عیراق هەناردەی نەوتی كەركوك بۆ دوو هێندە زیاد دەكات

كەركوك/ گڕی یه‌كێك له‌ بیره‌ نه‌وتییه‌كانی سەر بە كۆمپانیای نەوتی باكور فۆتۆ: كەركوك ناو

یوسف عەلی – كەركوك

حكومەتی فیدراڵی عیراق، ئامادەكاری دەكات تا توانای هەناردەكردنی نەوت خاو لە كێڵگەكانی كەركوكەوە بۆ بەندەری جیهانی توركیا بكاتە دوو هێندە، ئەوەش بەوتەی زیاد لە سەرچاوەیەكی كۆمپانیای نەوتی باكور.

هاوكات لەگەڵ ئەو ئامادەكارییەدا؛ كۆمپانیایەكی ئیتاڵی لەڕێی جێبەجێكردنی پرۆژەیەكەوە، بەرهەمهێنانی نەوتی لە كێڵگەی جبموری كەركوك دەگەیەنێت بە 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا.

"كۆمپانیای نەوتی باكور ئامادەكاری دەكات تا توانای هەناردەكردن لە 100 هەزار بەرمیلی رۆژانەوە بكات بە 200 هەزار بەرمیلی رۆژانە لەڕێی بۆری نەوتبەری هەرێمی كوردستان بەرەو بەندەری جیهانی توركیا" سەرچاوەكەی ئیدارەی ئەو كۆمپانیایە بۆ (كەركوك ناو) وای وت، كە لەبەر نەبونی مۆڵەتی لێدوان داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە.

هێڵی كەركوك – جەیهان كە لەڕێیەوە كۆمپانیای نەوتی باكور هەناردەی نەوتەكەی لێدەكرد، لە ساڵی 2014 روبەڕوی كردەوەی چەكدارانی داعش بۆوە لە پارێزگای نەینەوا و بەهۆیەوە لەكاركەوت، بۆیە بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بەكاردەهێنن بۆ گواستنەوەی نەوتی كەركوك.

پلانی تەواو دانراوە بۆ زیادكردنی هەناردە

هەناردەی نەوتی خاوی كەركوك بۆ بەندەری جیهان لە مانگی نیسانی 2022ـدا گەیشتۆتە دوو ملیۆن و 991 هەزار و 60 بەرمیل، بە داهاتی زیاتر لە 304 ملیۆن دۆلار، كە تێكڕای هەناردەی رۆژانە نزیكەی 100 هەزار بەرمیلە، ئەوەش زیاترە لە هەناردەی مانگی ئادار كە ملیۆنێك و 448 هەزار بەرمیل بووە.

هەر لە مانگی نیساندا زیاتر لە 299 هەزار بەرمیل نەوتی كەركوك بە تانكەر هەناردەی ئوردن كراوە و داهاتەكەی زیاترە لە 26 ملیۆن دۆلار.

سەرچاوەكەی كۆمپانیای نەوتی باكور رونیكردەوە پلانی تەواو دانراوە بۆ زیادكردنی هەناردە بەڵام چاوەڕێی رێنماییەكانی كۆمپانیای سۆمۆ-ـی سەر بە وەزارەتی نەوتی عیراق دەكەن.

ئێستا توانای بەرهەمهێنانی كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك دەگاتە 325 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، وەك ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، هەرچەندە له‌ ساڵی 2019ـدا، وه‌زاره‌تی نه‌وت پلانێكی ئاشكراكرد تا به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خاوی پارێزگاكە بۆ یه‌ك ملیۆن به‌رمیلی رۆژانه‌ به‌رزبكاته‌وه‌.

nawt-1-1-1-2-1-1-1
كه‌ركوك/ 2014/ كۆمپانیای نه‌وتی باكور كه‌ سه‌رپه‌رشتی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی پارێزگاكە ده‌كات فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

سەرچاوەیەكی بەرپرس لە كێڵگەی نەوتی جمبور بە (كەركوك ناو)ـی وت "كۆمپانیایەكی ئیتاڵی تایبەتمەند لە بواری پیشەسازی نەوت توانیویانە پرۆژەیەك بۆ چارەسەری نەوتی خاوی كێڵگەكە و پاڵاوتنی لە ئاستێكی كوالێتی بەرزدا جێبەجێبكەن".

هەروەها ئاماژەی بەوەدا بەهۆی ئەو پرۆژەیەوە توانای بەرهەمهێنانی كێڵگەی جمبور دەگاتە 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، "ئەوەش بە گەورەترین پرۆژە دادەنرێت لە چەندین ساڵی رابردودا و رۆڵی لە فراوانكردنی سنوری كاركردن لەو كێڵگەیەدا دەبێت".

هەناردەی نەوتی كەركوك بۆ توركیا لە شوباتی ئەمساڵدا زیاتر لە ملیۆنێك بەرمیل كەمیكرد و دابەزی بۆ یەك ملیۆن و 475 هه‌زار و 345 به‌رمیل، لەكاتێكدا هەناردەكردنی مانگی كانونی دوەمی هەمان ساڵ زیاتر لە دوو ملیۆن و 545 هەزار بەرمیل بوو.

سەرچاوەكەی كێڵگەی نەوتی جمبور دەڵێت پرۆژەی كۆمپانیا ئیتاڵییەكە بۆ دەركردنی خوێیە لە نەوتی خاو، ئەوەش بە چەند قۆناغێكدا تێدەپەڕێت و لە ئەنجامدا نەوتی كوالێتی باش بەرهەمدەهێنرێت.

كێڵگەی نەوتی جمبور دەكەوێتە باشورى كەركوك، 77 بیرە نەوتی لە خۆدەگرێت و لە ساڵی 1959ـەوە بەرهەمهێنانی تیادا دەكرێت.

وەزارەتی نەوت دەتوانێت نەوتی خاوی پاك و كوالێتی بەرز بخاتە بازاڕەوە و داهاتی باشتر بەدەستبهێنێت

حامد سادق، پسپۆڕی ئابوری بە (كەركوك ناو)ـی وت "جێبەجێكردنی پرۆژەی چارەسەری نەوتی خاوی كێڵگەكانی كەركوك رۆڵی گەورەی لە كەمكردنەوەی رێژەی خوێ لە نەوتی بەرهەمهێنراوی كێڵگەی جمبوردا هەیە كە ئێستا رۆژانە 36 هەزار بەرمیل بەرهەمدەهێنێت"، پێشیوایە لەڕێی ئەو چارەسەرەوە وەزارەتی نەوت دەتوانێت نەوتی خاوی پاك و كوالێتی بەرز بخاتە بازاڕەوە و داهاتی باشتر بەدەستبهێنێت.

له‌ ته‌مموزی 2017ـەوه‌ تا مانگه‌كانی سه‌ره‌تای 2019، هه‌نارده‌ی نه‌وتی پێنج كێڵگه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كه‌ركوك راوەستابوو، به‌هۆی ئاڵۆزییه‌كانی سنوره‌كه‌ و ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستانه‌وه لە ئەنجامی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان، كە دواتر هێزە كوردییەكانی ناچاركرد لە ناوچەكانی جێناكۆك لە نێویاندا لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك پاشەكشێ بكەن.

لە سنوری پارێزگای كەركوك هەریەك لە كێڵگە نەوتییەكانی ئاڤانا ‌و بای حەسەن لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بوون، به‌ڵام ئێستا لەگەڵ كیڵگە نەوتییەكانی قوبەی بابا ‌و جمبور ‌و خەبازە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی عیراقیدان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT