وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە پەرلەمانی عیراق، داوای رونكردنەوە لە شارەوانی خانەقین و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات، لەسەر پرسی لەناوبردنی باخە خورماكانی خانەقین و گۆڕینی رەگەزیان بۆ یەكەی نیشتەجێبون، بۆ ئەوەش داتاو زانیارییەكانی راپۆرتێكی (كەركوك ناو) وەك نمونە باس دەكات.
پەرلەمانتار سۆزان مەنسور، كە یەكێكە لە نوێنەرانی پارێزگای دیالە لە پەرلەمانی عیراق، پێنجشەممە 7ی نیسان، لە نوسراوێكدا كە بۆ شارەوانی خانەقینی ناردووە، داوا دەكات رونكردنەوەی پێویست بدرێت لەبارەی لەناوبردنی باخە خورماكانی خانەقین و زیادەڕۆیكردن بۆ سەر زەوییەكانی هەردوو وەزارەتی شارەوانی و دارایی لەو قەزایە.
لە راگەیەنراوێكیشدا كە ئاراستەی لایەنە پەوەندیدارەكانی قەزاكەی كردووە و داوای رونكردنەوەیان لێدەكات، "بۆ ئەوەی بزانرێت بە فەرمانی کێ ئەم کارانە کراون، بۆئەوەی لە رێگایی دادگا و دەستەی دەستپاکییەوە سکاڵای لەدژ بجوڵێنرێت".
بۆ ئەوەی بزانرێت بە فەرمانی کێ ئەم کارانە کراون، بۆئەوەی لە رێگایی دادگا و دەستەی دەستپاکییەوە سکاڵای لەدژ بجوڵێنرێت
(كەركوك ناو)، لە ئابی 2021دا راپۆرتێكی لەسەر پرسی لەناوبردنی باخە خورماكانی خانەقین بڵاوكردەوە و لە بەشێكیدا هاتووە "دەیان باخەوان باخە خورماكانیان لە خانەقین دەبڕنەوە و دەسوتێنن، زەوییەكەی پارچە پارچە دەكەن و بۆ یەكەی نیشتەجێبون دەیفرۆشن. ئەوەش بە پاڵپشتی هەندێك دەستڕۆیشتوو، ئەمە لەكاتێكدایە لایەنی حكومی دەڵێت پێویستیان بە هێزی گەورە و یاسا هەیە بۆ راگرتنی ئەو زیادەڕۆیانە".
بەپێێ ئامارێكی فەرمانگەی كشتوكاڵی خانەقین، كە دراوە بە (كەركوك ناو)، لەو قەزایە دوو هەزار و 254 دۆنم باخی تاپۆ هەن و زۆرینەیان خورمان، لەگەڵ 160 دۆنم-ی گرێبەست.
"باخەكان لە یەك دۆنمەوە دەستپێدەكات تا 70 دۆنم و زۆربەیان دەكەونە ناو سەنتەری شار"، كامەران عەبدوڵا بەڕێوەبەری كشتوكاڵی خانەقین وای وت. جەختیشكردەوە "تەنیا لە چوار ساڵی رابردودا 200 دۆنم باخ سوتێنراون و دواتر كراون بە نیشتەجێبون".
تەنیا لە چوار ساڵی رابردودا 200 دۆنم باخ سوتێنراون و دواتر كراون بە نیشتەجێبون
سۆزان مەنسور، ئەمڕۆ 7ی نیسان بە (كەركوك ناو)ی وت "سەد لە سەد سودمان لەو راپۆرتەی (كەركوك ناو)، بینیوە، لە داتا و زانیارییەكانی، بەدواداچونەكەشمان هەر لەو چوارچێوەیەدا بووە و دەمانەوێت كۆتایی بە لەناوبردنی باخە خورماكانی خانەقین بهێنرێت و ئەوانەش سزابدرێن كە لەپشت لەناوبردنی باخە خورماكانەوەن، هەر بۆیە لەسەرەتادا داوای رونكردنەوەمان كردووە".
ڤیدیۆ: راگەیاندنی نوسینگەی پەرلەمانتار سۆزان مەسنور
سۆزان مەنسور، وتیشی "جاران بە خانەقین دەگوترا شاری ناوباخان، تەمەنی باخەکان لە نێوان 50 تبۆ 70 ساڵ و زیاتر دەگەڕێتەوە، ناکرێت کشتوکاڵی خانەقین بڵێت لە ماوەی پێنج ساڵدا سەروو 200 دۆنم باخ لە ناوبراون".
سەربەست برزۆ، چالاكوانێكی مەدەنیی و ژینگەییە لە خانەقین، لە راپۆرتەكەی (كەركوك ناو)دا وتی "لە عیراق 360 جۆری خورما هەیە، زۆربەی ئەو جۆرانە لە خانەقین هەن، بەڵام وردە وردە لەناودەبرێن، لەكاتێكدا پاراستنی جۆرێتی خورما زۆر گرنگە... ئەوە سامانێكی گرنگی نیشتیمانییە".
ئاوس ئیبراهیم، سەرۆكی شارەوانى خانەقین، لە لێدوانێكی پێشوتریدا بۆ (كەركوك ناو) وتی "راگرتنی ئەو زیادەڕۆییانە بۆ سەر باخەكان پێویستی بە هێزی گەورە و یاسا هەیە".