فەرمانگەی كشتوكاڵی كەركوك و نوێنەرانی پارێزگاكە لە پەرلەمانی عیراق، لە هەوڵدان بۆ چارسەركردنی كێشەی هەزاران جوتیاری شارەكە، كە حكومەت ساڵانێكە ئامادەنییە بەروبومەكانیان لێوەربگرێت.
171 هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی پارێزگای كەركوك لە ساڵی 1987 بە بڕیاری ئەنجومەنی سەكردایەتی شۆڕش لە سەردەمی حزبی بەعس كوژێنرانەوە و خاوەندارێتییەكەیان خراوەتەسەر وەزارەتەكانی شارەوانی، بەرگری و دارایی، بەهۆیەوە حكومەت نە هاوكاری جوتیارەكان دەكات لە چاندنی زەوییەكانیان، نە ئامادەیە بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیان لێوەربگرێت.
عومەر ئەحمەد (60ساڵ)، خەڵکی گوندی حەساری سەر بە ناحیەی شوان، بە (كەركوك ناو)ی وت "77 دۆنم زەویی كشتوكاڵیم كوژێنراوەتەوە، كاتێك زەوییەكان دەكێڵین حکومەت هیچ هاوکارییەكمان ناكات، بۆیە ساڵانە پارەیەكی زۆر خەرجدەكەین لە كڕینی پەین، بنەتۆ و گاز و پێداویستی تر، كە بەرهەمەكەشی پێدەگات حكومەت بەروبومەكەمان لێوەرناگرێت".
حکومەت هیچ هاوکارییەكمان ناكات و بەرهەمەكەشمان لێوەرناگرێت
بەگشتی حكومەت لەڕێی فەرمانگە كشتوكاڵییەكانەوە ساڵانە پەین، گاز و بنەتۆ و چەند پێداویستییەكی تر بە جوتیاران دەدات، بەڵام ئەوانەی زەوییەكانیان بە بڕیاری حكومەت كوژێنراوەتەوە سودمەند نابن، كە 171 هەزار دۆنم زەوییە.
سەردار نازم، جوتیارێكی قەزای داقوقە و لەگەڵ برا و ئامۆزاكانی خاوەنی 42 دۆنم زەوی كشتوكاڵین كە بە بڕیاری حكومەت كوژێنراونەتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "هیچ سودمەند نەبوین لە هاوكاریی حكومەت بۆ جوتیاران، پێویستە حكومەت چارەسەری كێشەی ئەم زەوییانە بكات، 19 ساڵە هەردوو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم كێشەكەی بۆ چارسەر نەكردوین".
حكومەتی عیراق ساڵانە خۆی دانەوێڵەی جوتیاران لە گەنم، جۆ و گەنمەشامی لە جوتیاران دەكڕێتەوە، بەڵام هیچ بەروبومێك لەو جوتیارانە وەرناگرێت كە زەوییەكانیان خراوەتەسەر وەزارەتە جیاوازەكان.
زوهێر عەلی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "ساڵانە كاتێك بەروبومی جوتیاران وەردەگیرێت، پێویستە جوتیار تاپۆی زەوییەكەی پێبێت، یاخود گرێبەستێكی یاسایی، ئەوەش بۆ ئەوەی بتوانرێت حكومەت بەشێوەیەكی یاسایی مامەڵەیان لەگەڵدا بكات، بەڵام زەوی کوژاوە هیچ بەڵگەیەکی یاساییان نییە، بۆیە حكومەت بەروبومەكانیان وەرناگرێت".
جەختیشیكردەوە لەوەی تا كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكان چارەسەر دەبێت، نوسراویان بۆ وەزارەتی كشتوكاڵ كردووە رەزامەندی نیشانبدەن لە وەرگرتنی بەروبومی جوتیاران.
پێشتر چەند پەرلەمانتار و یاساناسێك بۆ (كەركوك ناو) جەختیانكردەوە لەوەی، چارەسەركردنی كێشەی ئەو زەوییانە دەبێت لەڕێی پەرلەمانی عیراقەوە بێت، چونكە بڕیاری كوژاندنەوەی زەوییەكان و دابەشكردنیان بەسەر وەزارەتە جیاوازەكان بە بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش بووە و بڕیارەكانی ئەو ئەنجومەنەش هێزی یاساییان هەیە و دەبێت بە یاسا هەڵبوەشێنرێنەوە.
دیلان غەفور، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، بە (كەركوك ناو)ی وت "چەندینجار لە رێگەی جیاوازەوە هەوڵدراوە ئەو كێشەیە چارەسەربكرێت، ئەوەش پێویستی بە رێككەوتن هەیە".
چەندینجار لە رێگەی جیاوازەوە هەوڵدراوە ئەو كێشەیە چارەسەربكرێت، ئەوەش پێویستی بە رێككەوتن هەیە
بەڵام وتی "دڵنیایی دەدەینە جوتیاران بۆ ئەمساڵ بەروبومەكانیان لەلایەن حكومەتی عیراقەوە لێوەردەگیرێت... بۆ ئەوەش كاری باشمانكردووە و هەوڵەكەمان بەرهەمی خولی پێشووی پەرلەمان بووە". ناوبراو لە خولی پێشوشدا پەرلەمانتار بووە.
سیروان زرار، جوتیارێكی ناحیەی سەرگەڕانە لە خۆرئاوای كەركوك و 108 دۆنم زەوی كشتوكاڵی كوژاوەی هەیە، وتی "شەش مانگە دەمەوێت پڕۆژەیەكی گەورەی پەلەوەر و حەوزی ماسی لەسەر زەوییەكەم دروستبكەم، بەڵام رێگەم نادەن و دەڵێن ئەو زەوییانە كوژێنراونەتەوە".
"ساڵی پار بەشێک لە زەوییەكەم چاند، بەڵام نە حكومەت هاوكاری كردم، نە بەرهەمەكەیان لێوەرگرتم، سێ ملیۆن دینارم زەرەر كرد"، سیروان زرار وای وت.
زوهێر عەلی، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركوك، لەبارەی دواین ئەنجامی هەوڵەكانیان، وتی "جارێ چاوەرێی وەڵامی حكومەتی فیدراڵین".