شارەوانی خانەقین، بە "بەڵگە" تەواوی ئەو باخ و زەوییانەی كە زیادەڕۆییان كراوەتە سەر پێشكەش بە پەرلەمانتارێك كردووە كە بەدواداچون بۆ ئەو پرسە دەكات و پەرلەمانتارەكەش جەختدەكاتەوە "ئەوەی بەرپرس بێت دەیدەینە دادگا".
پەرلەمانتار، سۆزان مەسنور، كە یەكێكە لە نوێنەرانی پارێزگای دیالە لە پەرلەمانی عیراق، 7ی نیسان، لە نوسراوێكدا كە بۆ شارەوانی خانەقینی ناردووە، داوا دەكات رونكردنەوەی پێویست بدرێت لەبارەی لەناوبردنی باخە خورماكانی خانەقین و زیادەڕۆیكردن بۆ سەر زەوییەكانی هەردوو وەزارەتی شارەوانی و دارایی لەو قەزایە و مۆڵەتی 15 رۆژی پێدان.
سۆزان مەنسور، لە 17ی ئایار، لەبارەی ئەنجامی بەدواداچونەكانی، بە (كەركوك ناو)ی وت "سەردانى شارەوانى خانەقینم کردووە، ئەوان کۆمەڵێک بەڵگەى دانپێدانراویان پێداوم، لەبارەی زیادەڕۆییكردن بۆ سەر زەویی و باخەكانی خانەقین و گۆڕینی رەگەزیان بۆ یەكەی نیشتەجێبون... هەروەها ئەو نوسراوانەشم دەستكەوتووە كە تیایدا شارەوانی بۆ قایمقامیەتی خانەقینی ناردووە بۆ ئەوەی رێگریی بكەن، بەتایبەت پرسی لەناوبردنی باخە خورماكانی خانەقین".
(كەركوك ناو)، لە ئابی 2021دا راپۆرتێكی لەسەر پرسی لەناوبردنی باخە خورماكانی خانەقین بڵاوكردەوە و بەپێی راپۆرتەكە دەیان باخەوان باخە خورماكانیان لە خانەقین دەبڕنەوە و دەسوتێنن، زەوییەكەی پارچە پارچە دەكەن و بۆ یەكەی نیشتەجێبون دەیفرۆشن. ئەوەش بە پاڵپشتی "هەندێك دەستڕۆیشتوو".
راپۆرتێكی ڤیدیۆیی (كەركوك ناو)، لەبارەی لەناوبردنی باخە خورماكانی خانەقین لە كانونی دووەمی 2020
سۆزان مەنسور، وتی "شارەوانی هەموو پارچە زەوییەكانی بەوردی دیاریكردووە كە زیادەڕۆییان كراوەتەسەر، دەركەوتووە زەوییەكان زۆرینەیان موڵكی وەزارەتی كشتوكاڵ و بازرگانین، بەڵام ئێستا پارچە پارچە كراون و كڕین و فرۆشتنیان پێوەكراوە".
دەركەوتووە زەوییەكان زۆرینەیان موڵكی وەزارەتی كشتوكاڵ و بازرگانین، بەڵام ئێستا پارچە پارچە كراون و كڕین و فرۆشتنیان پێوەكراوە
وتیشی "لە ئێستادا خەریکى بەدواداچون و بەڵگەى زیاترین و بۆ ئەو مەبەستە بڕیارە لە سێ رۆژی داهاتودا وەزارەتی بازرگانی وەڵاممان بدەنەوە".
لە بارەی ئەوەی ئایا قسەی لەگەڵ قایمقامیەتی قەزای خانەقیندا كردووە كە لایەنی بەرپرسن بۆ رێگریكردن لە زیادەڕۆیكردن بۆ سەر موڵكی دەوڵەت، سۆزان وتی "قایمقام نوسراوێکیان بۆ کردوین و تیایدا دەڵێن لە ساڵى 2021وە تا ساڵى 2022 هیچ زیادەڕۆییەک نەکراوە و ئەو بابەتەی ئێوە بەزیادەڕۆیى ناوى دەبەن وانییە".
بەڵام وتی "ئێمە بەڵگەی تەواومان دەستكەوتووە و كێ بەرپرس بێت لەو روداوە دەیدەنە دادگا... ئەمە پرسێك نییە دەستی لێهەڵبگرین و لە بەدواداچونی بەردەوامداین".
پێشتر كامەران عەبدوڵا بەڕێوەبەری كشتوكاڵی خانەقین بە (كەركوك ناو)ی وت "تەنیا لە چوار ساڵی رابردودا 200 دۆنم باخ سوتێنراون و كراون بە یەكەی نیشتەجێبون". ئەوەش هاوكات بوو لەگەڵ لێدوانێكی ئاوس ئیبراهیم، سەرۆكی شارەوانى خانەقین، بۆ (كەركوك ناو) كە تیایدا وتی "راگرتنی ئەو زیادەڕۆییانە بۆ سەر باخ و زەوییەكان پێویستی بە هێزی گەورە و یاسا هەیە".