لە بەهاریشدا، دانیشتوانی موسڵ بەدەست زۆری کرێی مۆلیدە ئەهلییەکانەوە دادوبێدادیانە

نەینەوا/ ناوچەی گەشتیاری غابات لە ناوەراستی شاری موسڵ. فۆتۆ: کەرکوک ناو

مەجید عەباجی – نەینەوا

لە سەرەتای هەموو مانگێکدا نیگەرانی لەنێو خەڵکی موسڵدا سەرهەڵدەداتەوە... كاتێك حکومەتی خۆجێی نەینەوا نرخی ئەمپێری مۆلیدە ئەهلییەکان رادەگەیەنێت و دەستبەجێ تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک دەتەنرێت بەو پۆستانەی بێزاریی و توڕەیی خەڵک دەخەنەڕوو.

مەحفوز جاسم (65 ساڵ) لەچاخانەیەکدا دانیشتوە و بەدەم چاخواردنەوە گفتوگۆ لەگەڵ کەسانی چواردەوری دەکات لەبارەی کرێی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان.

مەحفوز دەڵێت "ئەو ماڵەی لەگەڵ خێزانەکەمدا تیایدا دەژین موڵکی خۆمانە، بەڵام وەک کرێچی واین... پێویستە 100 هەزار دینار بدەم بۆ کرێی پێنج ئەمپێر کارەبای مۆلیدە"، ئەو بەتوڕەیی پولی دۆمینەکە دەکێشێت بەسەر مێزە تەختەکەدا و دەڵێت "خودا یارمەتی ئەوانە بدات کە کرێچین".

ئەو ماڵەی لەگەڵ خێزانەکەمدا تیایدا دەژین موڵکی خۆمانە، بەڵام وەک کرێچی واین... پێویستە 100 هەزار دینار بدەم بۆ کرێی پێنج ئەمپێر کارەبای مۆلیدە

نرخی کرێی مۆلیدە ئەهلییەکان بەگشتی زۆرە، بەتایبەتیش لەو مانگانەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بە هاوڵاتیان کەمدەبنەوە. کە هەندێكجار لە مانگەکانی وەرزی هاوین و زستان لە نێوان 10 هەزار تا 18 هەزاره بۆ هەر ئەمپێرێک، بەوەش کرێی پێنج ئەمپێر نزیکەی 100 هەزار دینار لەسەر هاوڵاتیان دەکەوێت.

پارێزگای نەینەوا سستمێکی هاوبەش پەیڕەودەکات بۆ مۆلیدە ئەهلییەکان کە لەڕێی لیژنەیەکەوە، دوای خوێندنەوەی سەعاتی کارکردنی مۆلیدەکان لەماوەی مانگێکدا، نرخی ئەمپێر دیاری دەکرێت.

molida
كه‌ركوك، حوزه‌یرانی 2020، بۆردێكی پێدانی كاره‌با به‌ هاوڵاتیان له‌ گه‌ڕه‌كێكی ناوشار فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

کرێی بەشێکی شارەکە لەلایەن کۆمپانیای "کار"ەوە کۆدەکرێتەوە و ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە تیایدا کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی زیاترە بەراورد بە ناوچەکانی تری سەر بە بەرێوەبەرایەتی کارەبای نەینەوا.

فەتحی حەیالی، کە شۆفێری تاکسییە، دەڵێت "شەش ئەمپێری کارەبای مۆلیدەم راکێشاوە و مانگانە زیاتر لە 100 هەزار دینار دەدەم، لەولاشەوە کرێی کارەبای نیشتمانی لەسەرم کۆبوەتەوە، چونکە هەردوکیانم پێنادرێت".

بەڵام ئیبراهیم جەمال، دانیشتویەکی تری موسڵە، وتی، "زۆر جار کرێی مۆلیدە لە مانگی نیسان کەمتر دەبێت بەراورد بە مانگەکانی تر. لەم مانگەدا پێدانی کارەبای نیشتمانی زیاد دەکات، لەبەرامبەردا کاتژمێرەکانی کارکردنی مۆلیدەی ئەهلی کەمدەبێتەوە و نرخی ئەمپێریش کەمتر دەبێت".

لە مانگی نیساندا، کارەبای نیشتیمانی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیكرد و گەیشتە 23 سەعات لەرۆژێکدا و کەمترینیش 15 سەعات بووە، هاوکات لیژنەی هاوبەشی دیوانی پارێزگای نەینەوا کرێی مۆلیدە ئەهلییەکانی بۆ مانگی نیسان لە 5000 بۆ 8500 دینار دیاریكرد بۆ هەر ئەمپێرێك.

جیاوازی ئەو نرخەش بەپێی كاركردنی مۆلیدە ئەهلییەكان بووە، چونكە بەشێكیان ئامادەنین لە 8ی بەیانی تا نیوەڕۆ مۆلیدەكانیان ئێش پێبكەن، تەنانەت ئەگەر كارەبای نیشتیمانیش نەبێت، بەڵام بەشێكیان بەردەوام لەگەڵ پچڕانی كارەبای نیشتیمانی مۆلیدەكان ئیش پێدەكەن.

دانیشتوانی شاری موسڵ ئەو نرخە بەزۆر دەزانن و لە میدیا و سۆسیال میدیا ناڕەزایەتی و نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن.

بەوهۆیەوە لیژنەی ناوەندی پارێزگا، دوای دیاریكردنی نرخی ئەمپێری مۆلیدە ئەهلییەكان بۆ مانگی نیسان، جارێكی تر بۆ هەمان پرس كۆبوەوە و نرخی هەر ئەمپێرێكی بە بڕی دوو هەزار دینار كەمكردەوە. هاوكات بڕیاریدا بە گەڕانەوەی دوو هەزار دیناری مانگی پێشووتر کە بەهەمان شێوە ناڕەزایی هاوڵاتیانی لێکەوتەوە.

چارەسەر چییە؟

خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکان لەگەڵ ئەوەدانین لیژنەی ناوەندیی سەرپەرشتیکردنی مۆلیدە ئەهلییەکان نرخی ئەمپێر دیاریبکەن و لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان بڕیار بدەن و دەڵێن تێچوونی کارپێکردنی مۆلیدە زۆرە بەتایبەتی بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنی و پشتیوانی نەکردنیان لەلایەن حکومەتەوە، بێجگە لە تێچوونی تری وەک کرێی شوێنی دانانی مۆلیدەکان.

نرخی بەرمیلێک گازی موەلیدە لەنێوان 90 هەزار تا 100 هەزار دینارە.

سەمیر ئەحمەد، خاوەنی مۆلیدەیەکی ئەهلییە لە بەری چەپی موسڵ کە زەوییەکەی لە وەقفی سوننی بەکرێ گرتووە، دەڵێت، خەڵکی پێیانوایە خاوەن مۆلیدەکان قازانجێکی زۆر دەکەن، "بەڵام لەبیریان دەچێتەوە کە ئێمە ملیۆنان دینار دەدەین بۆ کڕینی سوتەمەنی و بەکرێگرتنی زەوی، جگە لەکرێی چاککردنەوە و کارمەندان".

نوێنەرانی پارێزگای نەینەوا لە پەرلەمانی عیراق بەپێویستی دەزانن دەوڵەت پاڵپشتی خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکان بكات لەڕێی دابینکردنی سوتەمەنی بۆ ئەوەی ببێتەهۆی دابەزاندنی تێچوونی کارپێکردن و سەەرنجام کەمکردنەوەی کرێی ئەمپێر.

شیروان دوبەردانی، ئەندام پەرلەمانی عیراق، لە پارێزگای نەینەوا، سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی کرد بەبەشداری ژمارەیەک لە نوێنەرانی پارێزگاکە لە نوسینگەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەموسڵ بۆ دۆرزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەکە، هاوڵاتیانی موسڵیش چاوەڕێن تا بزانن ئاخۆ مانگێکی تر ئەم کێشەیە بەرۆکیان بەردەدات، یان بەڵێنەکان بێ کردار دەمێننەوە.

 

 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT