بەپێی لێكۆڵینەوەكانی لقی كەركوكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، مامۆستا رزگار عوسمان "بێتاوانە"، بەڵام بیرۆكەیەكیان هەیە لەوەی چاو بە دابەشکردنی میلاکی مامۆستایاندا بخشێنرێتەوە بەشێوەیەك مامۆستای ژن بۆ خوێندنگەی كچان و پیاو بۆ كوڕان، ئەوەش روبەڕوی رەخنەیان دەكاتەوە.
سەرکەوت فایەق، سەرۆکی لقی کەرکوکی یەکێتی مامۆستایانی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی ئایار بە (كەركوك ناو)ی وت "دوو سەرپەرشتیاریی پەروەردەیی لێكۆڵینەوەیان لە كەیسی مامۆستا رزگار عوسماندا كردووە، دەركەوتووە ناوبراو بێتاوانە، بەڵام ئێمە چاوەڕێی لێكۆڵینەوەكانی ئاسایشی نیشتیمانیی دەكەین، هێشتا راپۆرتی ئەوان نەگەیشتوتە پەروەردە، بۆیە كەیسەكە هێشتا بە یەكجاریی یەكلایینەبۆتەوە".
"ئێمە پاڵپشتی تەواوی مامۆستایان دەکەین و بەهیچ شێوەیەک رێگەنادەین ناوی مامۆستا لەکەداربکرێت"، سەركەوت فایەق وایوت.
لە هەشتی ئادار گرتەیەكی ڤیدیۆیی تایبەت بە چاتی نێوان ئەكاونتی مامۆستا رزگار و كچە خوێندكارێكی ئامادەییەكەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوبۆوە، تیایدا داوای كاری نەشیاو و رێگەپێنەدراو لە كچەكە دەكرێت و ڤیدیۆكە لەچەند ئەكاونت و پەیجێك بڵاوكرایەوە.
مامۆستا رزگار ئەوكات بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەكاونتەكەم بە مۆبایلێكی جیاواز كراوەتەوە" و لەوێوە نامە بۆ ژمارەیەك خوێندكاری كچ و هەروەها كەسی تریش نێردراوە... نامەوێت وردەكاری زیاتر بدركێنم، چونكە هەندێك سەرەداو دەستكەوتون و كارەكەم بۆ لیژنەكانی لێكۆڵینەوە بەجێهێشتووە".
بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، هێشتا لێكۆڵینەوەكانی ئاسایشی نیشتیمانی لە كەیسەكە تەواو نەبووە و یەكێتی مامۆستایانی كەركوك و پەروەردە چاوەڕێی راپۆرتی كۆتایی ئەوانن.
بیرۆكەی نوێ بۆ خوێندنگەكان روبەڕوی رەخنە دەبێتەوە
سەرکەوت فایەق، سەرۆکی لقی کەرکوکی یەکێتی مامۆستایانی كوردستان، جەختیكردەوە كە بەر لەو كەیسە ئەوان بیریان لەوە كردۆتەوە چاو بە دابەشكردنی میلاكاتدا بخشێننەوە، بەشیوەیەك بۆ لەمەودوا مامۆستای ژن بۆ خوێندنگەی كچان و مامۆستای پیاو بۆ كوڕان.
ئەو وتی "ئەو روداوەی مامۆستا رزگار وایكردووە جارێكی تر ئەو بیرۆكەیە بورژێنینەوە و هەوڵبدەین بیكەن بە پێشنیارێك بۆ سەروی خۆمان، بیرۆكەكە ئەوەیە: مامۆستایانی کوڕان و بە تایبەت گەنج لە قوتابخانەی کچان و بەتایبەت لە قوتابخانەکانی ناوەندیی و ئامادەییدا نەمێنن، مامۆستایانی ئافرەتیش لە قۆناغەكانی ناوەندیی و دواناوەندی لە قوتابخانەکانی کوڕاندا وانە نەڵێنەوە".
ئەو روداوەی مامۆستا رزگار وایكردووە جارێكی تر ئەو بیرۆكەیە بورژێنینەوە و هەوڵبدەین بیكەن بە پێشنیارێك بۆ سەروی خۆمان
بەڵام سرود ئەحمەد، سەرۆکی لقی کەرکوکی رێکخراوی هیوای عیراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ، بە (كەركوك ناو)ی وت "بیرۆكەیەكی زۆر خراپە، ئەوە جیاكاریی جێندەرییە و كاریگەری دەبێت لەسەر جیاكاریی نێوان رەگەزەكان".
ئەو وتی "چارەسەرەكە ئەوەیە دەبێت پێشتر مامۆستایان رابهێنرێن لەسەر ئەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ رەگەزی بەرامبەردا دەكەن، یان كاتێك توشی كێشە دەبن چۆن چارەسەری بكەن".
ئاهەنگ ئەنوەر، چالاکوانی بواری مافەكانی ئافرەتان بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو پێشنیارە هەرچەندە جیاكاریی جێندەرییە و دەزانم روبەڕوی رەخنە دەبمەوە كە دەڵێم پێشنیارێكی باشە، بەڵام پێموایە خوێندكاران زیاتر لە رەگەزی خۆیان تێدەگەن"، بەبێ ئەوەی بۆ ئەو قسەیەی هیچ توێژینەوە یان بەڵگەیەك بخاتەڕوو.
ئەو بیرۆكەیەی یەكێتی مامۆستایان زۆر دواكەوتووانەیە
بەڵام سرود زیاتر وتی "ئەو بیرۆكەیەی یەكێتی مامۆستایان زۆر دواكەوتووانەیە و ئەكادیمی نییە، زۆر گرنگە لە قوتابخانەی كچان مامۆستای پیاو و لە قوتابخانەی كوڕان مامۆستای ژن وانەبڵێنەوە، بۆ ئەوەی خوێندكاران فێری ئەوە ببن چۆن هەڵسوكەوت لەگەڵ رەگەزی بەرامبەردا بكەن"، زیاتر وتی "ئەوە هانیان دەدات كە ئەگەر لەسەر شەقامێك ئافرەتێك ببینن گێچەڵی سێكسی پێنەكەن".