بەڕێوەبەری پێشوتری شارەوانی كەركوك بەر لێبوردن دەكەوێت و ئازاد دەكرێت

جەمال شوكر، سەرۆكی پێشوتری شارەوانی كەركوك. فۆتۆ: پەیجی ناوبراو لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەسیبوك

كەركوك ناو

جەمال شکور، بەڕێوەبەری پێشوتری شارەوانی کەرکوک، بەر لێبوردن دەكەوێت و ئازاد دەكرێت، ئەوەش بە بڕیاری دادگای تێهەڵچونەوەی كەركوك، هەرچەندە لیژنەكە پێیوایە ئەوەی كراوە تاوان بووە.

لیژنەی جێبەجێكردنی یاسای لێبوردن سەر بە دادگای تێهەڵچونەوەی كەركوك، 9ــی ئایار بڕیاریدا بە ئازادكردنی جەمال محەمەد شكور، ئەوەش بە پشتبەستن بە یاسای لێبوردن-ـی ژمارە 19ــی ساڵی 2008.

لە بڕیاری لیژنەكەدا هاتووە "ئەو سێ كەسەی لە دۆسییەكەدا تاوانباركراون، لە ساڵی 2003دا مامەڵەی تایبەت بە تۆماركردنی زەوی بازرگانییان بۆ چەند كەسێك راییكردووە كاتێك لە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی كەركوك بون، ئەوەش بە پێچەوانەی ئەركە وەزیفییەكانیانەوە بووە، كە بەپێی یاسا بەركارەكان ئەو كارەیان بە تاوان هەژمار دەكرێت، ... بەڵام ئەمان یاسای لێبوردنی ساڵی 2008 دەیانگرێتەوە، لەبەرئەوەی دۆسییەكە پێش جێبەجێكردنی ئەو یاسایە رویداوە".

هەروەها هاتووە "لیژنەكە بڕیاریدا ئەو سێ تۆمەتبارە بەپێی بڕگەكانی یاسای لێبوردن هەموو رێكارە یاساییەكان بەرانبەریان بە یەكجاریی رابگیرێت، بەو پێیەش حوكمدراو جەمال محەمەد شكور لە زیندان و دەستبەسەری ئازاد دەكرێت".

دادگای تاوانەکانی کەرکوک، لە 19ــی نیسان بڕیاریدا بە زیندانیکردنی ساڵێك بۆ جەمال محەمەد شکور، سەرۆکی پێشوتری شارەوانی کەرکوک لە پشكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پەرلەمانتاری خولی پێشوی پەرلەمانی عیراق لەهەمان حزب، دوای ئەوەی بە گەندەڵی تاوانباركرا. هەمان رۆژ رەوانەی زیندانكرا بۆ جێبەجێكردنی حوكمەكەی.

جەمال شکور، لەبارەی ئەو بڕیارەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 11ــی ئایار بە (كەركوك ناو)ـی وت "دوای بیست رۆژ لە جوڵاندن و روژاندنی کەیسێک لە دژی من کە مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی کوردی و دوای چەندین دانیشتنی دادگا و خستنەڕوی کۆمەڵێک بەڵگەنامەی پێویست و ئاشکرا، بە بڕیاری پێنج دادوەر من ئازاد دەكرێم".

بە بڕیاری پێنج دادوەر من ئازاد دەكرێم

زیاتر وتی "ئەوەی بەرامبەر بە من كرا، ئامانجی سیاسی لە پشتەوە بوو، بۆ لێدان بوو لە پێگەی من کە کۆمەڵێک کەس پێی هەستاون"، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ كەسێك بكات.

پێشتر سەرچاوەیەك كە بەرپرسیارێتی هەیە لە مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "راپۆرتێكی پزیشكی بۆ جەمال شكور ئامادەكراوە و راپۆرتەكە بۆ گرتوخانەی گرتن و گواستنەوەی كەركوك براوە، گوایا باری تەندروستی جەمال شكور جێگیر نییە، بەو هۆیەوە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و لەوێ لەژێر چاودێریدایە و پاسەوانی دەكرێت".

بەڵام جەمال شكور، ئەمڕۆ چوارشەممە وتی "بۆ یەك رۆژیش زیندانی نەكراوم"، بەڵام (كەركوك ناو)، لەڕێی چەند سەرچاوەیەكەوە زانیویەتی ناوبراو تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە لە نەخۆشخانەی ئازادی كەركوكە و بڕیارە كەمێكی تر ئازاد بكرێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT