"بەزوترین كات هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكرێت"
چالاكوانانی كەركوك، پێشنیار و نیگەرانییەكانیان بە پلاسخارت وت

كەركوك" 2ی حوزەیرانی 2022/ دیمەنێك لە گفتوگۆی جێنین هێنیس-پلاسخارت، سەرۆکی نێردەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق لەگەڵ كۆمەڵێك گەنج و چالاكوانی كەركوك. فۆتۆ: UNAMI

كەركوك ناو

چالاكوانانی كەركوك نیگەرانییەكانی شارەكەیان گەیاندە جێنین هێنیس-پلاسخارت، سەرۆکی نێردەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق، لە نێویاندا پرسی نەبونی چاودێری بەسەر كارەكانی ئیدارەی كەركوك، سازكردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، لەگەڵ مافی مرۆڤ و پرسی ژینگە.

ئەو نیگەرانیانە لە كۆبۆنەوەیەكدا هات كە 2ی حوزەیران لە بینای ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەڕێوەچوو، ئەوەش دوابەدوای كۆبونەوەی پلاسخارت لەگەڵ راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت و لێپرسراوانی ئیدارەی شارەكە.

ئیسماعیل مەجید، بەڕێوەبەری دامەزراوەی کۆکار بۆ گەشەپێدانی بەردەوام و بەشداربوی كۆبونەوەكە، وتی "باسی پرسی خزمەتگوزاریمان كرد، هەروەها مافی مرۆڤ و گرنگی بەشداریی كارای خەڵك لە بڕیارداندا، من باسی ئەوەمكرد كە گرنگە دەرفەت بدرێت بە كەسانی شارەزا و پسپۆڕ لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان، بەتایبەت لە پرسی ماستەرپلانی شارەکە".

وتیشی "داوامکرد کە بەزوترین کات کار بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکرێت، چونکە ئەنجومەن تاکە پردی گەیاندنی خەڵکە بە حکومەت، بە تایبەت لە کەرکوک، چونکە جۆرە دورکەوتنەوەیەک لەنێوان هاوڵاتیی و حکومەت دروستبووە، ئەمەش بەهۆی غیابی ئەنجومەنی پارێزگاوەیە".

داوامکرد کە بەزوترین کات کار بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکرێت، چونکە ئەنجومەن تاکە پردی گەیاندنی خەڵکە بە حکومەت

لە ساڵی 2005ەوە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە شاری كەركوك نەكراوە، ئەوەش لەكاتێكدایە ئەو ئەنجومەنە لە كۆتایی 2019ەوە بە بڕیاری پەرلەمانی عیراق هەڵوەشاوەتەوە.

ئیسماعیل لە كۆبونەوەكەدا جەختیكردۆتەوە لەوەی نەبونی پەیوەندی لە نێوان خەڵك و حكومەت، هۆكار بووە بۆ ئەوەی خەڵك پەنا بۆ خۆپیشاندان ببات.

رۆژێك بەر لە كۆبونەوەكە سێ خۆپیشاندانی جیاواز لە كەركوك بۆ دامەزراندن، خزمەتگوزاریی و دەرفەتی كار بەڕێوەچوو، بەهۆیەوە بۆ چەند كاتژمێر هاتوچۆ لە نێوان هەولێر و كەركوك پەكخرا.

هەروەها وتی "باسی پرسی ژینگە و زیادبونی نەخۆشییەكانی شێرپەنجەم كرد"، ئیسماعیل وایوت.

پلاسخارت لە كۆبونەوەكەدا خۆشحاڵی خۆی بەوە دەربڕیوە كە زۆرترینی ئامادەبووان لە رەگەزی مێن، هەروەها وتویەتی "پێویستە ئافرەتان رۆڵی زیاتریان هەبێت لە كۆمەڵگەدا و بەشداری کارایان هەبێت لە ناوەندەکانی بڕیارداندا".

پێویستە ئافرەتان رۆڵی زیاتریان هەبێت لە كۆمەڵگەدا و بەشداری کارایان هەبێت لە ناوەندەکانی بڕیارداندا

ئیسماعیل وتی "پلاسخارت داوای لە بەشداربووان و چالاكوانانی كەركوك كردووە بەردەوامبن لە خزمەتكردنی كەركوك، پەرە بە پاراستنی چەمكی دیموكراسی بدەن". چالاكوانەكانیش داوایانكردووە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق لە بەرنامەی کارەكانیاندا گرنگی بە لایەنی کەلتور و مێژوی شاری کەرکوک بدەن. لەوانەش نۆەژنكردنەوەی قەڵاو شوێنەواری مێژویی قشڵەی شارەكە.

لە كۆبونەوەكەدا چالاكوانان و گەنجانی هەر چوار نەتەوەی شارەكە بەشداربون.

سارا حیکمەت ئیسحاق، چالاکوانی مەدەنی لە پێکهاتەی كریستیانی و بەشداربویەكی كۆبونەوەكە، وتی "گفتوگۆكە كراوە بوو، بەشداربووان ئازادبون لەسەر چ تەوەرێك قسە بكەن و پلاسخارت زیاتر تەنیا گوێی لێدەگرتن، پرسی ئیشكردنی منداڵان و مافی منداڵان تەوەرێكی تری كۆبونەوەك بوو... پێمانوت كە یەكێك لە گەورەترین كێشەكانی عیراق پرسی كاركردنی منداڵانە".

"پلاسخارت هیچ جۆرە راسپاردەیەکی دیاریکراوی نەبوو"، سارا حیكمەت وایوت.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT