چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش)، لە كەركوك و دیالە هێرشیانكردە سەر دوو گوند، بەهۆیەوە 12 كەس كوژراون، 11 كەسیان مەدەنین، لە نێویاندا ژن و منداڵ.
ئەو هێرشانە هاوكاتە لەگەڵ چڕی خۆڵبارین كە دوو رۆژە پارێزگاكانی عیراقی گرتۆتەوە ئەنجامدران، بەهۆی خۆڵبارینەوە رادەی بینین كەمبۆتەوە و دەزگا ئەمنییەكان دەڵێن "داعش سودی لە خۆڵبارین بینیوە بۆ هێرشەكانی".
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عیراق، لە راگەیەنراوێكدا دەرنگانێكی شەوی رابردوو 23ی ئایار، لەبارەی هێرشەكەی سەر گوندی سامی عاسی، سەر بە ناحیەی تازە لە پارێزگای كەركوك، بڵاویكردەوە "داعش جوتیارانی بێتاوانیان كردۆتە ئامانج و تەقەیان لێكردون... ئەوەش بەسودوەرگرتن لە بارودۆخی كەشوهەوا و چڕی خۆڵبارین".
بەپێی شانەی راگەیاندنی ئەمنی، لەو هێرشەدا شەش جوتیار كوژراون، لەوكاتەی سەرقاڵی دروێنەكردنی دانەوێڵەكانیان بون لەوانەش گەنم. هەر لەو هێرشەدا سێ ئۆتۆمبێلی جوتیاران سوتێنراون، دواتر هێزە ئەمنییەكان بەهانایانەوە چون.
"لەو كردەوەیە، هێزە ئەمنییەكانمان گەیشتونەتە ناوچەكە و ئۆپەراسیۆنێكی گەڕان و پشكنینیان ئەنجامداوە... چارەنوسی تیرۆریستان بەم نزیكانە مردن، یان دادگاییكردن دەبێت"، بەپێی راگەیەنراوەكە.
چارەنوسی تیرۆریستان بەم نزیكانە مردن، یان دادگاییكردن دەبێت
لەو سنورەدا هێزەکانی لیوای 16ی تورکمانی حەشدی شەعبی جێگیربون و دۆسییەی ئەمنی ناوچەكەیان لە ئەستۆیە، هاوشان لەگەڵ پۆلیسی فیدراڵی. ئەو ناوچەیە دەكەوێتە باشوری كەركوك.
هەر لەو هێرشەدا كە ئێوارەی دوێنێ 23ی ئایار ئەنجامدراوە، 30 دۆنم زەوی دانەوێڵە سوتێنراوە. دواتر بەرگری شارستانی كۆنترۆڵی ئاگرەكەی كردووە.
نزیك كاتژمێر 10ی هەمان شەو، داعش هێرشیكردە سەر گوندی ئیسڵاح لە باكوری ناحیەی جەلەولا سەر بە قەزای خانەقین، بەهۆیەوە شەش كەس كوژران، كە پێنجیان مەدەنین، لەو پێنج مەدەنییەش چواریان ئەندامی یەك خێزانن. لەگەڵ برینداربونی حەوت كەس.
سەیف سەتار، ئەنجومەنی گوندی ئیسڵاح بە (كەركوك ناو)ی وت "كاتێكمانزانی لەناو گوندەكە بوو بەتەقە، لەو هێرشەدا چوار ئەندامی یەك خێزان (باوكێك و دوو كوڕ و كچێكی منداڵی) گیانیانلەدەستدا، لەگەڵ ئافرەتێكی تر گوندەكە و سەربازێكیش".
زەیدون محەمەد، دانیشتوی گوندەکە و شایەتحاڵی روداوەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "سەرەتا چونەتە سەر ماڵێك و تەقەیان لێكردون، ژنێكیان كوشتووە و لەگەڵ برینداركردنی دوانی تر، دواتر دراوسێیەكەیان بە هانایانەوە چون و تەقەیان لەوانیش كردووە كە پێكهاتبون لە باوكێك، دوو كوڕ و كچێكی منداڵ و هەر چواریان كوشتون".
"هەر هەمویان بە فیشەك كوژراون، لە دوریشەوە بە قەناس تەقە لە خەڵكی گوندەكە كراوە"، زەیدون محەمەد وایوت.
هەر هەمویان بە فیشەك كوژراون، لە دوریشەوە بە قەناس تەقە لە خەڵكی گوندەكە كراوە
زەیدون وتی "وەکو خەڵکی گوندەکە لە سەرەتای روداوەکە نەماندەتوانی بچینە دەرەوە و تا بزانین چی رویداوە، پاش دوو كاتژمێر چوینە دەرەوە و بینیمان شەش كەس كوژراون، یەكێكیان سەربازە لەگەڵ برینداربونی حەوت كەس".
لەبارەی بەهاناوەهاتنی هێزە ئەمنییەكان، وتی "ئەوان گەیشتنە گوندەكە و روبەڕوی چەكدارەكان بونەوە، بەهۆیەوە سەربازێكیان كوژرا".
ئەو هێرشانە هاوكاتە لەگەڵ شەپۆلێكی چڕی خۆڵبارین كە زۆرینەی پارێزگاكانی عیراقی گرتۆتەوە، لەوانەش ناوچەكانی جێناكۆك كە خۆڵبارینەكە چڕە و رادەی بینین كەمبۆتەوە.