تەرمی ژنێك دەدۆزرێتەوە كە شوێنەواری چەقۆ بە جەستەیەوەیە و بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) كچەزایەكی بە تۆمەتی كوشتنی دەستگیردەكرێت.
روداوەكە دوانیوەڕۆی سێشەممە 12ـی نیسانی 2022 بووە لە گەڕەكی رەمەزانی ناوەندی قەزای خانەقین (باكوری خۆرهەڵاتی پارێزگای دیالە).
سەرچاوەیەكی لە نەخۆشخانەی گشتی خانەقین بە (كەركوك ناو)ـی وت "كاتژمێر 4ـی دوانیوەڕۆی دوێنێ ژنێك رەوانەی بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەكە كرا كە شوێنەواری زۆری چەقۆ بە مل و دەستیەوە بون، پێش ئەوەی چارەسەری بۆ بكرێت، گیانیلەدەستدا و دواتر تەرمەكەیمان رادەستی كەسوكاری كردەوە".
ئەو ژنە ناوی؛ نورییە محەمەد (75 ساڵ) بووە و لە ناو ماڵەكەی خۆیدا "كوژراوە".
(كەركوك ناو) نەیتوانی لێدوان لە كەسوكاری نزیكی ئەو ژنە وەربگرێت.
موقەدەم ساجیدە محەمەد، بەڕێوەبەری بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی خێزان لە خانەقین بە (كەركوك ناو)ـی وت "تەرمی ئەو ژنە لەناو ماڵەكەی خۆیدا دۆزراوەتەوە، دوای بەدواداچون و لێكۆڵینەوە، دەركەوت كوڕی كچی ئەو ژنە بكوژەكەیە، بۆیە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركراو و نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە دەستگیركرا".
تۆمەتبارەكە كچەزای كوژراوەكەیە و تەمەنی 22 ساڵە.
"كوشتنەكە لەبەر پارە و سامان بووە، دوای كوشتنی داپیرەی، ئەو كوڕە هەڵاتووە و دواتر لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراوە" بەوتەی بەڕێوەبەری بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی، ئەوەش یەكەم حاڵەتی كوشتنی ژنانە لەمساڵدا لە خانەقین تۆماربكرێت.
بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستانە و ئامارەكانی خانەقین لەچوارچێوەی ناوچەی گەرمیاندا بڵاودەكەنەوە، بەپێی ئامارەكانی ئەو بەڕێوەبەرایەتیییە لە ساڵی رابردوودا 24 ژن كوژراون، جیا لە تۆماركردنی 62 حاڵەتی "خۆكوشتن" و زیاتر لە 78 حاڵەتی "خۆسوتاندن".