چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش)، سێ هێرشی چەكدارییان لە سێ شوێنی جیاوازەوە كردە سەر هێزە ئەمنییەكان لە سنوری قەزای داقوق و دوزخورماتوو لە هەردوو پارێزگای كەركوك و سەڵاحەدین. لە نێویاندا بەئامانجگرتنی كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی فەرماندەی فیرقەی پێنجی پۆلیسی فیدراڵی.
سەرەتای هێرشەكان بەر لە كاتژمێر 7ی ئێوارەی 27ی نیسان بە چەكی قەناس هێرشكرایە سەر فرقەی 14ی سوپای عیراق لە گوندی زەرگە لە سنوری قەزای دوزخورماتوو.
بەپێی سەرچاوەیەكی ئەمنی لە قەزای داقوق بۆ (كەركوك ناو)، داعش بە قەناس پەلاماری سریەیەكی ئەو فرقەیەی داوە و بەهۆیەوە سەربازێك بە سەختی بریندار بووە.
دواتر نزیك كاتژمێر 10ی هەمان شەو، هێرشكراوەتە سەر سریەیەكی لیوای 18ی پۆلیسی فیدراڵی لە گوندی زغیتون سەر بە ناحیەی رەشاد و بەهۆیەوە پۆلیسێك بریندار بووە.
بەئامانجگرتنی كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی فەرماندەی فرقەی پێنجی پۆلیسی فیدراڵی. ڤیدیۆ: پۆلیسی فیدراڵی
سەرچاوەكە جەختیكردەوە "دوای ئەو هێرشە كاروانێكی فەرماندەی فرقەی پێنجی پۆلیسی فیدراڵی لە سنوری قەزای داقوق و لە باشوری كەركوك كراوەتە ئامانج و چەند فیشەكێك بەر ئۆتۆمبێلەكانی كەوتووە، بەڵام هیچ زیانی نەبووە".
ئەو سێ روداوە دوای 24 كاتژمێر دێت، لە هێرشی ژمارەیەك چەكدار بۆ سەر گوندی مەسنور لە ناوچەی هەفتەغاری داقوق و روبەڕوبونەوە لەگەڵ گوندنشینان و هێزە ئەمنییەكان، كە بەهۆیەوە هاوڵاتییەك بریندار بوو.
هاوكات ئەو هێرشانە، دوای هەفتەیەك دێن لە كۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی "چەكوشی ئاسنین"ی هێزە ئەمنییەكانی هەردوو پارێزگای كەركوك و سەڵاحەدین، لە حەوت گوندی سنوری ئەو دوو پارێزگایە لە ناوچەی چەمی رۆخانە و زەرگە.
ڤیدیۆ: هێرشی داعش بۆ سەر گوندی مەنسور لە قەزای داقوق.
لە ئۆپەراسیۆنەكاندا جگە لە دۆزینەوەی تونێلێكی گەورەی "خۆحەشاردانی چەكدارانی داعش"، دەستیشگیرا بەسەر ژمارەیەك چەك و تەقەمەنی.