بەغدا لە چارەنوسی 23 قوتابخانەی كەركوك دەكۆڵێتەوە

كەركوك/ نیسانی 2022/ قوتابخانەی ناوەندی زێوەر كە چەندین ساڵە لە تەواوبوندایە و دیارنییە كەی دەوامی تێدا دەكرێت فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو – كەركوك

وەزارەتی پەروەردەی عیراق، لە لێكۆڵینەوەدایە دەربارەی دۆسیەی بنیاتنان و نۆژەنكردنەوەی 23 قوتابخانە لە پارێزگای كەركوك، كە چەندین ساڵە بەشێكیان بە تەواونەكراوی جێهێڵدراون.

ئەو قوتابخانانە كە سەرەتایی تا ئامادەییان تێدایە، لە 2013ـەوە بەردی بناغەیان دانراوە یان قوتابخانەی كۆن بون و روخێنراون بە ئامانجی دوبارە بنیاتنانەوە لەسەر شێواز و دیزاینی نوێ.

بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) بەشێك لەو قوتابخانانە بەڕێژەی لە سەدا 80 تا 98 تەواو كراون، هەندێكیشیان كەمترین كاریان تیدا كراوە، بەڵام تەنیا ژمارەیەكیان رادەستی پەروەردەی كەركوك و ئیدارەی قوبخانەكان كراونەتەوە.

"لێكۆڵینەوەی ئیداری و دارایی لەدۆسیەی ئەو 23 قوتابخانەیە دەكرێت، ئێمەش چاودێری پرۆسەكە دەكەین، تا دوای لێكۆڵینەوەكان بڕیاربدرێت بە تەواوكردنی قوتابخانەكان و رادەستی ئیدارەی قوتابخانەكان بكرێنەوە" بەوتەی سەباح زەنگەنە، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە پشكی كەركوك.

زەنگەنە بە (كەركوك ناو)ـی وت ئەنجومەنی وەزیران ئاگاداری ئەو دۆسیەیە و هەوڵدەدرێت بە زویی رادەستبكرێنەوە، كە ئەوەش كاریگەری ئەرێنی لەسەر پرۆسەی خوێندن دەبێت، بەوپێیەی تائێستاش زۆرێك لە قوتابخانەكان سێ دەوامیان تێدادەكرێت بەهۆی نەبونی جێگە و بینای پێویست، "چاوەڕواندەكەین بۆ ساڵی نوێی خوێندن ئەو قوتابخانانە رادەستبكرێن".

بینا تازەكە بۆتە شوێنی هەڵدان و فڕینی كۆتر، لەكاتێكدا ئێمە لە باڵەخانەیەكی كۆندا داڕزاین

بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، بڕیارە دوای لێكۆڵینەوەكانی وەزارەتی پەروەردە لەسەر گومانەكانی گەندەڵی و گرفتی ئیداری و دارایی، بڕیاری كۆتایی لەبارەی چارەنوسی ئەو قوتابخانانەوە بدرێت.

قوتابخانەی زێوەر لە گەڕەكی رەحیماوەی كەركوك، یەكێكە لەو 23 قوتابخانەیە و چوار ساڵە خوێندكارەكانی لە باڵەخانەیەكی دیكەی جێگرەوەدا دەوام دەكەن، بەهۆی رادەستنەكردنی بینا نۆژەنكراوەكەیانەوە.

هاوكار لەتیف، قوتابی ناوەندی زێوەری كوڕانە و بە (كەركوك ناو)ـی وت "چوار ساڵە لە بینایەكی كۆندا دەوام دەكەین كە سێ دەوامی تێدایە، ناتوانن سود لە خوێندنەكەمان وەربگرین، ئامێری فێنككەرەوە و گەرمكەرەوەی تیادا نییە، بەزۆریش جێمان نابێتەوە".

ئەو قوتابخانەیە زیاتر لە 500 خوێندكاری هەیە.

هەڵكەوت لە هەمان قوتابخانەیە و بە پێكەنینەوە "خۆ بینا تازەكەش بۆتە شوێنی هەڵدان و فڕینی كۆتر، لەكاتێكدا ئێمە لە باڵەخانەیەكی كۆندا داڕزاین".

لە بەردەم قوتابخانە نۆژەنكراوەكەی ناوەندی زێوەر خۆڵ و خاشاكی زۆر كەڵەكە بووە.

xwendnga.haweja
كه‌ركوك/ 2019/ ژماره‌یه‌ك خوێندكار له‌ یه‌كێك له‌ خوێندنگه‌كانی قه‌زای حه‌ویجه‌ فۆتۆ: كاروان ساڵحی

شامیل جەودەت (50 ساڵ)، مامۆستایە لە ناوەندی زێوەر و بە نیگەرانییەوە دەڵێت "تكایە دەنگمان بە سەرپەرشتیاری كوردی و پەروەردەی عەرەبی بگەیەنن، وا چەندین ساڵە منداڵەكانمان سەرگەردان بون و هەریەكە و چۆتە قوتابخانەیەكی تر بەهۆی نەبونی بینا و جێگەی خوێندنەوە".

ئەو بە گومانە لە تەواونەكردنی پرۆژەی دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان "نازانین مەسەلەكە گەندەڵییە یان شتی ترە، بۆچی قوتابخانەكان تەواو ناكرێن و رادەستمانناكرێنەوە؟".

پرۆژەی ئەو 23 قوتابخانەیە بە بودجەی زیاتر لە 57 ملیار دینار لە ناوشار و قەزا و ناحیەكانی كەركوك جێبەجێدەكرێن.

عەلی حومادی، یاریدەدەری پارێزگاری كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "پرۆژەی ئەو 23 قوتابخانەیە بە تێچوی 57 ملیار دینارە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2013، بەڵام روبەری بەرفراوانی زەویی دەویست و ئێمەش لەبەر نەبونی زەوی پێویست، شوێنی هەندێك لە قوتابخانەكانمان گۆڕی، بەڵام حكومەتی فیدراڵی پێیوابوو زیادەڕۆییمان لە دەسەڵاتماندا كردووە بەهۆی ئەو گۆڕانكارییەوە".

داوامانكردووە تا لێكۆڵینەوەكان تەواو دەبن كاركردن لە پرۆژەكاندا نەوەستێت

هەروەها ئاماژەی بەوەدا بەشێك لەو قوتابخانانە رادەستكراونەتەوە و ئەوانەی دیكەش بەشێكیان سەدا 80ـی كارەكانیان تەواو بووە، وەك قوتابخانەی زێوەر، "بەهۆی لێكۆڵینەوەكانەوە كارەكان تیایاندا راگیراوە، بەڵام داوامانكردووە تا لێكۆڵینەوەكان تەواو دەبن كاركردن لە پرۆژەكاندا نەوەستێت و بڕیارە هەفتەی داهاتوو كاركردن دەستپێبكاتەوە" بەوتەی حومادی.

لە ئەیلولی 2020ـیشدا دەستەی نەزاهەی عیراق گەشتی دەرەوەی لە هەریەكە لە راكان سەعید، پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك، نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشوو و 23ی فەرمانبەری تر قەدەغە كرد و بانگهێشتی لێپرسینەوەی كردن، ئەوەش بە تۆمەتی "گەندەڵی" لە پڕۆژەی دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی 23 قوتابخانە.

لە پارێزگای كەركوك، زیاتر لە هەزار و 300 خوێندنگە و باخچەی منداڵان هەن كە زیاتر لە 356 هەزار منداڵ و خوێندكاریان هەیە، بەپێی ئامارەكانی دەزگای ناوەندی ئامار بۆ ساڵی خوێندنی 2017-2018.

یاریدەدەری پارێزگار دةڵێت لە چوارچێوەی رێككەوتنی ئابوری نێوان عیراق و چین، بەپێی هەنگاوی یەكەم هەزار قوتابخانە لە عیراقدا دروستدەكرێن و لەو ژمارەیەش 44 قوتابخانە بەر كەركوك دەكەوێت، لە هەنگاوی دوەمیشدا كە سێ هەزار قوتابخانەی تێدایە پشكی كەركوك دەگاتە 121 قوتابخانە.

ئەو رێككەوتنە لە ساڵی 2019ـدا واژۆكرا و لە كۆتایی ساڵی رابردوشدا ئەنجومەنی وەزیران لەو چوارچێوەیەدا ژمارەیەك گرێبەستی بۆ بنیاتنانی قوتابخانە لە 15 پارێزگای عیراق لە نێویاندا كەركوك پەسەندكرد.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT