دوو منداڵ بە شێلانی ئۆتۆمبێل لە كەركوك و داقوق گیانیانلەدەستدا و پێنجی تر برینداربون.
كاتژمێر 7:30 خولەكی شەوی رابردوو ئۆتۆمبێلێكی جۆری بی ئێم دەبلیو، لە گەڕەكی گوڵانی قەزای داقوق شەش كەس دەشێلێت كە پێنجیان منداڵن و بەهۆیەوە منداڵێكی هەشت ساڵ گیانیلەدەستدا و پێنجەكەی تر برینداربون.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای کەرکوك، شەوی رابردوو بڵاویكردەوە كە هۆكاری روداوەكە بەهۆی "خێراییەکی زۆر و بێباکی شۆفێرەكەوە بووە، كە وایكردووە ئۆتۆمبێلەكە لە دەستی وەریبگرێت و لەسەر رێگای سەرەكی لابدات و شەش كەس بشێلێت، بەداخەوە یەكێك لە منداڵەكان گیانیلەدەستدا".
ئەو منداڵەی گیانیلدەستداوە تاقانەیە و شۆفێرەكەش هەر دوێنێ یەكشەممە 29ی ئایار لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراوە.
یەكێك لە منداڵە بریندارەكان بەناوی یوسف، لە نەخۆشخانە بە (كەركوك ناو)ی وت "كاتێكمانزانی ئۆتۆمبێلەكە لە پشتی دام، ئێمە پێنج منداڵ بوین، لەگەڵ كەسێك كە عارەبانەیەیك پێبوو سەمونی دەفرۆشت ئەویش برینداربوو، یەكێك لە منداڵەكان مرد، ئەو تاقانەبوو".
یەكێك لە منداڵە بریندارەكانی روداوەكەی داقوق بەناوی یوسف. ڤیدیۆ: تایبەت بە كەركوك ناو
لە روداوێكی تردا، كاتژمێر 9ی شەوی رابردوو، ئۆتۆمبێلێك منداڵێكی دوو ساڵ دەشێلێت و هەڵدێت. منداڵەكە بەر لە گەیشتنی بۆ نەخۆشخانە گیانلەدەستدەدات.
بەپێی وتەی كەسوكاری منداڵەكە، شۆفێرەكە "هەرزەكار بووە و لە كامێرای چاودێرییەوە دەركەوتووە، بەڵام هێشتا دەستگیرنەكراوە".
هاتوچۆی كەركوك، شەوی رابردوو داوای لە شۆفێران كرد پەیڕەوی رێنماییەكانی هاتوچۆ بكەن و خۆیان لە تیژڕەوی بەدوربگرن و بەخێراییەكی دیاریكراو لێبخوڕن، ئەوەش لە پێناو پاراستنی سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان.