ئەفسەرێكی پۆلیس بە پلەی موقەدەم هێرشدەكاتە سەر قوتابخانەیەكی قەزای حەویجەی كەركوك بۆ ئەوەی كوڕەكەی لە تاقیكردنەوەی وزاریدا بەشداری بكات.
روداوەكە چەند رۆژێك لەمەوبەر بووە، لەكاتی هێرشكردنە سەر قوتابخانەی مستەفا لە گوندی لزاكەی قەزای حەویجە ئەو ئەفسەرە هەڕەشەی كردووە ئەگەر كوڕەكەی لەو تاقیكردنەوە بێبەشێت، ئەوا "بە ئۆتۆمبێلەكەی دەیانشێلێت".
كوڕی ئەفسەرەكە لە پێنج وانەدا كەوتووە و ناتوانێت بەشداری تاقیكردنەوەكانی سێی ناوەندی بكات.
بەپێی رێكار و مەرجەكانی پەروەردە، هەر قوتابییەك بە پێدانی 10 نمرەوە لە سێ وانە و زیاتردا كەوتبێت، ئەوا ناتوانێت لە تاقیكردنەوە وزارییەكانی كۆتایی ساڵی خوێندنی سێی ناوەندی و شەشی ئامادەیی بەشداریی بكات.
مامۆستایەكی ناوەندی مستەفا كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەو ئەفسەرە پلەی موقەدەمە لە پۆلیسی حەویجە و بە سێ ئۆتۆمبێلەوە چۆتە سەر قوتابخانەكە، قسەی پێوتون و هەڕەشەی ئەوەیكردووە بە ئۆتۆمبێلەكەی ئەو مامۆستایانە دەشێلێت كە هۆكاری دەرنەچونی كوڕەكەی بون".
ئاماژەی بەوەشدا بەڕێوەبەری قوتابخانەكە هەوڵیداوە سكاڵا تۆماربكات، بەڵام "هەندێك لایەن دەستتێوەردانیان كردووە و رێگربون لە تۆماركردنی سكاڵا تا دۆسیەكەی گەورەتر نەبێت"، بێ ئەوەی ناوی هیچ كەس و لایەنێك بهێنێت.
بەپێی یاسای پاراستنی مامۆستایان و سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی ژمارە 8ـی ساڵی 2018؛ لایەنە ئەمنییەكان بۆیان نییە بچنە ناو حەرەمی قوتابخانە و ناوەندە پەروەردەییەكانەوە تەنیا لە حاڵەتی تاوانی بینراو یان داواكاری ئیدارەی دامەزراوەكە یان فەرمانی دادوەری نەبێت.
بەڕێوەبەری قوتابخانەكە ویستویەتی سكاڵا تۆماربكات بەڵام دەستتێوەردان كراوە و نەیانهێشتووە
عەبد عەلی حسێن، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی كەركوك لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت باوكی قوتابییەك هێرشیكردۆتە سەر قوتابخانەی مستەفا، لەڕێی بەكارهێنانی دەسەڵات و پلەكەی لە نێو پۆلیسدا، بۆیە بڕیاریانداوە دۆسیەی لێكۆڵینەوە بۆ روداوەكە بكەنەوە.
هەر كەسێك هێرشبكاتە سەر مامۆستا و كادیر و سەرپەرشتیاری پەروەردەیی بە یەك ساڵ تا چوار ساڵ زیندانی و غەرامە سزادەدرێت، ئەوەش بەپێی یاسای پاراستنی مامۆستایان و سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی ژمارە 8ـی ساڵی 2018.
حەسان جبوری، لێپرسراوی لقی كەركوكی سەندیكای مامۆستایان بە (كەركوك ناو)ـی وت "وەلید غانم محەمەد، بەڕێوەبەری ئەو قوتابخانەیە لەڕێی تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵدا كردم و جەختیكردەوە ئیدارەی قوتابخانەكە و فەرمانبەرەكانی سكاڵایان دژی ئەو موقەدەمە نییە". (ناوی ئەو موقەدەمە لای كەركوك ناو پارێزراوە).
داواشی لە هەموو فەرمانبەر و مامۆستایانی كەرتی پەروەردە كرد، هەر كاتێك دەستدرێژییان كرایەرسەر ئەوا سكاڵا بكەن تا رێكاری یاسایی بگرنەبەر، چونكە ئەگەر سكاڵا نەبێت ئەوا ناتوانن هیچ بكەن.
جبوری وتی "رێگە بە كەس نادەین هێرشبكاتە سەر كادیر و فەرمانبەرانمان هەر سیفەت و پلەیەكی هەبێت بەڵكو بەپێی یاسای پاراستنی مامۆستایان روبەڕوی لێپرسینەوەی توند دەبێتەوە".