بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركوك، رایدەگەیەنێت كە پلانیان داناوە پشتوێنەی سەوزایی بە چواردەوری كەركوكدا دروستبكەن بە ئامانجی رێگریكردن لە كاریگەرییەكانی خۆڵبارین، بۆ ئەو مەبەستەش جەختیكردەوە لە داواكردنی بڕی 3.5 ملیار دینار.
زوهیر عەلی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکوک، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "بڕیارماندا بۆ رێگریكردن لە خۆڵبارین و كاریگەری بۆ سەر شارەكە، پشتوێنەی سەوزایی دروستبكەین، پشتێنەكە بەپێی پلانەكە درێژییەكەی لە باشوری خۆرئاوای كەركوكەوە درێژدەبێتەوە بۆ باشوری خۆرهەڵاتی شارەكە بە چواردەوری رێگای بازنەیی كەركوك (حەولی)، پانییەكەشی 30 تا 40 مەتر دەبێت، چوار تا پێنج درەخت لەباری پانی دەچێنرێت".
"ئەركی ئێمە وەكو كشتوكاڵی كەركوك ئەوەیە، زەوییەكە دیاریبكەین و درەختەكان دەستنیشان بكەین و بیانچێنین، ئەركی ئیدارەی كەركوكیش دابینكردنی بودجەیە، بۆ ئەو مەبەستە داوای 3.5 ملیار كراوە و رەزامەندیشی لەسەر دراوە، ئەوەی ماوەتەوە بڕیاری جێبەجێكردنییەتی لەلایەن ئیدارەی كەركوكەوە"، زوهیر عەلی وایوت.
داوای 3.5 ملیار كراوە و رەزامەندیشی لەسەر دراوە، ئەوەی ماوەتەوە بڕیاری جێبەجێكردنییەتی لەلایەن ئیدارەی كەركوكەوە
پلانەكە دەگەڕێتەوە بۆ پێش ئەو دوو شەپۆلە خۆڵبارینەی كە لە بەهاری ئەمساڵدا تەواوی عیراقی گرتەوە و بەهۆیەوە تەنیا لە شەپۆلی یەكەمدا لە 17ی ئایار زیاتر لە 700 كەس بەهۆی تەنگەنەفەسییەوە لە كەركوك رەوانەی نەخۆشخانە كران و چەند رۆژێك پشوی فەرمی راگەیەنرا.
بەڵام بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركوك، جەختیكردەوە لەوەی خۆڵبارینەكە پلانەكەی خێراتر كردووە و وتی "ئامانجی سەرەكی پشتوێنەی سەوزایی، ئەوەیە، رێگریی لە خۆڵبارین بۆ ناو شاری كەركوك بكەین و كاریگەرییەكانی بۆ سەر شارەكە و هاوڵاتیان كەمبكەینەوە".
زوهیر عەلی زیاتر وتی "دوای تەواوكردنی پڕۆژەكە هەردوو بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی و شارەوانییەکان سەرپەرشتی و چاودێری دەکەن".
وتیشی "ئەو نەمامانە دەچێنین كە بەرگری بكات لە بەرامبەر كەمئاوی، گەرما و تەپوتۆز و هاوڕێی ژینگەی ناوچەكە بێت".
ئەوەش لەكاتێكدایە لە ساڵی 2014دا عەبدولكەریم حەسەن، سەرۆكی ئەوكاتی شارەوانی كەركوك، بەڵێنیدا بە دروستكردنی پشتوێنی سەوزایی بە دەوری پارێزگاکەدا بە مەبەستی گلدانەوەی تۆز و خۆڵ، بەڵام بەڵێنەكە جێبەجێنەكرا.
رێژەی سەوزایی لە پارێزگای كەركوك لە 2% تێپەڕناكات، ئەوەش بەپێی ئاماری فەرمانگەكانی كەركوك كە لە ساڵی رابردودا (كەركوك ناو) بڵاویكردەوە.
فەرەیدون عادل، سەرۆكی شارەوانی كەركوك پێشتر رایگەیاند كە كێشەی گەورەی ئەوان لە زیادكردنی رێژەی سەوزایی و تەنانەت خزمەتكردنی باخچەكان، ئەوەیە ئاوی پێویست نییە بۆ ئاودانیان و ژمارەی كارمەندەكانیشیان زۆر كەمە.