یەبەشە و سوپا "دیل بەدیل" دەكەن
شنگالییەكان داوای هێوركردنەوەی بارودۆخی قەزاكە دەكەن

نه‌ینه‌وا، هێزێكی یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه‌) فۆتۆ: راگه‌یاندنی یه‌به‌شه‌

عەمار عەزیز – نەینەوا

خەڵكی قەزای شنگال، داوادەكەن بە یەكجاری كۆتایی بە شەڕ و ناكۆكییە چەكدارییەكان بهێنرێت، ئەوەش دوای بارگرژییەكانی نێوان سوپای عیراق و یەبەشە دێت، كە ئێستا بەهۆی "دیل بە دیل"ـی هەردولاوە هێوربۆتەوە.

لە رۆژانی 18و 19ی نیسان شەڕ و پێكدادان لە نێوان ئاسایشی ئێزیدخان و یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) لەگەڵ سوپای عیراق دروستبوو، لەسەر كۆنترۆڵكردنی خاڵێكی سەربازی لە نزیك ناحیەی سنونێ، بەهۆیەوە شەڕڤانێك دوای برینداربونی گیانیلەدەستدا و سێی تر برینداربون، جگە لە برینداربونی 21 سەربازی سوپا و سێ مەدەنی.

بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) بارودۆخی شنگال هێوربۆتەوە و لە هیچ ناوچەیەكی قەزاكەدا شەڕ و بارگرژی نەماوە.

"شەڕ و ئاڵوزی یەبەشە و سوپا كاریگەری زۆر خراپی لەسەر هاوڵاتیان هەیە، خەڵك دەترسن روبەڕوی نەهامەتی دیكە ببنەوە، تەنانەت زانیاریم هەیە هەندێك خێزان ویستویانە لە ئاوارەیی بگەڕێنەوە و بەهۆی ئەو شەڕەوە گەڕانەوەیان دواخستووە" بەوتەی سەلام میرزا، چالاكوانی مەدەنی لە شنگال بۆ (كەركوك ناو).

لە كۆی 664 هەزار ئاوارەی هەرێمی كوردستان سەدا 30ـیان ئێزیدین و هێشتا چارەنوسی زیاتر لە دوو هەزار هاوڵاتی ئەو پێكهاتەیەش نادیارە، ئەوەش دوای رفاندنیان لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام – داعش" لە ئابی 2014ـدا.

"بارگرژییەكان كاریگەرییان لەسەر جوڵەی بازرگانی و بازاڕ و كەسابەتی هاوڵاتیانیش هەبووە"، میرزا دەڵێت "هۆكاری كێشەكان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و عیراقن كە قەزاكەیان پشتگوێخستووە و نایانەوێت بە یەكجاری ناكۆكییەكان چارەسەر بكرێن".

بارگرژییەكان كاریگەرییان لەسەر جوڵەی بازرگانی و بازاڕ و كەسابەتی هاوڵاتیانیش هەبووە

به‌پێی رێككه‌وتنی شنگال، كه‌ له‌ تشرینی یه‌كه‌می 2020 هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ رێكخستنه‌وه‌ی ئیداری، ئه‌منی و ئاوه‌دانی قه‌زاكه‌ واژۆیانكرد؛ دۆسیه‌ی ئه‌منی ناوه‌ندی شار به‌ده‌ست پۆلیسی ناوخۆیی و ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی و هه‌واڵگرییه‌وه‌ ده‌بێت، له‌ ده‌وروبه‌ری شاره‌كه‌ش هێزه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی فیدراڵی جێگیرده‌بن و هێزەكانی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستانیش هیچ رۆڵێكیان لە ئیدارەدانی ئەمنی و ئیداری قەزاكەدا نابێت و دەبێت ناوچەكە بەجێبهێڵن.

hez-snjar-1
نه‌ینه‌وا، 2020، هێزی چه‌كداری سه‌ر به‌ حكومه‌تی فیدراڵی عیراق له‌ قه‌زای شنگال فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

بەڵام ئەو رێككەوتنە تائێستا جێبەجێنەكراوە و له‌ قه‌زای شنگال زیاتر له‌ هه‌شت هێزی چه‌كداری جیاواز هه‌ن له‌ نێویاندا حه‌شدی شه‌عبی، ئاسایشی ئێزیدخان، یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه‌)، پۆلیسی ناوخۆیی، پۆلیسی فیدراڵی، سوپای عیراق، پێشمه‌رگه‌ی ئێزیدخان و پێشمه‌رگه‌ی سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

خودێدا ئەلیاس، لێپرسراوی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری لە سنونێی شنگال بە (كەركوك ناو)ـی وت "سوپای عیراق 18ـی ئەم مانگە لە گوندی زیبان 35 چەكداری یەبەشەیان دەستگیركرد و لە بەرانبەردا یەبەشە 47 سەربازی سوپای دەستبەسەركرد، بەڵام دواتر هەموو دەستبەسەركراوەكان رادەستكرانەوە و دیل بە دیل كران".

(كەركوك ناو) نەیتوانی لەڕێی سوپاوە بەدیلگرتنی سەربازانی عیراقی و چەكدارانی یەبەشە پشتڕاستبكاتەوە.

سەعد قاسم، لێپرسراوی راگەیاندنی فیرقەی 20ـی سوپای عیراق لە شنگال بە (كەركوك ناو)ـی وت "بەداخەوە هەفتەی پێشوو ئەو بارگرژییە بەهۆی دەمەقاڵی نێوان سەربازێك و شەڕڤانێكی یەبەشەوە دروستبوو، هەڵەكەش بەهۆی هەردولاوە بوو، بەڵام سوپاس بۆ خودا كێشەكە بە تەواوی چارەسەر كراوە و بارودۆخی شنگال ئێستا سەقامگیر و ئارامە".

ناوبراو بێ ئەوەی وەڵامی پرسیاری دیلەكانی سوپا و یەبەشە بداتەوە، ئاماژەی بەوەدا هیچ پەیوەندییەكیان لەگەڵ یەبەشە و ئاسایشی ئێزیدخان نییە، "رێگەنادەین هیچ كەس و لایەنێكیش بارودۆخی شنگال تێكبدات".

رێگەنادەین هیچ كەس و لایەنێكیش بارودۆخی شنگال تێكبدات

یەبەشە و ئاسایشی ئێزیدخان كە بە نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ناودەبرێن و خەڵكی ناوچەكە لەوانەش ئێزیدییەكان پێكهێنەری سەرەكین تیایاندا، لە ژێر ركێفی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری كاردەكەن، ئەو دوو هێزە لە سەردەمی شەڕی داعش پێكهێنراون و رۆڵیان هەبوو لە كۆنترۆڵكردنەوەی قەزاكەدا لە ساڵی 2015.

سەرچاوەیەكی باڵا لە پۆلیسی شنگال بە (كەركوك ناو)ـی وت "یەبەشە و سوپای عیراق هەردولا دیلەكانی یەكترییان ئاڵوگۆڕ كردووە، ئێستا هیچ دیلێكیان لای یەكتری نەماوە" هەروەها وتیشی سوپا دەستی بەسەر دوو خاڵی سەربازی یەبەشە و ئاسایشی ئێزیدخاندا گرتووە لە ناوچەی ئوم زیبان و شلۆ، بەڵام "بارودۆخەكە هێوربۆتەوە و لەژێر كۆنترۆڵی سوپادایە".

سوپای عیراق لەگەڵ ئاسایشی ئێزیدخان و یەبەشە لە دوایین كۆبونەوەیاندا 21ـی نیسان، بە سەرپەرشتی وەفدێكی باڵای وەزارەتی بەرگری، نەگەیشتنە رێككەوتن بۆ ئیدارەدانی دۆخی ئەمنی ئەو قەزایە.

ybsh-2
نه‌ینه‌وا، هێزێكی یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه‌) فۆتۆ: راگه‌یاندنی یه‌به‌شه‌

"خەڵك هێشتا ترسیان هەیە شەڕ دروستببێتەوە، ئەم هێزانە خەڵكیان توشی نەخۆشی دەرونی كردووە و ئاڵۆزییەكان كاریگەری زۆر خراپیان هەبووە، لەكاتێكدا هێشتا ئێمە لە ترس و نەهامەتییەكانی داعشدا دەژین و ئەوەی بەسەرمانهات لە بیرنەكراون"، راكان رەڤۆ، هاوڵاتی دانیشتوی شنگال وای وت.

ئەو هاوڵاتییە بۆ (كەركوك ناو) وتی "تاكەی ئێمە باجی هێزە سیاسی و چەكدارییەكان بدەین، هەر هێز و لایەنێك ئەگەر دەیەوێت شنگال ئارام بێت با هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ هێزەكانی تر بدات، نەك هەموو رۆژێك لێدوانی توند بدەن و خەڵكی توشی نەهامەتی بكەن".

لە دوای شەڕی داعش لە عیراق – لە كۆتایی 2017ەوە- بەردەوام سوپای عیراق و هێزەكانی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان لە قەزای شنگال لە ناكۆكی قوڵدان و چەندینجار روبەڕوبونەتەوە. سوپا دەیەوێت هەژمونی خۆی بەسەر تەواوی ناوچەكەدا بسەپێنێت، بەڵام ئەو هێزانە رێگرن.

لێپرسراوی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری لە سنونێ وتی "هێشتا كێشەكانمان لەگەڵ سوپا كۆتاییان نەهاتووە، سوپا دەستی بەسەر چەند خاڵێكی سەربازی یەبەشەدا گرتووە و پێویستە چۆڵی بكات، ئەگەر لە 48 كاتژمێردا ئەو خاڵە سەربازییانە رادەستنەكاتەوە ئەوا هەڵوێستی توندترمان دەبێت".

خودێدا ئەلیاس دەڵێت بڕیارە لەڕێی وەفدێكەوە سەردانی بەغدا بكەن و تاوتوێی دۆسیەی ئەمنی شنگال لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراقدا بكەن.

قه‌زای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ)، ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه‌ و له‌ڕوی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وایه‌، لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت ‌و لە 13ی تشرینی دووەمی 2015 كۆنتڕۆڵكرایەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT