ژن و منداڵ هەن، چارەنوسیان نادیارە لە دوای رفاندنیانەوە لەلایەن داعشەوە.

تەلەعفەر (69كم باكوری خۆرئاوای موسڵ)، لە حوزەیرانی 2014ـدا كەوتە دەستی داعش و بەهۆیەوە دەوروبەری 225 هەزار كەس ئاوارەبون و نزیكەی سەدا 60ـیان گەڕاونەتەوە، لە دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزاكە لە ئابی 2017ـدا.

"هیوادارین ببینین تەلەعفەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پێگەیەی شایستەی گرنگیپێدانی حكومەتی خۆجێیی و ناوەند بێت، بە تایبەت كە قوربانی زۆری داوە و زیاتر لە دەیەیەك بەدەست قەیرانەكانەوە ناڵاندویەتی، بۆیە پێویستە بارودۆخی خزمەتگوزاری قەزاكە باشتر بكرێت" حەسەن عەلی وای وت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT