ژینوار بە وایەری موجەفیفە خنكێنرا
كەسوكاری: تا مافی خۆمان وەرنەگرینەوە پرسەی بۆ دانانێین

فۆتۆ: Stefano Pollio، ئەم وێنەیە لە ماڵپەڕی unsplash وەرگیراوە لە 14ـی ئایاری 2022

عەمار عەزیز – دهۆك

ژنیوار لە ژیانی هاوسەرێتیدا لێدان و مەینەتی زۆر دەبینێت، بەڵام ناتوانێت لە ماڵی باوكیشیدا بمێنێتەوە و بە ناچاری دەچێتەوە لای هاوسەرەكەی، تا ئەوكاتەی بە وایەری موجەفیفە (وشككەرەوە) دەیخنكێنێت. 

ئەو روداوە 10ـی ئایاری 2022 لە گەڕەكی سەرهەڵدانی شاری دهۆك رویداوە و دەستبەجێ هاوسەری ئەو ژنە خۆی رادەستی هێزەكانی پۆلیس كردووە.

"لەڕێی خەڵك و بە تەلەفۆن زانیم كچەكەم كوژراوە، نازانم هۆكارەكەی چی بووە، بەڵام لە زاواكەم خۆشنابم و پرسەش دانانێن، تا ئەویش وەك كچەكەم دەكوژرێت" عیسا حەسەن، باوكی ژینوار بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

ئەو دەڵێت تەنیا مۆڵەتی 10 رۆژیان داناوە تا مافی كچەكەیان لە تۆمەتباری روداوەكە وەربگیرێتەوە.

پێشتر كچەكەم كێشەی لەگەڵ هاوسەرەكەیدا هەبوو، بۆیە ئامۆژگاریم كرد كە خۆی بگونجێنێت

ژینوار عیسا (28 ساڵ)، دایكی كوڕێكی چوار ساڵانە و هاوسەرەكەی (تەمەنی 32 ساڵە)، خۆی رادەستی پۆلیسی دهۆك كردووە و "دانی بە تاوانەكەدا ناوە".

هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی دهۆك بە (كەركوك ناو)ـی وت "بەرەبەیانی 10ـی ئایار شەڕ لەنێوان ئەو ژن و مێردەدا رویداوە، نازانین شەڕەكە لەسەرچی بووە، بەڵام لە كاتژمێر 8ـی بەیانی هەمان رۆژدا پیاوەكە هاوسەرەكەی بە وایەری موجەفیفە خنكاندووە و خۆی تەلەفۆنی بۆ پۆلیس كردووە و وتویەتی هاوژینەكەم كوشتووە".

لە هەرێمی كوردستان، كوشتنی ژنان بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت كە سزاكەی زیندانی هەتاهەتایی تا لەسێدارەدانە و بكوژەكانیش بەپێی یاسا هیچ لێبوردنێك نایانگرێتەوە.

"پێشتر كچەكەم هەندێك كێشەی لەگەڵ هاوسەرەكەیدا هەبوو، ئامۆژگاریم كرد كە رێز لە پیاوەكەی بگرێت و خۆی بگونجێنێت، چونكە نامانەوێت لێی جیابێتەوە، لانیكەم لەبەر منداڵەكەی" عیسا دەڵێت ئەو پیاوە زیاد لە جارێك لە كچەكەی داوە، "كچەكەم دوگیان بوو بە جاری دوەم و بەهۆی لێدانی هاوسەرەكەیەوە منداڵەكەی لەبارچوو".

zhnan-12-1
نه‌ینه‌وا/ ئاداری 2019/ نیشاندانی تابلۆیه‌ك وه‌ك ئاماژه‌دان به‌ توندوتیژیی دژی ئافره‌تان له‌ گردبونه‌وه‌یه‌كی ژنانی دانیشتوی ناحیه‌ی سونێی قه‌زای شنگال فۆتۆ: كەركوك ناو

باوكی كوژراوەكە باسی لەوەشكرد "سێ ساڵ لەمەوبەر كچەكەم هاتەوە بۆ ماڵی ئێمە چونكە لەگەڵ هاوسەرەكەی كێشەیان هەبوو، ئەو پیاوە ساڵێك لە دەرەوەی وڵات مایەوە و دواتر لەڕێی كەسوكاریەوە هاتنەوە لای من تا كچەكەم ببەنەوە، منیش قایل بوم بە مەرجێك كێشەی بۆ دروستنەكات و بە خۆشی پێكەوە بژین".

"دوای پێكهاتن و سوڵح لە نێوان ئێمە و ماڵی خێزانی زاواكەم، جارێكیتر كچەكەم گەڕایەوە بۆ ماڵی خۆی، تەنانەت لە جەژنی رەمەزانیشدا هاتنە ماڵی ئێمە و هەستمكرد كێشەكانیان كۆتایی هاتووە" عیسا حەسەن، باوكی ژینوار وادەڵێت.

زیاتر لە 17 ژن لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا لە هەرێمی كوردستان كوژراون، ئەوەش بەپێی ئامارێكی هاوپەیمانی ژنانی كوردستان، کە بەرەیەکە لە ژمارەیەک رێکخراوی بەرگریکار لە مافەکانی ژنان پێکهاتووە.

وتەبێژی پۆلیس وتی "پێمانخۆشە هەردوو خێزانەكە پێكبێنەوە و سوڵحی عەشایەری بكەن، بەڵام لەو حاڵەتەشدا، بكوژەكە هەر بەپێی یاسا سزای خۆی وەردەگرێت كە سزای هەتاهەتایی یان لە سێدارەدانە".

پێمانخۆشە هەردوو خێزانەكە پێكبێنەوە و سوڵحی عەشایەری بكەن

(كەركوك ناو) نەیتوانی لێدوان لە كەسوكاری تۆمەتباری كوشتنەكە وەربگرێت.

ئارام محەمەد، بەرێوەبەری بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە دهۆك بە (كەركوك ناو)ـی وت "لە لێكۆڵینەوەكاندا دەركەوت ئەو ژنە پێشتر هیچ سكاڵایەكی لە نوسینگەكانی ئێمە لە هیچ شوێنێك لەسەر توندوتیژی لەلایەن هاوسەرەكەیەوە تۆمارنەكردووە و ئێستاش دۆسیەكە لای لایەنی ئەمنی و دادگاوەیە، ناتوانین هیچ بۆ ئەم بابەتە بكەین".

بەپێی ئامارەكانی پۆلیسی دهۆك بۆ (كەركوك ناو) لەمساڵدا حەوت كەس لە پارێزگاكە كوژراون و تەنیا دوو كەسیان لە رەگەزی مێ بون.

لە ساڵی رابردوودا 24 ژن لە هەرێمی كوردستان كوژراون، جیا لە تۆماركردنی 62 حاڵەتی "خۆكوشتن" و زیاتر لە 78 حاڵەتی "خۆسوتاندن"، بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ئافرەتان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT