فەهمی بورهان، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، وەكو سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم دیاریكرا، ئەوەش دوای دووساڵ و نیو دێت لە پێكهێنانی كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی و رەتكردنەوەی كاندیدی دڵخوازی یەكێتی (رەوەند مەلا مەحمود)، لەلایەن پارتییەوە و بۆ ئەو پۆستە.
ماڵپەڕی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سێشەممە 10ی ئایاری 2022، بڵاویكردەوە كە دەستبەكاربونی فەهمی بورهان، وەكو سەرۆكی نوێی دەستەكە بە ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بووە.
دەستبەكاربونی فەهمی بورهان، دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو دێت بەسەر پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هۆكارەكەشی بۆ پێداگری پارتی دێت لە رەتكردنەوەی تاكە كاندیدی یەكێتی (رەوەند مەلا مەحمود) بۆ ئەو پۆستە و ناچاركردنی یەكێتی بە گۆڕینی كاندیدەكەیان بە فەهمی بورهان، بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو).
لیژنەی ناوچەی زانكۆی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە 11ی ئاداری ئەمساڵ، بڵاویكردەوە كە رەوەند مەلا مەحمود - ئێستا لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتییە -، یەكێك بووە لە "خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەر"و پارتی رێی پێنادات هیچ پۆستێك لە حكومەتی هەرێم وەربگرێت.
لە بەشێكی رونكردنەوەكەدا هاتووە "ئەو کەسە لە راستیدا کینە لە دڵە لەبەرئەوەی یەکێتی ویستیان پۆستێکی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێبدەن، پارتی دیموکراتی کورستان رێیان پێنەدا، لەبەرئەوەی کەسێکی ناپەسەندە، چونکە خیانەتی لە نیشتیمان کردووە و ئەو یەکێکە لە خیانەتکارانی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر و دژ بە ریفراندۆم، متمانەدانی خەڵکی تێکۆشەر و خۆڕاگری کەرکوک و گشت دڵسۆزانی کوردستانی لە دەستداوە".
ئەو کەسە لە راستیدا کینە لە دڵە لەبەرئەوەی یەکێتی ویستیان پۆستێکی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێبدەن، پارتی دیموکراتی کورستان رێیان پێنەدا
دواین هەڵوێستی پارتی بەو رونیە بەرامبەر بە رەوەند مەلا مەحمود، دوای ئەوە هات، كە ئەو لێپرسراوەی یەكێتی مەسرور بارزانی تۆمەتباركرد بەوەی "تەلەفونی بۆ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق كردووە و وتویەتی قبوڵناكەین كوردێك سەرۆكی زانكۆی كەركوك بێت".
لە چەند شوێنێكی تردا، رەوەند مەلا مەحمود، بە توندی دژ بە پارتی و پرسی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی جێناكۆك قسەی كردووە و ئۆباڵی پاشەكشێی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی لە 16ی تشرینی یەكەمی 2017 خستۆتە ئەستۆی پارتی و خودی مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەو حزبە.
رازیبونی یەكێتی بە گۆڕینی كاندیدەكەی بۆ سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، لەسەر داوای پارتی، لەكاتێكدایە لە تەمموزی 2019دا كاتێك ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی كاندیدەكانی بۆ پۆستەكانی حكومەتی هەرێم یەكلاییكردەوە لە نێویاندا دیاریكردنی رەوەند مەلا مەحمود، ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەوە بڕیاری سەركردایەتی حزبە و ئەگەری گۆڕانكاریی نییە لەژێر هیچ پاساوێكدا".
قوباد تاڵەبانی لە مەراسیمی دەستبەكاربونی فەهمی بورهاندا، ھیوای خواستووە گرنگی زیاتر بدرێت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەوەش لە رێگەی ئەنجامدانی کار و خزمەتی زیاتر بەو ناوچانە، بەپێی ماڵپەڕی فەرمی حكومەتی هەرێم.
هاوكات (PUKmedia) ماڵپەڕی فەرمی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بڵاویكردۆتەوە، فەھمی بورھان لەكاتی دەستبەكاربونیدا، رایگەیاندووە كە جێی متمانەی ھەموولایەک دەبێت و بەھەموو توانایەکییەوە کار دەکات بۆ سەرخستن و بەجێ گەیاندنی ئەرکەکانی ئەو دەستەیە.
فەهمی بورهان، كە لەجێی رەوەند مەلا مەحمود دەستبەكاربووە، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستانە و خەڵكی پارێزگای كەركوكە. لە نێو رێكخراوە خوێندكاریی و مەدەنییەكانی حزبەكەیدا كاریكردووە و ماوەیەك سكرتێری كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان بووە، كە رێكخراوێكی خوێندكاری سەر بە حزبەكەیەتی.
دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، بە یاسا لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دامەزراوە لە ساڵی 2010دا، دەستەكە تایبەت بۆ ئەو ناوچانە دروستكراوە كە ناكۆكییان لەسەرە لە نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان.
سەرۆكی دەستەكە بەپێی یاساكە پلەی وەزیری هەیە و سەر بە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانە، یەكێك لە ئەركە گرنگەكانی، بەدواداچونە بۆ جێبەجێكردنی ئەو ماددە دەستورییانەی كە پەیوەندییان بە ناوچە جێناكۆكەكانەوە هەیە، لەوانەش ماددەی 140ی دەستوری عیراق، كە بەپێی ئەو ماددەیە دەبوو لە ساڵی 2007دا خاوەندارێتی ئەو ناوچانە یەكلاییبكرایانایتەوە.
هەروەها ئەركێكی تری هەماهەنگیكردنە لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بۆ ئاوەدانكردنەوە و پەرەپێدانی ئەو ناوچانە و كۆكردنەوە و بە دیكیۆمێنتکردنی بەڵگە و روداوە مێژویی پەیوەندیدار بەو ناوچانە.