لەوەی لە دەستی داعش رزگاری بووە، هەموو ساڵێك یەكەمی خوێندنگەكەیەتی، بۆیە سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ ستایشكردنی بە تایبەتی بانگهێشتی دەكات.
حاجم خەیری، لە پۆلیی پێنجی سەرەتاییە و دوای وەرگرتنەوەی دەرەنجامی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ، جارێكیتر توانی ببێتە یەكەمی خوێندنگەی وەلیدی تێكەڵاو لە شنگال.
"رۆژانە دەمخوێند و باوكیشم هاندەر و هاوكارم بوو، زۆریش حەزم بە وانەی عەرەبی هەیە" حاجم (11 ساڵ) وای وت.
ئەو لە 3ـی ئابی 2014ـدا تەمەنی سێ ساڵ بووە كاتێك لەگەڵ چەندین كەسی دیكەی خێزان و بنەماڵەكەیدا كەوتۆتە دەستی چەكدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام – داعش"، تا لە 21ـی ئاداری 2017 لەگەڵ براكەیدا پێكەوە رزگاركراون.
خەیری عەبدوڵا، باوكی حاجم بە (كەركوك ناو)ـی وت "لە 29 كەسی خانەوادەكەمان تائێستا 18 كەسیان رزگاربون، لە نێویاندا هاوسەر و منداڵەكانم، دوای رزگاربونیشی حاجم هەمان ساڵ لە خوێندنگەیەكی عەرەبی دەرەوەی كەمپ خوێندنی پۆلی یەكیی سەرەتایی دەستپێكرد".
خێزانی حاجم لە دەرەوەی كەمپ و لە گوندی خێراڤای كۆن لە قەزای سێمێل-ـی دهۆك نیشتەجێ دەبن، لەوێ پۆلی یەك تا سێی سەرەتایی بە یەكەمی دەبڕێت، تا لە ئەیلولی 2020ـدا دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان لە گوندی تل بەناتی كۆن لە باشوری خۆرهەڵاتی شنگال، لەوێش پۆلی چوار و پێنج بە یەكەمی تەواو دەكات.
لە بەغدا، 26ـی ئایاری 2022 مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق پێشوازی لە حاجم و باوكی و براكەی دەكات، دوای ئەوەی هەواڵی یەكەمبونی پێدەگات.
"هیچ داوایەكەم لەسەرۆك وەزیران نەكرد، ئەو پرسیاری دەربارەی ئەوكاتە كرد كە لەژێر دەستی داعش بوم، دواتر دەربارەی خوێندن و یەكەمبونم قسەمان كرد" حاجم وادەڵێت.
نوسینگەی كازمی لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت حاجم یەكێكە لەو منداڵانەی ناچاركراون ببنە بەشێك لە "نەوەكانی داعش"، كە گروپێكی چەكداریی پێكهێنراو لە منداڵان بون، بەڵام "توانی رفاندنەكەی بگۆڕێت بۆ چیرۆكێكی گەورەی سەركەوتن".
منداڵانی رزگاربوی ئێزیدی له ژێر دهستی داعش، لهگهڵ گهڕانهوهیاندا بۆ كهمپ و زێدی خۆیان، هەندێكیان خراونەتەوە بهر خوێندنی ئایینی، بۆ نههێشتنی كاریگهری بیری توندڕەویی و گهڕانهوه بۆ ئایینی ئێزیدی.
"نیو كاتژمێر لەگەڵ كازمی دانیشتین، كۆمەڵێك داواكاریشمان ئاڕاستەی سەرۆك وەزیران كرد لە نێویاندا هەڵدانەوەی گۆڕی بە كۆمەڵی قوربانیانی دەستی داعش، ئاوەدانكردنی شنگال و پرۆژەی خزمەتگوزاری، هەر لەو دانیشتنەدا بڕی 500 هەزار دیناری بە حاجم بەخشی و بەڵێنیدا پەیكەرێكی بۆ دروستبكات" بەوتەی باوكی حاجم.
لە هێرشەكانی داعش بۆ سەر هاوڵاتیانی ئێزیدی لە شنگال و دەشتی نەینەوا، زیاتر لە هەزار كەس كوژران، لە نێویاندا منداڵ هەبون، جگە لە رفاندنی شەش هەزار هاوڵاتی كە لەو ژمارەیە نزیكەی دوو هەزار منداڵ رزگاركراون و تائێستاش لە كۆی رفێنراون نزیكەی سێ هەزار كەس بێسەروشوێنن.