دادگای تاوانەكانی كەركوك، بە غیابی بڕیاری شەش ساڵ زیندانیكردنی بۆ رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی پێشوی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و راوێژكاری ئێستای سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەركرد.
بڕیارەكە لە 17ی ئایار دراوە، ئەوەش لەسەر سكاڵای داواكاری گشتی لە دژی رێبوار فایەق تاڵەبانی.
لە خاڵێكی بڕیارەكەدا هاتووە "دادگا بڕیاریدا بە زیندانیكردنی كاتی بۆ ماوەی شەش ساڵ بۆ تاوانباری هەڵهاتوو، ئەوەش بەپێی ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عیراقی و دەركردنی فەرمانی دەستگیركردن و ئاگاداركردنەوەی بەو سزایەی بەرامبەری دەركراوە، تا خۆی رادەستی دادگا یان نزیكترین بنكەی پۆلیس بكات و تانە لە بڕیارەكە بدات".
هەروەها دادگا، لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئاگاداركردۆتەوە بە قەدەغەی گەشتكردنی ناوبراو بۆ دەرەوەی عیراق و پشتگیری دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و سامانی گواستراوە و نەگواستراوەی.
گەشتی لێ قەدەغە دەكرێت و دەستبەسەر ماڵ و سامانیدا دەگیرێت
لە بڕیارەكەدا جگە لە ئاماژەدان بە ماددەی 340 كە ناوبراوی پێ سزادراوە، هیچ ئاماژەیەك بە هۆكاری بڕیارەكە نەكراوە.
بهپێی ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عیراقی، هەر فەرمانبەرێك یان هەر راسپێردراوێك بە خزمەتی گشتی بە ئەنقەست زیان بە سامان و بەرژەوەندی ئەو شوێنە بگەیەنێت كە كاری تیا دەكات ئەوە سزادەدرێت بە زیندانی بۆ ماوەیەك لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە، دەستەی نەزاهەی عیراق لە 19ی حوزەیرانی 2021، بڕیاری دەستگیركردنی بۆ ناوبراو و دوو ئەندامی تری ئەندامی ئەنجومەنی هەڵوەشاوەی پارێزگای كەركوك دەركرد. ئەوەش بە تۆمەتی رادەستنەكردنەوەی ئۆتۆمبێل، كەلوپەل و پێداویستییەكانی دەوڵەت و دەستبەسەراگرتنیان هەر بەپێی ماددەی 340ی یاسای سزادانی عیراقی.
ئۆتۆمبێلەكانی رادەستنەكردۆتەوە
بەپێی راگەیەنراوەكەی ئەوكاتی دەستەی نەزاهە، تاڵەبانی و دوو كەسەكەی تر ئەستۆپاكییان نەكردووە و ئامادەنەبون بە رادەستكردنەوەی ئەو كەلوپەل و پێداویستییانەی دەوڵەت كە لایەنە، لەوانەش ئۆتۆمبێل، پێداویستییەكانی نوسینگە.
رێبوار تاڵەبانی، لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو)، ئەمڕۆ سێشەممە 31ی ئایار لەبارەی بڕیاركەی دادگا، وتی "ئاگام لە هیچ نییە و هیچ پسولەیەكی ئاگاداركردنەوەیەكی دادگام بۆ نەهاتووە، ئەوە لە ئێوەوە بیبستم".