ئیدارەی پارێزگای دهۆك رەزامەندی نیشاندەدات بە گۆڕینی خێوەتی ئاوارەكانی ناو كەمپ بۆ بلۆك، ئەوەش لەسەر داواكاریی خەڵك و فەرمانگەی كۆچ، بە ئامانجی رێگریی لە روداوی ئاگركەوتنەوە و زیانی گیانی.
رەزامەندییەكەی ئیدارەی پارێزگای دهۆك، چەند رۆژێك لەمەوبەر بووە، دوای سەردانی شاندێكی فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ لای پارێزگار.
دیان جەعفەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان لە دهۆك بە (كەركوك ناو)ـی وت "بەمەبەستی كەمكردنەوەی حاڵەتەكانی ئاگركەوتنەوە لەناو كەمپەكاندا و چارەسەركردنی ئەم كێشەیە لەگەڵ پارێزگار كۆبوینەوە و دوای گفتوگۆی زۆر قایل بوو كەمپەكان لە خێوەتەوە بگۆڕدرێن بۆ بلۆك".
تائێستا دەیان روداوی ئاگركەوتنەوە لە ناو كەمپەكانی ئاوارەییدا تۆماركراون و گەورەترینیان لە 4ـی حوزەیرانی 2021ـدا بوو، بەهۆیەوە 288 خێوەتی كەمپی شاریا بە تەواوی ناوماڵەوە سوتان، كە شوێنی مانەوەی 136 خێزان بووە و 90 خێزانی دیكەش بەشێك لە خێوەت و كەلوپەلەكانیان سوتا، دواتر تەنیا خێوەتەكانی ئەو كەمپە لابران و لەجێگاكەی هەر خێزانێك و چەند ژورێكی بچوكیان بە بلۆك بۆ دروستكرا.
"خێوەتەكان لادەبرێن و دەبێت لەسەر پێوەری نێودەوڵەتی و لەسەر هەمان شوێنی خۆیان بە بلۆك بنیاتبنرێن، نابێت هیچ ئاوارەیەك زیادەڕۆیی بكاتە سەر زەوی تر، پێشتریش رێنمایی و رێكارەكان دیاریدەكرێن" بەوتەی دیان جەعفەر.
وادەی گۆڕینی خێوەتەكان بۆ بلۆك نادیارە و چاوەڕێی تاوتوێی وردەكارییەكانی لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان و دەزگای خێرخوازی بارزانی دەكەن كە هەردولا سەرپەرشتی كاروباری كەمپی ئاوارەكان دەكەن.
له ههرێمی كوردستان 26 كهمپی ئاوارهیی ههن، كە 16 كەمپیان دەكەونە پارێزگای دهۆك.
بێوار عەبدولعەزیز، لێپرسراوی راگەیاندنی بەرگری شارستانی دهۆك گۆڕینی خێوەتی ئاوارەكان بۆ بلۆك بە هەنگاوێكی باش بۆ رێگریی لە ئاگركەوتنەوە و زیانەكانی دەزانێت، بە (كەركوك ناو)ـیشـی وت "لە هەموو كەمپەكاندا تەنیا سێ ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنەوەمان هەیە، بۆیە پێویستە ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنەوە زیاد بكرێن و ئامادەین هاوكاری فەرمانگەی كۆچیش بكەین بە كردنەوەی خولی هۆشیاری بۆ ئاوارەكان تا بزانن لە روداوی ئاگركەوتنەوەدا چی بكەن".
لە ههرێمی كوردستان، زیاتر له 664 هەزار ئاواره ههن كە سەدا 42ـیان لە پارێزگای دهۆكن و پێشتریش زیاد لە جارێك لەڕێی (كەركوك ناو)ەوە داوایانكردووە خێوەتەكانیان بۆ بلۆك بگۆڕدرێت.
"گۆڕینی خێوەتەكان بۆ بلۆك باشترین چارەسەرە و پێمانوایە سەدا 90ـی روداوەكانی ئاگركەوتنەوە كەمدەكاتەوە" بەوتەی بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ لە دهۆك.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) تائێستا هیچ بڕیارێك لەبارەی چارەنوسی خێوەتی كەمپەكانی هەولێر و سلێمانییەوە نەدراوە.
دیان جەعفەر وتی "زەوی كەمپەكانی ئاوارەیی بەشێكیان موڵكی حكومەتە و بەشێكیان موڵكی جوتیارانن، پێویستە لەگەڵ خاوەنی زەوییەكانیشدا گفتوگۆ بكەین و دوای گەڕانەوەی ئاوارەكانیش بۆ زێدی خۆیان و داخستنی كەمپەكان حكومەت زەوییەكان پاكبكاتەوە".
جگە لە نەینەوا، تەواوی كەمپەكانی دیكەی پارێزگاكانی عیراق داخراون و دانیشتوانەكانیان بۆ زێدی خۆیان گەڕێنراونەتەوە، جگە لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان كە بەپێی لێكتێگەیشتنێك لەگەڵ حكومەتی هەولێر ماونەتەوە و ئاوارەكانیش زۆرینەیان بەپاساوی نەبونی سەقامگیریی ئەمنی و خزمەتگوزاری و وێرانكاریی شەڕ نایانەوێت بگەڕێنەوە.