"ئیتر دەتوانم بە مۆبایلەكەم نامە بنوسم، تابلۆی دیوارەكان بخوێنمەوە، هەروەها پێویستم بە خەڵك نابێت شوێنەكانم بۆ بدۆزێتەوە"، نعام رەشۆ (40ساڵ) وای وت. بەڵام جەختیكردەوە لەوەی ئەوە كۆتایی خەونەكەی نییە.
نعام رەشۆ، لەنێو كابینەیەكی كەمپی ئاوارەیی باجێت كەنداڵدا، لەسەر بۆردەكە دەیتوانی ماجیكەكە بە باشی بگریت و بنوسێت و وتی "ئەم دەرفەتە لەدەستنادەم، من دەبم بە خوێندەوار".
ئەم دەرفەتە لەدەستنادەم، من دەبم بە خوێندەوار
لەو كابینەیەدا ناوەندێكی نەهێشتنی نەخوێندەواری هەیە كە لە ساڵی 2021ەوە لەلایەن رێكخراوی یارمەتیی پێكەوەیی بۆ كوردستان (JHK) كراوەتەوە و حكومەتی عیراق مۆڵەتی رەسمی پێداوە، لە ئێستادا 58 ژن تیایدا دەخوێنن.
كەمپەكە دەكەوێتە قەزای سێمێڵ لە پارێزگای دهۆك و هەشت هەزار و 411 كەس لە چوارچێوەی هەزار و 684 خێزاندا لێی دەژین، كە زۆرینەی هەرە زۆریان ئاوارەی ئێزیدین.
نعام رەشۆ، ئەمساڵ یەكەم ساڵیەتی لەو ناوەندە، وتی "زۆر تامەزرۆم بۆ ئەم خوێندنە، چونكە كە منداڵ بوم لە خوێندن دەریانهێنام، بارودۆخی دارایی خێزانەكەم باش نەبوو، ئێستا نامەوێت ئەم دەرفەتە لەدەستبدەم".
فێرخواز لەو ناوەندە پێویستە چوار كۆرس وەربگرێت، هەر كۆرسێك سێ مانگە، دواتر بڕوانامەی ناوەندەكە وەردەگرێت و دەتوانێت بچێتە پۆلی شەشەمی سەرەتایی هەر لەناو خوێندنگەیەكی ناو كەمپەكە و بەردەوامبێت لە خوێندن.
بەڵام بەرلەوەی لەو خوێندنگەیە وەربگیرێن پێویستە لە تاقیكردنەوەیەكدا دەربچن كە پرسیارەكانی لەلایەن ئیدارەی خوێندنگەكەوە ئامادەدەكرێت، ئەو پرۆسەیەش بە ئاگاداری وەزارەتی پەروەردەی عیراق دەبێت، ئەوەش بەپێی وتەی فاروق مەحۆ، سەرپەرشتیارى پڕۆژەکانى رێکخراوى JHKی سویدی.
نعام كە لە قۆناغی كۆتایی كۆرسەكاندایە، دەڵێت "کاتەکانم دابەشکردووە بۆ كاری ناو ماڵ و بۆ خوێندن، چەند گرنگی بە ماڵ و منداڵ دەدەم، ئەوەندەش خوێندنەكەم".
زیاتر وتی "هەستێكی زۆر خۆشم هەیە، كە فێری خوێندنەوە و نوسین بوم، ئامانجم ئەوەیە بەردەوامبم لە خوێندن، ئەوەش خەونی دووەمی منە".
هەستێكی زۆر خۆشم هەیە، كە فێری خوێندنەوە و نوسین بوم، ئامانجم ئەوەیە بەردەوامبم لە خوێندن، ئەوەش خەونی دووەمی منە
نادر حسێن، خاتونێكی 47 ساڵ و فێرخوازێكی ترە، وتی "من کچى گەورەى خێزانەکەمان بوم، دایک و باوکم لە منداڵیمدا رێگربون لەوەی بخوێنم و بەردەوام سەرقاڵى کارى کشتوکاڵى و ناو ماڵ بوم، بەڵام كە زانیم ناوەندى نەهێشتنى نەخوێندەوارى کراوەتەوە زۆر دڵخۆشبوم، ناوی خۆم تۆماركرد و دەستم بە خوێندن كرد".
"من ئێستا فێری خوێندنەوە و نوسین بوم و ئاواتەكەم هاتەدی"، نادر كە دایكی هەشت منداڵە وایوت.
دایكایەتی و ژیان لە ئاوارەییدا نەبۆتە رێگر لە بەردەوامیدان بە خوێندنەكەی. ئەو وتی "هەستێكی زۆر خۆشم هەیە كە دەخوێنم... زاواکەم هەوڵى زۆرم لەگەڵدا دەدات و سەعیم پێدەكات، هەروەها هاوڕێی نوێم ناسیوە و بە ئومێدم بتوانم قۆناغەكانی تری خوێندن تەواوبكەم".
لەو ناوەندە، هەفتەى دوو رۆژ بە زمانی كوردی وانە دەوترێتەوە، ناوبەناویش خوێندنی ئەلكترۆنیان هەیە. فێرخوازەكان 20 ساڵی تا نزیكەی 50 ساڵین.
فواز قاسم، بەڕێوەبەرى ناوەندى نەهێشتنى نەخوێندەوارییەكەی كەمپی باجیت كانداڵ و هاوكات هەر خۆیشی وانە دەڵێتەوە، وتی "لێرە بڕوانامەیەكیان پێدەدرێت كە هاوتای بڕوانامەی پێنجی سەرەتاییە، بۆ ئەوەی لە پۆلی شەشەم بخوێنن پێویستە بچنە خوێندنگەی ناو كەمپەكە كە سەر بە حكومەتی عیراقە".
بەڵام وتی "ئەوانەی تەمەنیان زۆرە تەنیا بۆ فێربونی نوسین و خوێندنەوە دێن، ئەوانەشی كە تەمەنیان كەمە دەتوانن بچنە پۆلی شەشەم".
ئەو ناوەندە پێویستی بە هاوكاریی هەیە، وەك فواز قاسم دەڵێت "لە هاویندا گەرم و لە زستانیشدا ساردە".
فاروق حەمۆ، رێكخەری پڕۆژەكانی یارمەتیی پێكەوەیی بۆ كوردستان (JHK)، دەڵێت سەرەتا بڕیارەكەیان ئەوە بوو، كە ناوەندەكە بۆ ژنان و پیاوانیش بێت، "بەڵام پیاوان بەهۆی سەرقاڵبونیان بە كار و كەسابەتەوە كەمتر پابەنددەبون و ژمارەیەكی كەم دەهاتن، بەڵام خواستی ژنان بۆ فێربون زیاتر بوو، بۆیە بڕیارماندا لە قۆناغی یەكەمدا تەنیا ژنان وەربگرین".
پیاوان كەمتر پابەنددەبون و ژمارەیەكی كەم دەهاتن، بەڵام خواستی ژنان بۆ فێربون زیاتر بوو
"ئێستا 30 فێرخواز بڕوانامەی رێكخراوەكەیان وەرگرتووە... ئامانجی سەرەكی ئێمە ئەوەیە ژنان فێری نوسین و خوێندنەوە بكەین"، فاروق وایوت.
جەختیشیكردەوە "ئەوەی ئارەزوی لێبێت دەتوانێت لە پۆلی شەشەمی سەرەتاییەوە بەردەوامی بدات بە خوێندن، بە مەرجێك تەمەنیان زۆر نەبێت".
ئەوە تاكە ناوەندی نەهێشتنی نەخوێندەوارییە لە كەمپەكانی ئاوارەیی كە تەنیا لە پارێزگای دهۆك، 16 كەمپ هەن و 133 هەزار و 846 كەس تیایدا نیشتەجێن و لە ئێستادا هیچ بەرنامەیەك نییە ناوەندی هاوشێوە لە كەمپەكانی تر بكرێتەوە.