چوار ئەندامی ئەنجومەنی هەڵوەشاوەی پارێزگای كەركوك، هەریەكە بە 15 ساڵ زیندانی سزادران، ئەوەش لەلایەن دادگای تاوانەكانی كەركوكەوە.
ئەو چوار ئەندامە كە پێنجشەممە 2ی حوزەیران بڕیارەكەیان بەسەردا دراوە، لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە لە هەولێر دەژین و ئامادەنەبون بەشداریی هیچ كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بكەن بەر لە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنەكە لە كۆتایی 2019 بە بڕیاری پەرلەمانی عیراق.
بڕیارەكەی دادگا كە كۆپییەكی لای (كەركوك ناو)ە، تیایدا هیچ ئاماژەیەكی بە تاوانەكانیان نەكردووە، بەڵام جەختیكردۆتەوە كە بڕیارەكە بە ماددەی 316ی یاسای سزادانی عیراقی دراوە. لەگەڵ چەند ماددەیەكی تری هەمان یاسا.
بەپێی ماددەی 316، هەر فەرمانبەرێکی حکومی یان هەر کەسێک کە بۆ خزمەتێکی گشتی راسپێردراوە، ئەگەر پێگەی خۆی بقۆزێتەوە و بە شێوەیەکی نایاسایی دەستبەسەر پارە یان کەلوپەلێكدا بگرێت كە خاوەندارێتی بۆ كەسێكی تر یان دەوڵەت، یان دامەزراوەكان دەگەڕێتەوە، ئەوە بە زیندانكردن سزادەدرێت.
ئەو چوار ئەندامە، پێكهاتون لە پەروین محەمەد (كورد)، عرفان كەركوكلی (توركمان)، ریاز محەمەد (عەرەب)، ئەدوارد ئەوراهان ئەدیشۆ (كریستیان). هەر چواریان سەر بە لیستی برایەتی كەركوكن، ئەو لیستە یەكێتی و پارتی سەرۆكایەتیان دەكرد و تێكەڵەیەك بوو لە ئەندامانی نەتەوەكانی كەركوك.
عرفان كەركوكلی، كە لەدوای گەڕانەوەی هێزە عیراقییەكان كەركوكی بەرەو هەولێر بەجێهێشتووە و لە 2017ەوە بەشداریی هیچ كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكی نەكرد تا هەڵوەشاندنەوەی، بە (كەركوك ناو)ی وت "بڕیارەكەی دادگا تەواو سیاسییە، ئامانجیان تەنیا ئەوەیە بۆ كەركوكمان بگەڕێننەوە، ئەمەش خەونێکە، چونکە ئامادەنین ملکەچی ئەوان بین و لەو شارە پێشێلكاریی ئەمنی و سیاسی دەكرێت".
كەركوكلی نیگەرانی خۆی نیشانداو وتی "چەند جارێك یاداشتم ئاراستەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق كردووە، سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی ماڵەكەم لە كەركوك و ماڵی كوڕەكەشم، هەروەها دەستیان بەسەر كەلوپەلی ماڵەكەمدا گرتووە، لەكاتێكدا دەیانزانی ئەو خانوانە هی ئێمەن، بەڵام حكومەتی عیراق نەیتوانی یەك وشە لەسەر داواكارییەكانمان بڵێت".
بڕیارەكەی دادگا ئەو چوار ئەندامە بە تۆمەتباری هەڵاتوو ناودەبات و بە غیابی حوكمیداون، تیایدا قەدەغەی گەشتكردنی خستونەتە سەر.
كەركوكلی وتی "ئێمە ناگەڕێینەوە بۆ كەركوك، ئەو شارە شایەتی پێشێلكاریی ئەمنی و سیاسییە".
ئەم بڕیارە دوای چەند ڕۆژێک دێت لە دەرکردنی سزای زیندانیکردن بەسەر رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی پێشوی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ شەش ساڵ، كە ئەویش بە تاوانباری هەڵاتوو ناوبرا.
تەواوی ئەندامانی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، ئەوانەشی كە نزیكبون لەو حزبەوە لەوانەش ئەو پێنج ئەندامەی لەم مانگەدا سزادراون، لە هەولێر دەژین و مانگانەش موچەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیان وەردەگرت، تا هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنەكە لە كۆتایی 2019 بە بڕیاری پەرلەمانی عیراق.