قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەستگیركردنی تۆمەتبارانی كوشتنی نەقیب محەمەد لەتیف-ی راگەیاند. بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، تۆمەتبارەكان سێ كەسن و پێكهاتون لە باوكێك و كوڕەكەیی و ئامۆزایەكی باوكەكە.
ئاشكراكردنی ئەو سێ تۆمەتبارە، دوای سەردانێكی قوباد تاڵەبانی هات بۆ لای هاوسەری نەقیب محەمەد لەتیف و دوو منداڵەكەی و كەسوكارییان، بە یاوەری هیوا ئەحمەد، لێپرسراوی ئاسایشی سلێمانی، لە نیوەڕۆی ئەمڕۆ 12ی نیسانی 2022.
"وەک چۆن بەڵێنەکەمان بردەسەر لە دەستگیرکردنی تاوانباران، بە دڵنیاییشەوە تا کۆتایی چاودێری دۆسییەکە دەکەین و تاوانباران بەسزای یاسایی خۆیان دەگەیەنین"، قوباد تاڵەبانی وای وت.
تا کۆتایی چاودێری دۆسییەکە دەکەین و تاوانباران بەسزای یاسایی خۆیان دەگەیەنین
هەروەها دەستخۆشی لە ئاسایش و هێزە ئەمنییەکان کرد کە لە ماوەی رابردودا بە هەموو توانایانەوە کاریان کرد بۆ دەستگیرکردنی تاوانباران.
نەقیب محەمەد لەتیف و سێ پۆلیسی تری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، لە شەوی 4ی كانونی یەكەمی 2021دا لەكاتی هەوڵدان بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبارێك بە توندوتیژی دژی خێزانەكەی، لە ناوچەی تانجەڕۆ لە سلێمانی تەقەیان لێكراو بەهۆیەوە نەقیب محەمەد گیانیلەدەستدا و سێ هاوەڵەكەشی بە سەختی برینداربون.
قوباد تاڵەبانی وتی "روداوی دەستگیرکردنی بکوژانی شەهید محەمەد هەڵگری ئەو پەیامەیە کە هێزە ئەمنییەکان وریا و چاوکراوەن و تاوانبار ناتوانن لە سزای یاسایی دەربازبن".
بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، هێزە ئەمنییەكان سێ تۆمەتباریان دەستگیركردووە، كە پێكهاتون لە باوك و كوڕێك و ئامۆزایەكی باوكەكە و دەستگیركردنیشیان لە دەرەوەی دەسەڵاتی هێزەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بووە.
دەستگیركردنەكە بۆ دوو رۆژ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
قوباد تاڵەبانی، هاوكات لە پۆستێكیدا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، لەگەڵ بڵاوكردنەوەی وێنەیەكی خۆی و هاوسەر و هەردوو كچەكەی لەتیف محەمەد، نوسیویەتی "یامور گیان… کە لهدایکبوویت، بهڵێنم پێدای ئهوکاته سهردانت بکەم که ھەواڵی دهستگیرکردنی بکوژهکانی باوکت به خۆت و یارانی خوشکت بگهیهنم، وا دەستگیرکران".
هەروەها دەنوسێت "ئێوە دوو کیژۆڵهکهی شههید نهقیب محهمهدن، سەربەرزن کە پیاوێکی مەردی وەھا باوکی ئێوە بوو".
جێگری سەرۆک وەزیران لە سەردانەكەیدا بۆ لای كەسوكاری نەقیب محەمەد لەتیف، وتی "هەروەک چۆن روداوی دڵتەزێنی شەهیدبونەکەی ویژدانی هەموو خەڵکی کوردستانی هەژاند، دەبێت ئەم روداوە هەموو لایەکمان بەخۆدا بهێنێتەوە کە تەنها سزادانی تاوانباران بەس نییە، بەڵکو پێویستە توندوتیژی خێزانیش بە پلان بنبڕبکرێت".