بنكەیەك كە خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ پێنج گوندی سنوری نێوان هەردوو قەزای كفری و دوزخورماتوو دابیندەكرد، نزیكەی 10 ساڵە بە تەواوی داخراوە، گوندنشینان دەبێت بۆ چارەسەر بچنە شارەكان.
لە ساڵی 2005 حكومەتی هەرێمی كوردستان، بنكەیەكی تەندروستی لە گوندی قومپەڵك سەر بە ناحیەی زنانە لە قەزای دوزخورماتوو كردەوە، كە لەڕوی كارگێڕییەوە سەر بە ئیدارەی گەرمیانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بەڵام لە ساڵی 2013ەوە بنكەكە بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گەرمیان داخراوە.
هەڵكەوت محەمەد، دانیشتوی گوندەكە، وتی "كردنەوەی بنكەكە بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو، شەو و رۆژ كراوە بوو، رزگاری كردین لەوەی بۆ هەر نەخۆشییەك رێگایەكی زۆر ببڕین، بەتایبەت بۆ نەخۆشی كتوپڕ و ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بەوە هەبوو زوو چارەسەر وەربگرن، بەڵام بەداخەوە بنكەكەیان داخست، لەكاتێكدا خەڵكی چوار گوندی تریش هەر لەم بنكەیە چارەسەریان وەردەگرت".
بنكەكەیان داخست، لەكاتێكدا خەڵكی پێنج گوند لەم بنكەیە چارەسەریان وەردەگرت
بنكەكە لە ساڵی 2005دا كرایەوە، ئەو گوندە ئەوكات 50 خێزانی لێبوو، ئێستا 15 خێزانیان ماون و ئەوانی تر چۆڵیانكردووە، چوار گوندی تر كە دەیان خێزان تیایدا دەژین هەر لەو بنكە تەندروستییە چارەسەریان وەردەگرت.
ئەو گوندە دەكەوێتە ناوچەكانی جێناكۆك كە هێشتا خاوەندارێتیان بەپێی دەستوری عیراق لە نێوان هەردوو حكومەتی ناوەند و حكومەتی هەرێمی كرودستان یەكلایینەكراونەتەوە.
"ئێستا بۆ حەبێکى ژانەسەر و هەڵامەتێك دەبێت بچینە نەخۆشخانەكانی شار"، هەڵكەوت محەمەد وایوت.
بۆ حەبێکى ژانەسەر و هەڵامەتێك دەبێت بچینە نەخۆشخانەكانی شار
بنكەكە بەپێی وتەی خەڵكی ناوچەكە، پێداویستی پزیشكی زۆر باشی لێبووە، لەگەڵ پزیشك و كارمەندی تەندروستی پێویست و 24 كاتژمێر كراوە بووە بەڕوی گوندنشیناندا.
هەڵكەوت وتی "لەوكاتەی بنكەكە نەماوە، چەندینجار بە نیوەی شەو كە ناوچەكەش لەڕوی ئەمنییەوە ئارام نییە نەخۆشمان گەیاندۆتە قەزای دوزخورماتوو"، زیاتر وتی "لەم رۆژانەدا نەخۆشێكی پەلەمان گەیاندە دوزخورماتوو، پزیشكەكە وتی ئەم نەخۆشە لەكوێ ژیاوە، دەبوو زوتر چارەسەری وەربگرتایە درەنگ هێناوتانە بۆ نەخۆشخانە، وتمان رێگاكە دوربوو".
دوزخورماتوو سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین بە ئۆتۆمبێل نزیكەی نیو كاتژمێر لەو گوندانەوە دورە.
"داوادەكەین دەرگاى بنكە تەندروستییەكە جارێكی تر بەڕوی هاوڵاتیاندا بكرێتەوە"، هەڵكەوت وایوت.
عەباس عەزیز، جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى گەرمیان، لەبارەی داخستنی ئەو بنكەیەوە وتی "لەنێوان ساڵی 2010 تا 2014 سێ بنكەی تەندروستی لە گوندەكان داخراون، لە نێویاندا گوندی قومپەڵك... یەكێك لە هۆكارەكانی داخستنی ئەوەبوو چەند ماڵێكی كەمی تیاماوە". هەرچەندە جەختیكردەوە كە چەند گوندێكی تریش هەر لەوێ چارەسەریان وەردەگرت.
هۆکارێکى تری داخستنى بنکەى تەندروستییەکە وەك عەباس عەزیز وتی "كەمی میلاكاتە لە كەرتی تەندروستی، كارمەندی پێویستمان نییە تا بۆ ئەو بنكانە بیاننێرین".
كارمەندی پێویستمان نییە تا بۆ ئەو بنكانە بیاننێرین
هاوژین عوسمان، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی کوردستان، چوارشەممە 1ی حوزەیران، لە گفتوگۆیەكی كراوەدا كە هەردوو رێكخراوی ئینتەرنیوز و دەزگای (كەركوك ناو)، لە سلێمانی رێكیانخستبوو، وتی "یەكێك لە گەورەترین كێشەكانی تەندروستی لە سنوری پارێزگای سلێمانی كەمی كارمەندی تەندروستییە"، جەختیكردەوە "12 هەزار دەرچوی بەشە پزیشكییەكان لە پارێزگای سلێمانی هەیە و حكومەتی هەرێم داینەمەزراندون، لەكاتێكدا لە هەموو یەكە تەندروستییەكان پێویستمان بە خەڵكە".
جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى گەرمیان، وتی "لەوكاتەوەی بنكەكە داخراوە، خەڵكی گوندەكان نەهاتون داوای كردنەوەی بكەن".
محەمەد خورشید، ئەنجومەنی گوندی قومپەڵک، وتی "لەئێستادا زیاتر لە جاران پێویستمان بەو بنكەیە هەیە، پەتای كۆرۆنا هەیە و تای خوێنبەربونیش بڵاوبۆتەوە، داوادەكەین هەردوو حكومەتی ناوەند و هەرێمی كوردستان بیرێك لە كردنەوەی ئەو بنكەكەیە بكەنەوە".
كامل جەمیل، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دوزخورماتوو، وتی "لەڕوی كارگێڕییەوە ناوچەكە سەر بە حكومەتی هەرێمە و دەبێت ئەوان بنكەكەیان بۆ بكەنەوە".
عەباس عەزیز، جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى گەرمیان داوایكرد گوندنشینان لەڕێی نوسراوێكی ئەنجومەنی گوندەكانەوە ئەو داواكارییە بەرزبكەنەوە.
"ئەو خەڵکە حەقی خۆیانە و شایستەن بۆ ئەوەی بنکەکەیان بۆ بکرێتەوە، لەمكاتەشدا زۆر پێویستە ئەو بنكەیە هەبێت".