راپۆرتێكی پزیشكی  بۆ جەمال شكور ئامادەكراوە
لە زیندانەوە بۆ نەخۆشخانە گوازراوەتەوە

جەمال شوكر، سەرۆكی پێشوتری شارەوانی كەركوك. فۆتۆ: پەیجی ناوبراو لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەسیبوك

كەركوك ناو

بەپشتبەستن بە راپۆرتی پزیشكی، جەمال محەمەد شکور، بەڕێوەبەری پێشوتری شارەوانی کەركوك، لە زیندانەوە بۆ نەخۆشخانە گوازراوەتەوە، ئەوەش بەپێی زیاد لە سەرچاوەیەك كە قسەیان بۆ (كەركوك ناو) كردووە، سەرچاوەكان جەختیانكردەوە "بەڵام هەوڵەكانی یەكێتی بۆ ئازادكردنی ناوبراو تائێستا شكستیان هێناوە".

دادگای تاوانەکانی کەرکوک، لە 19ی نیسان بڕیاریدا بە زیندانیکردنی ساڵێك بۆ جەمال محەمەد شکور، سەرۆکی پێشوتری شارەوانی کەرکوک لە پشكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پەرلەمانتاری خولی پێشوی پەرلەمانی عیراق لەهەمان حزب، دوای ئەوەی بە گەندەڵی تاوانباركرا. هەمان رۆژ رەوانەی زیندانكرا بۆ جێبەجێكردنی حوكمەكەی.

سەرچاوەیەك كە بەرپرسیارێتی هەیە لە مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "هەفتەی رابردوو راپۆرتێكی پزیشكی بۆ جەمال شكور ئامادەكراوە و راپۆرتەكە بۆ گرتوخانەی گرتن و گواستنەوەی كەركوك براوە، گوایا باری تەندروستی جەمال شكور جێگیر نییە، بەو هۆیەوە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و لەوێ لەژێر چاودێریدایە و پاسەوانێتی دەكرێت".

راپۆرتێكی پزیشكی بۆ جەمال شكور ئامادەكراوە، گوایا باری تەندروستی جەمال شوكر جێگیر نییە

لەبارەی ئەوەی ئایا بەڕاستی جەمال شكور، باری تەندروستی جێگیر نییە، سەرچاوەكە بێئاگایی خۆی نیشاندا.

بەڵام سەرچاوەیەكی تری (كەركوك ناو) وتی "جەمال شكور چاوەڕێی هەوڵەكانی یەكێتی دەكات، تا بزانرێت دوای جەژنی رەمەزان هەوڵەكان بۆ ئازادكردنی چی لێدێت".

بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەکی یاسایی تا لەو رێگایەوە جەمال شكور بڕیارەكەی دادگای بەسەردا جێبەجێ نەكرێت، بەو پێیەی ناوبراو پێشینەی نییە.

یەكێك لە سەرچاوەكان وتی "هەوڵەكانی یەكێتی زیاتر لە بەغدایە، دەیانەوێت جێبەجێكردنی حوكمەكەی رابگیرێت، هەروەكو ئەو دوو فەرمانبەرەی كە لەگەڵ ئەوداو لەسەر هەمان تاوان حوكمدران، بەڵام حوكمەكەیان جێبەجێنەكرا، بەو پێیەش پێشینەی تاوانیان نەبوو".

لەگەڵ دادگایكردنی جەمال شكور، دوو فەرمانبەری تری شارەوانی بە ساڵێك زیندانی حوكمدران، بەڵام دادگا لە بڕیارەكەیدا جەختیكردەوە لەوەی بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی هەردوو فەرمانبەرەکەی شارەوانی، لەبەرئەوەی ئافرەتن و پێشینەی تاوانیان نییە، دادگا بڕیاریدا راگرتنی جێبەجێکردنی حوکمی زیندانییەکەیان، بەو مەرجەی لە ماوەی سێ ساڵدا هیچ تاوانێكی بە ئەنقەست نەكەن.

جەمال شكور لەسەر چی تاوانباركراوە؟

سكاڵاكەی سەر جەمال شكور، لەسەر داوای بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکان بووە، کە تایبەتە بە فرۆشتنی 10 پارچە زەوی لە زیادکردنی ئاشکرادا.

لەبارەی وردەکاریی کەیسەکەوە، پێشتر (كەركوك ناو) لە راپۆرتێكیدا ئاشكرای كرد، "بەر لە روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، شارەوانی ئەوکاتی کەرکوک 10 پارچە زەوی خستۆتە زیادکردنی ئاشکراوە و بۆ 10 کەس دەرچووە کە نزیک بون لە رژێمی ئەوکاتی بەعس، بەڵام شارەوانی کەرکوک لە سەردەمی جەمال محەمەد شكور-دا جارێکی تر زەوییەکانی لە زیادکردنێکی ئاشکرادا فرۆشتووە و دەستکاریی نرخی سەر مامەڵەکانی کردووە".

جەمال شكور، لەبارەی بڕیارەکەی دادگای تاوانەکانی کەرکوکەوە، لە 21ی نیسان لەڕێی تەلەفونەوە لە زیندانەوە بە (کەرکوک ناو)ی وت "کۆی بابەتەکە ناهەقییە دژ بە من، لەگەڵ پارێزەرەکەم رۆژی یەکشەممە (24ی نیسانی رابردوو) بەفەرمی تانە لە بڕیارەکە دەدەین، چونکە من هیچ تاوانێکم تیادا نییە و نازانم بۆچی من بە ئامانجگیراوم".

وتیشی "لە سەرەتادا واژۆم لەسەر نوسراوەکانی پەیوەست بە فرۆشتنی زەوییەکان نەکرد، بەڵام وەزارەتی شارەوانی زۆری لێدەکردم واژۆیان بکەن، کارەکەش کە کراوە نایاسایی نییە و لە ئایندەیەکی نزیکدا هەموو بەڵگەکان بڵاودەکەمەوە".

لە سەرەتادا واژۆم لەسەر نوسراوەکانی پەیوەست بە فرۆشتنی زەوییەکان نەکرد، بەڵام وەزارەتی شارەوانی زۆری لێدەکردم واژۆیان بکەن

بەڵام سەرچاوەكانی (كەركوك ناو)، جەختیانكردەوە لەوەی هێشتا جەمال شكور، تانەی لە بڕیارەكە نەداوە و چاوەڕێی هەوڵەكانی یەكێتییە ئەنجامێكی هەبێت بۆ دۆزینەوەی دەرەچەیەكی یاسایی و جێبەجێنەكردنی بڕیارەكە.

جەمال شكور و هەردوو فەرمانبەرەكەی شارەوانی، به‌پێی ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عیراقی، سزادراون.

بەپێی ئەو ماددەیە، هەر فەرمانبەرێک یان هەر راسپێردراوێک بە خزمەتی گشتی بە ئەنقەست زیان بە سامان و بەرژەوەندی ئەو شوێنە بگەیەنێت کە کاری تیا دەکات ئەوە سزادەدرێت بە زیندانی بۆ ماوەیەک لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT