قاچاغ و رۆتین
وەرگرتنی كۆبۆنی بەنزین لە كەركوك قورسدەكات

كەركوك/ 12ی نیسانی 2022/ گردبونەوەی شۆفێران لەسەری وەرگرتنی كۆبۆنی بەنزین لە وێستگەی جەبەل بۆر. فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كەركوك ناو

قاسم سەیفەدین، بە دوو دارشەقەوە، بۆ پێنجەم رۆژ لەبەردەم بەنزینخانەی جەبەل بۆر لە كەركوك، چاوەڕێی وەرگرتنی كۆبۆنی بەنزینی دەكرد، بۆ ئەوەی بتوانێت لیتری بەنزینی حكومی بە 450 دینار بۆ ئۆتۆمبێلەكەی بەدەستبهێنێت. لەبری ئەوەی لە بەنزینخانە بازرگانییەكان بە 900 دینار بیكڕێت.

قاسم بە رۆژو بوو، بە ئەستەم دەیتوانی قاچەكانی بجوڵێنێت، بە دەست و سەری لەرزۆكەوە وەكو هەموو خاوەن ئۆتۆمبێلێكی تر لەسەرەدابوو. "بەهەزارحاڵ و دوای پێنج رۆژ هاتوچۆ، توانیم كۆبۆنی بەنزینم وەربگرم، ئەگەر بەنزینی بازرگانی گران نەبوایە بە هیچ شێوەیەك ئامادەنەبوم بەمشێوەیە خۆم ماندوو بكەم". ئەو داوایكرد پێدانی كۆبۆنی بەنزین ئەوەندە قورس نەكرێت.

كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی كەركوك، پێدانی كۆبۆنی بەنزینی بۆ شۆفێرانی پارێزگای كەركوك لە بریكارەكانی خۆراك وەرگرتۆتەوە و خۆی لەڕێی چوار وێستگەی دابەشكردنی سوتەمەنییەوە كۆبۆنی بەنزین بە شۆفێران دەدات و رێكارەكانیشی قورستركردووە.

ئەو هەوڵە لەپێناو رێگریكردنە لە دەرهێنانی كۆبۆن بە شێوەی گزیی و نایاسایی و بۆتەهۆی دروستبونی قەرەباڵغی لەبەردەم وێستگەكان و دروستبونی ناڕەزایی شۆفێران.

قاسم وتی "ماندوێتی و دەردەسەریەكەی بۆ ئێمەیە، ئێرە شاری نەوت و بەنزینە، كەچی دەبێت پێنج رۆژ بە دارشەقەوە چاوەڕێی دەرهێنانی كۆبۆنی بەنزین بكەین".

ئێرە شاری نەوت و بەنزینە، كەچی دەبێت پێنج رۆژ بە دارشەقەوە چاوەڕێی دەرهێنانی كۆبۆنی بەنزین بكەین

دەرهێنانی كۆبۆنی بەنزین نزیكەی دەیەیەكە لە پارێزگای كەركوك جێبەجێدەكرێت، ئەوەش بۆ رێكخستنی كاری بەنزینخانە حكومییەكان و رێگریكردن لە بە قاچاغبردنی بەنزین بۆ پارێزگاكانی تری عیراق لەوانەش پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.

qasim
كەركوك/ 12ی نیسانی 2022/ قاسم سەیفەدین، دوای پێنج رۆژ لە هاتوچۆ و سەرەگرتن، كۆبۆنی بەنزینی وەرگرت. فۆتۆ: كەركوك ناو

شۆفێرانی پارێزگاكە لەڕێی ئەو كۆبۆنەوە دەتوانن لیتری بەنزین بە 450 دینار وەربگرن، بۆ هەر هەفتەیەك بۆ شۆفێری تایبەت 40 لیتر، لەكاتێكدا لە بەنزینخانە بازرگانییەكان لیتری 900 دینارە.

سێشەممە 12ی نیسان، شۆفێران لەبەردەم بەنزینخانەی جەبەل بۆر، لە خۆرهەڵاتی كەركوك، گردبونەوە و رێگای بازنەیی شارەكەیان داخست، دژی توندكردنی رێكارەكانی وەرگرتنی كۆبۆنی بەنزین.

بەپێی رێكارە نوێیەكان دەبێت ئۆتۆمبێلەكە بەناوی خۆتەوە بێت، یان بریكارنامەی پەسەندكراو، بۆ ئەوانەی ئۆتۆمبێلەكە بەناوی خۆیانەوە نییە، بەڵام بریكارنامەی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان قبوڵكراو نییە.

لەگەڵ وێنەیەكی ئۆتۆمبێلەكە، بەشێوەیەك تابلۆكانی بەڕونی دەركەوتبن و بۆنیتەكەی كرابێتەوە.  هەروەها شۆفێر و ئۆتۆمبێلەكەی لەبەردەم وێستگەیەكدا ئامادەبن و ساڵنامەكەی بەسەرنەچوبێت. ئەوەش وایكردووە قەرەباڵغییەكی زۆر دروستبێت و رایكردنی كارەكان بە سستی بڕۆن.

هەر بۆیە قاسم كە ئۆتۆمبێلەكە بەناوی خۆیەوەتی، ناچاربوو، هەر خۆشی بە دوو دارشەقەوە بچێت بۆ رایكردنی مامەڵەكانی. ئەگەرنا كۆبۆنی پێنادرا.

توندكردنی ئەو رێكارانە دوای ئەوە هات، كە شۆفێرانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، بەپێی بەدواداچونێكی (كەركوك ناو)، كۆبۆنی بەنزینیان بە سێ هەزار تا پێنج هەزار دینار بە قاچاغ لە بازاڕی رەش لە كەركوك دەكڕی و هەر لەوێ بە 450 دینار بەنزینیان وەردەگرت.

گرانبونی نرخی بەنزین لە پارێزگاكانی هەرێم - خراپترین جۆری بەنزین لە جۆری نۆرماڵ لیتری بە هەزار دینارە-، وایكرد كۆبۆنی بەنزین لە بازاڕی رەش نرخەكەی بۆ 14 هەزار دینار بەرزبێتەوە، ئەوەش كاریگەری هەبوو لە دروستبونی قەرەباڵغی لە بەنزینخانە حكومییەكان و ناڕەزایی شۆفێران.

كەركوك/ 12ی نیسانی 2022/ گردبونەوەی شۆفێران لەسەری وەرگرتنی كۆبۆنی بەنزین لە وێستگەی جەبەل بۆر. ڤیدیۆ: كەركوك ناو

سەرچاوەیەك لە كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەوە وایكرد رێكارەكان توند بكەین و دەسەڵاتی پێدانی كۆبۆنی بەنزین لە بریكارەكانی خۆراك وەربگرێنەوە".

بەڵام ساجیدە موزهیر (56ساڵ)، وتی "هەموو ژیانمان لە عیراق بۆتە سەرەگرتن، رۆتینات زۆر بووە و من سێ رۆژ لەسەر یەك دێمە ئەم وێستگەیە (جەبەل بۆر) و هێشتا نەمتوانیوە لەبەر قەرەباڵغی و رۆتینات كۆبۆنی بەنزین وەربگرم... ئەگەر بمزانیایە ئاوایە ئۆتۆمبێلەكەم بەناوی كوڕەكەمەوە دەكرد بۆ ئەوەی ئەو بێت سەرەبگرێت، چونكە من ناتوانم".

سەردار نادر (50ساڵ)، هەمان ناڕەزاییەتی هەبوو، وتی "ساڵانی پێشوو کۆبۆنی بەنزینەکەمان لە بریکاری خۆراک وەردەگرتەوە و هیچ ماندوو نەدەبوین و بەبێ کێشە مامەڵەکە تەواو دەکرا، بەڵام ئەمساڵ ئیشەكەیان زۆر قورسكردووە".

ئیدارەی پارێزگای كەركوك لەڕێی 22 بەنزینخانەی حكومییەوە هەفتانە بۆ هەر ئۆتۆمبێلێكی تایبەت 40 لیتر بەنزینی نۆرماڵ و بۆ تەكسی 80 لیتر دابەشدەكات.

دوای ناڕەزایی شۆفێڕان لە 12ی نیسان، کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتیەکانی کەرکوك بڕیاریدا لیژنەكانی پێدانی كۆبۆنی بەنزین لە چوار لیژنەوە بۆ 13 لیژنە زیاد بكات، ئەوەش لەپێناو كارئاسانیی و رایكردنی خێرای مامەڵەی شۆفێران.

سەرچاوەكەی (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە لەوەی هۆكارێكی تری وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی پێدانی كۆبۆنی بەنزین لە بریكارەكانی خۆراك بەهۆی ئەوەوە بوو، كە شۆفێران ساڵی رابردوو نیگەران بون لەوەی گوایا بریكارەكان بۆ هەر كۆبۆنێكی بەنزین بۆ هەموو ساڵەكە، بڕی 5 تا 10 هەزار دیناریان وەردەگرت.

تائیستا و بەپێی سەرچاوەكە، 165 هەزار كۆبۆنی بەنزین چاپكراوە و لەسەدا 10ی بە شۆفێران دراوە،

سەرچاوەكە وتی "پلانمان هەیە كۆبۆنی زیرەك دروستبكەین، بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی شاری كەركوك بە شێوەیەكی ئاسانتر بتوانن بەنزین لە بەنزینخانە حكومییەكان وەربگرن و رێگەش بگرین لە شۆفێرانی پارێزگاكانی تر كە لەسەر حسابی كەركوك بەنزینی حكومی وەربگرن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT